ئەوەی لەم یادەدا پێویستە بووترێت

01:01 - 2025-05-26
هێرش ئەنوەر محەمەد
139 خوێندراوەتەوە

یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە بە گوێرەی زۆربەی لێکدانەوەکان پڕیشکی ئەو گۆڕانکاریانەش بەر هەرێمی کوردستانیش دەکەوێت، بۆیە پێویستە یەکێتی وەکو هێزێکی خاوەن پێگە و کاریگەر خۆی بۆ هەر پێشهات و گۆڕانکارییەک ئامادە بکات، جگە لەوەش دەست بکات بە هەنگاونان و خۆڕێکخستنەوە لەڕووی ئەدای سیاسی و رێکخراوەیی و تەبەنیکردنی شێوازی نوێی کاری رێکخراوەیی و خۆدەربازکردن لە شێوازە کۆن و چەقبەستووەکانی کاری حزبی، ئەمەش لەڕێگەی پێداچوونەوە بە هەیکەل و رێکخستنەوەی دەزگا و ئۆرگانەکان و ئەو راو سەرنجانەی کە کادران و دڵسۆزان لە دیدارەکان و کەناڵە جیاجیاکانەوە دەیخەنەڕوو، لەبارەی نوێبوونەوە و گۆڕانکارییەوە بەهەند وەربگیرێن و کاریان لەسەر بکرێت و کارگێڕیی زۆن و قەڵەمڕەوی خۆی کە ئێستا خۆی لە دوو پارێزگا و دوو ئیدارەی سەربەخۆ و چەندین قەزا و ناحیە و هەزاران گونددا دەبینێتەوە، باشتر لە پێشووتر ئیدارە بدرێن و هەرجۆرە شپرزەیی و پاشاگەردانییەک هەبێت کۆتایی پێ بهێنرێت و کەسانی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت و دەسەڵاتی تەواویان پێبدرێن و هەمووجۆرە دەستتێوەردان و گێرە شێوێنییەک بەری پێ بگیرێت. 

 

بەدیلی یەکێتی هەر یەکێتییە، بەڵام یەکێتییەکی خاوەن بەرنامەی باشتر و دروستتر لە رابردوو

 

لەڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و گەشەپێدان و وەبەرهێنانەوە، کۆتایی بەو دۆخە چەق بەستووە بهێنرێت کە چەندین ساڵە لەم سنوورەدا هەیە. 
لایەنێکی دیکەش رێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و بوونی هەماهەنگیی گونجاو و دیاریکردنی سنوور و چوارچێوەی کاری هەریەکەیان تا هیچ کامیان لەکاری ئەوی دیکەیان دەستتێوەردان نەکات و پابەندبن بە یاساو رێنماییەکانەوە. 
ئەوەی کە باسکران بەشێکن لەو ئەرک و پێداویستییانەی کە بۆ قۆناغی کاری داهاتووی یەکێتی گرنگ و پێویستن، ئەگەریش وانەکات ئەوە دیسان ئەو متمانەیەی کە ئێستا یەکێتی بە دەستی هێناوەتەوە، بەرەو داکشان دەچێت و بازاڕی هێزە نەیارەکان گەرم دەبێت و دۆخی زۆنەکە و هەرێمیش بەرەو هەڵدێر دەچێت. 
پوختەی قسەش ئەوەیە بەدیلی یەکێتی هەر یەکێتییە، بەڵام یەکێتییەکی خاوەن  بەرنامەی باشتر و دروستتر لە رابردوو.

وتارەکانی نوسەر