ئەو پراکتیزە پەروەردەییانەی کە سەرنجیان لەسەر گروپێکی دیاریکراوی خوێندکارانە، بەتایبەتی ئەوانەی نمرەی بەرز بەدەستدەهێنن، بابەتێکی مشتومڕاوییە. لە کاتێکدا هاندانی ئەرێنی ئەکادیمی گرنگە، بەڵام پشتگوێخستنی خوێندکارانی دیکە، بە تایبەت ئەوانەی لەبەر هۆکاری ناخودی دەرنەچوون، یان نمرەی کەمیان هێناوە، کاریگەریی نەرێنی زۆر گەورە دەکاتە سەر دەروونیان و لێکەوتەی زۆر خراپی دەبێت. بەداخەوە بێ ئاگا لە هەستی زۆرینەی خوێندکاران ساڵانە و لە دوای تاقیکردنەوەکان و بەتایبەت پۆلی دوانزدە، زیادەڕۆیەکی زۆر لە رادەبەدەر دەکرێت، بەتایبەت ئەوانەی شانسی ئەوەیان هەیە ببنە ترێندی راگەیاندن و سۆشیال میدیا، گەرچی وەزارەتی پەروەردەش بە بڕیارێک هەموو جۆرە ئاهەنگ و پیاهەڵدانێکی بۆ ئەو مەبەستە راگرت، بەڵام بەداخەوە ئەم کەلتورە بەشێوەیەک چەسپیووە کات و ماوەی دەوێت بگەینە ئەو ئاستەی ئەم بابەتە بە شتێکی خودی وەربگرین و زیادەڕۆیی تێدا نەکرێت، چونکە لەچەند روویەکەوە کاریگەریی نەرێنی دروست دەکەن، لەوانە:
کاریگەرییە دەروونییەکان
یەکەم: بێزاری و کەمتەرخەمی، ئەو خوێندکارانەی نمرەی بەرز بەدەست ناهێنن، هەست بە بێزاری دەکەن یان دوور نییە هەست بە شکستخواردوویی بکەن. ئەم هەستە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕوابەخۆبوونیان و زیادبوونی دڵەڕاوکێیان دەبێت.
دووەم: گۆشەگیری و پاشەکشەی کۆمەڵایەتی، خوێندکارە پشتگوێخراوەکان بەهۆی کەمی نمرەیانەوە دووچاری پاشەکشەی کۆمەڵایەتی دەبن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان و توانای کارلێککردنیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەبێت.
سێیەم: پەرەپێدانی دیدگای نەرێنی بۆ پەروەردە، ئەگەر خوێندکار هەست بکات هەوڵەکانیان ون ونادیارە تەنیا لەبەرئەوەی ئاستی بەرزیان نەهێناوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر تێڕوانیان بۆ سیستمی پەروەردەیی دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی پاڵنەر بۆ فێربوون.
چوارەم: هەڵاواردن و جیاکاریی، زیادەڕۆییکردن لە گرنگیدان بە خوێندکارانی دەستکەوتی ئاست بەرز، هەستی جیاکاری دروست دەکات، لەکاتێکدا جیاکاریی پێچەوانەی پەروەردەی گشتگیرە و رێگە پێدراو نییە، چونکە خوێندکارانی تر هەست بە (بەهایەکی کەمتر) دەکەن. ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بینینی خۆیان و توانای بەدەستهێنانی سەرکەوتنیان هەبێت لە داهاتوودا.
کاریگەرییەکان لەسەر فێربوون
یەکەم: کاریگەریی لەسەر دەستکەوتی ئەکادیمی، ئەو خوێندکارانەی کە پشتگوێ دەخرێن، رەنگە بەهۆی نەبوونی پشتیوانی و رێنمایی، تووشی دابەزینی دەستکەوتی ئەکادیمی ببن. لەوانەیە هەست بکەن کە ناتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئەدای کارکردنیان دەبێت لە قوتابخانە.
دووەم: زیادبوونی وازهێنان، ئەو خوێندکارانەی هەست بە پشتگوێخستن دەکەن، لەوانەیە بیر لە وازهێنان لە خوێندن بکەنەوە، یان کەمتر پابەند بن بە فێربوون. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی وازهێنان لە خوێندن.
سێیەم: کاریگەریی لەسەر ژینگەی فێربوون، گرنگیدان بە چەند خوێندکارێک دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگەی گشتی پۆل هەبێت. دەشێت خوێندکارانی دیکە هەست بە پشتگوێخستن بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی هاوکاری و بەشداریکردن.
چوارەم: کاریگەریی لەسەر مامۆستایان، مامۆستایانیش بە رەچاوکردنی تەنها ئاستی بەرزی خوێندکاران کاریگەرییان لەسەر خوێندکارانی تر دەبێت، کەمتر توانای پێشکەشکردنی پشتیوانی هەمەلایەنەیان دەبێت. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ناهاوسەنگی لە ستراتیژیی فێرکردندا.
بۆیە زۆر گرنگە چیدی ئەو کەلتورە بگۆڕدرێت، سەرکەوتنی هەموو خوێندکاران جێگای دڵخۆشین و گرنگیدان بە خوێندکارانی دەستکەوتی بەرز، بەشێکی گرنگی پەروەردەیە، بەڵام دەبێت پشتگیریی بۆ ئەو خوێندکارانەش هەبێت کە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە. دابینکردنی ژینگەیەکی فێرکاریی گشتگیر دەستکەوتی ئەکادیمی باشتر دەکات و تەندروستی دەروونی هەموو خوێندکاران بەرەوپێش دەبات. پێویستە مامۆستایان و کارگێڕان ئاگاداری کاریگەرییەکانی پشتگوێخستنی بەشێک لە خوێندکاران بن و هەوڵبدەن هاوسەنگییەک لە نێوان پشتیوانی و رێنماییکردندا بەدەستبهێنن.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی