ئەگەر بەگوێی مام بکرابایە

12:14 - 2025-07-17
هێرش ئەنوەر محەمەد
43 خوێندراوەتەوە

سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، بەشێکی زانستە و بەشەکەی دیکەشی واقیعبینییە، هەر سەرکردە و سیاسەتمەدارێک ئەگەر ئەم دوو لایەنە بەهەند وەرنەگرێت، سەرکەوتوو نابێت، جا لەم روانگەیەوە ئەگەر تەماشای ئەزموونی مام بکەین، بەتایبەتی ئەو قۆناغەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری وەرگرتبوو، دەبینین چۆن توانی ئەم دوو لایەنە ئاوێزانی یەکتری بکات لەناو پێکهاتە جیاوازەکانی ناوخۆ و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، ئەزموونێکی سەرکەوتووانە پێشکەش بکات، ئەوەتا ئەوانەی کە لەو قۆناغەدا سەروکاریان لەگەڵیدا هەبووە، دان بەو راستییەدا دەنێن و دەڵێن، کاتێک هەر پێکهاتە و گروپێک تووشی هەر گرفت و پێشهاتێک بهاتایە، بۆ کردنەوەی ئەو گرێ کوێرەیە، هانای بۆ دەبرد و ئەویش خۆی وا نیشان دەدا کە بەشێکە لەوان تا گرفتەکەی بۆ چارەسەر دەکردن، بەو جۆرە تا ئەو لەو پۆستەدا بوو تاڕادەیەکی باش توانی هاوسەنگیی لە نێوان گروپ و پێکهاتە جیاوازەکاندا رابگرێت، سەرەڕای هەڕەشەی تیرۆر و پاشماوەکانی رژێمی پێشوو و دەستێوەردانی هەندێ لەوڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. سەبارەت بە دۆخی هەرێمیش، زامنی هاتنی بودجە و مووچە بوو بە رێکوپێکی ئەمەش دۆخێکی پڕ لە سەقامگیری و گەشەکردنی لێکەوتەوە و خەڵکی لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژیان و بەردەوامیش هەرکات کێشە و گیروگرفتیش لەنێوان هەرێم و بەغدا هەبوایە، بە حیکمەت و لێزانی خۆی هەنگاو و چارەسەری پێویستی بۆ دەخستەڕوو، لەسەر دۆسێی نەوت و سامانی سروشتیش بە دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارانی حزبەکەی خۆی و ئەوانی دیکەشی دەوت کە ئەمە سامانێکی نیشتمانییە و دەبێت گەلانی عیراق بە یەکسانی لێی سوودمەند بن و هیچ لایەنێک لە سوودی خۆی بەکاری نەهێنێت، سەبارەت بە بودجە و مووچەش، بە بێ کێشە لەکاتی خۆیدا خەرج دەکرا.
 بۆ بابەتی سەربەخۆییش دەیووت: با لە دنیای خەون و خەیاڵدا نەژین و واقیعییانه بیر لەم بابەتە بکەینەوە و دۆخی ئێستای ئێمە هی ئەوە نییە. 
شێخ بایز تاڵەبانی، لە دەستنووسی یادەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت: جارێک مام پێی راگەیاندم کە یاوەریی بکەم بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کاک مەسعود، منیش سەرم سوڕما لەم داوایە بە حوکمی ئەوەی من ئەندامی مەکتەبی سیاسی نەبووم، بەڵام وتم باشە بەسەرچاو، لەگەڵی چووم لەوێ باسی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عیراق هاتەگۆڕێ و لەوێدا یەکسەر مام گفتوگۆکانی راگرت و وتی  راوەستن با پرسیارێک لە شێخ بایز بکەم، پرسیی ئەرێ بایز ئەگەر ئەو مانگە بەغدا مووچە نەنێرێت، دەتوانن مووچەی مووچەخۆران دابەش بکەن؟ منیش لەوێدا وتم نەوەڵا ناتوانین، ئیتر تێگەیشتم  کە مام بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە و کۆتاییهێنان بەو مشتومڕە منی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ ئەو کۆبوونەوەیە. بۆیە پاش ئەوە مام رووی لە ئامادەبووان کرد و وتی: بەڕێزینە دەوڵەت دروستکردن بە گیرفانی خاڵییەوە ناکرێت، ئەگینا سەربەخۆیی خەون و ئاواتی هەموو کوردێکی بە شەرەفە. هەربۆیەش لەدوای کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، بەگوێ نەکردن و بەهەند وەرنەگرتنی ئامۆژگارییەکانی ئەو وەکو رێبەر و سەرکردەیەکی قاڵبووی ناو کۆڕی خەبات لەبەرچاو نەگیرا، دۆخی هەرێم و خەڵکی بەم رۆژگارە تاڵە گەیشت.

وتارەکانی نوسەر