هەولێر و دهۆک، خاوەنی دەروازەی سنوورین لەگەڵ هەریەک لە ئێران و تورکیا و سوریا، بەڵام سلێمانی تەنها لەگەڵ یەک وڵاتدا هەیەتی
ماوەیەکە هەندێ بەرپرس و میدیای پارتی، بۆ ئاوەژووکردنەوە و خۆدزینەوە لەو پرسیارەی کە بۆچی حکومەتی هەرێم جیاوازی دەکات لە خزمەتکردنی ناوچەکاندا، دەڵێن ئەوە بە داهاتی ئەو شار و شوێنانە کراوە کە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدان، ئەی بۆچی یەکێتی بەداهاتی ناوخۆی خۆی ناتوانێت خزمەتی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی بکات؟
بێگومان ئەم وەڵام و بەراوردکردنە زۆر نالۆژیکییە لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
-1 داهاتی سنووری سلێمانی کەمترە لە داهاتی هەولێر و دهۆک، چونکە ئەوە شتێکی روونە هەرگیز داهات و باج و خەراجی پارێزگایەک بەراورد ناکرێت بە داهاتی پایتەخت کە لقی سەرەکی زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان و خاوەن سەرمایەکانی لێیە.
-2 هەندێک رێکار و رێنمایی حکومەت و وەزارەتی دارایی کۆمپانیا و خاوەن سەرمایەکانی ناچارکردووە کە باج و سەرمایەکانیان لە بانکەکانی پایتەخت دابنێن و رادەستی بکەن.
-3 هەولێر و دهۆک بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاوە خاوەنی دەروازەی سنوورین لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و ئێران و سوریا، بەڵام سلێمانی تەنها خاوەنی دەروازەی سنوورییە لەگەڵ ئێران، بۆیە هەرگیز داهاتی ئێرە و ئەوێ بەراورد ناکرێت.
-4 حکومەتی دادپەروەر ئەو حکوومەتەیە داهاتی هەموو شار و ناوچەکان کۆبکاتەوە و دواتر بەپێی ژمارەی دانیشتوان و پێویستی خەرجی بکات، چونکە هەندێ شار و ناوچە هەیە هیچ داهاتێکی نییە و هەندێکیش خاوەنی داهاتە، کەی رەوایە شار و ناوچەیەک لەبەرئەوەی داهاتی هەیە، سەدان ملیۆن بۆ ڤیستڤاڵی بێ سوود خەرج بکرێت، بەڵام شار و ناوچەیەکی دیکە لەبەرئەوەی داهاتی نییە نەتوانێ ساڵیادی قوربانیدان و ئەوکارەساتەی بەسەریدا هاتووە بکاتەوە؟ وەکو لە رابردوودا بینیمان.