خەڵکی بەشەرەفی هەولێر هەرگیز ئەوەیان بیرناچێت کە ئێوە چۆن لە رێگەی دەبابەی رژێم و سوپا خوێنمژ و کورد کوژەکەی بەعسەوە، دەسەڵاتتان بەسەر ئەم شارەدا سەپاند
لەدوای ئەوەی یەکێتی توانی ناوماڵی خۆی یەکبخاتەوە و هەوڵ و تواناکانی بخاتەگەڕ بۆ گەڕانەوەی پێگەی شایستەی خۆی، بینیمان چۆن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراقدا توانی سەرکەوتن تۆماربکات و پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێتەوە، ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە رۆحییەتێکی بەهێزەوە دروشمی (کۆتایی پێدەهێنین)ی بەرزکردۆتەوە، بێگومان ئەم گوڕوتینە ئەندامان و دۆستانی یەکێتی خۆشحاڵ کردووە و نەیارانی تووشی شۆک و داڕمان کردووە، لەو نێوەندەدا پارتی و کەسانی یەکەمی حزبەکەیان لەبەرامبەر بانگەشەی بەهێزی یەکێتی و سەرۆکەکەیدا ئارامییان لێهەڵگیراوە و تووشی هیستریا و وڕێنەکردن بوون و کەوتوونەتە وەڵامدانەوەی نالۆژیکییانە. هەر بە نموونەش لە چەند رۆژی رابردوودا، بینیمان مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی بانگەشەی حزبەکەیدا لە هەولێر، لەبری بەڵێندان بە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی شارەکە و لابردنی ئەو زوڵم و ستەمەی لەسەریانە و داخستنی شوێنەکانی خراپەکاری کە ناو و ناوبانگی شارەکەیان ناشیرین کردووە، دەڵێت ئەگەر حوکمی ئەم شارە لەدەست ئێمەدا نەمێنێت، ئەوا سەروماڵی ئێوە پارێزراو نابێت.
ئەم قسە و پروپاگەندەیەش چەند وەڵامێکی مەنتقیانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت:
یەکەم، خەڵکی بەشەرەفی هەولێر هەرگیز ئەوەیان بیرناچێت کە ئێوە چۆن لە رێگەی دەبابەی رژێم و سوپا خوێنمژ و کورد کوژەکەی بەعسەوە، دەسەڵاتتان بەسەر ئەم شارەدا سەپاند.
دووەم، ئێوە لەم شارەدا ئەوەی پێتانکردووە لە داگیرکاری و زەوتکردنی موڵک و ماڵی خەڵک کردووتانە و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە خاوەنە راستەقینەکانیان، نەتانهێشتووە کەمترین سکاڵاش دەرببڕن.
سێیەم، ئەرێ کێ لەپشتی سووتاندنی بازاڕی لەنگەیە و بۆ چ مەبەستێک ساڵ نییە ئەو تراژیدیایە دووبارە نەکەنەوە؟
چوارەم، سەرانەسەندن و خۆکردنە هاوبەشی سەرمایەی سەرمایەداران و ئیفلاس پێهێنانی ئەوانەی کە رازی نەبوون بچنە ژێر باری زۆڵم و ستەمی ئێوەوە.
بۆیە خەڵکی هەولێر ئەمانەیان بیرناچێتەوە و دەزانن کێ خەمخۆر و پارێزەری راستەقینەی سەر و ماڵیانە؟