ئاگاتا کریستی و مارگرێت دۆراس

لە دەرەوەی لۆژیکی ژنبووندا

01:24 - 2025-07-17
پ.ی.د. ماجد خەلیل فەتاح
59 خوێندراوەتەوە

مرۆڤی ئەم سەردەمە، هەمیشە مرۆڤێکی نائارامە و پەلەیەتی، مرۆڤێکی گینسییە، دەیەوێت درێژترین نینۆکی هەبێ و گەرەکییەتی بە بەرزترین لوتکەی شاخدا هەڵزنێ، حەزدەکات لیترێ ویسکی بنێ بە سەرییەوە و چۆڕی لێ ببڕێت و پێیخۆشە لە قاوەخانە قەرەباڵخەکاندا، خۆی بتەقێنێتەوە.
مرۆڤی ئەم سەردەمە پەلەیەتی، بۆی بکرێ هەرچی ترافیکی شارە دەیکات بە سەوز، بۆی بلوێ هەینییەکان لە هەفتەیەکەوە دەکاتە رۆژ نا رۆژێ. گەر لە قەرەی بێت، ئەو شۆفێرە پیرە کەوڵدەکات، کە چاوەڕێیە پاسەکەی پڕبێت ئینجا بڕوات! 
هەمیشە ئەدیب و ئەندێشمەندە مەزنەکانی مرۆڤ، نەقیزەیەک بوون بە دووی ئەسپە سەرشێتەکانی ژینگەی ئەمڕۆوە.بەدرێژایی سەدەی رابردوو، هەموو ئەدیب و ئەندێشمەندەکانی خۆرئاوا، چاوێکیان لەسەر رێگەی لەشکر و پۆلیس و هەواڵگریی و داگیرکاریی و جەنگ بووە. تا شاعیرێک گوڵێکی لاواندووە، تا حاجی قادرێک هەڵکەوتووە، هێزی کێشکردنی گوڵێک لە لێدانی دڵییەوە بدۆزێتەوە، دەیان زانا و دانا، لە دەوری دەهۆڵێکی دوور دووری دەنگی ئازادییخوازی و ئەوینی مرۆڤدا غوربەتی ئەم دنیایە بردونییەتەوە. لێرەوە لاموجیمی ناوێ، کە ئێمە پێشینانمان پەروەردەی رق و رۆحی تۆڵە و بەهانەی بێمانای شەڕوشۆڕ بوون.
بەڵێ، ئاشتی لە هیچ کونجێکی ئەم هەسارەیەدا بستێ زەوی و کونجی کولبەیەکی نەبووە و نابێ. ئەوەتا یەکێک لە نەرمونیانترین خانمە خۆشمەشرەبەکانی بەریتانیا و دیارترینی دنیای ئەدەب، بە رۆمانە بێرەحمەکانی جیلە جەوانەکانی سەدەی بیستەمی خۆرئاوای فێرکرد، چۆن گەمەی لەشجوانی بکەن بۆئەوەی بۆکس بوەشێنن! فێریکردن چۆن لەکاتی سەرمەستیدا، خۆیان رووتکەنەوە و دەستدرێژیی بکەنە سەر یەکتریی.

ئاگاتا كریستی 
ئاگاتا كریستی Agatha Christie کە بە پاشای تاوان ناوی دەرکردبوو، لە نووسینە بەناوبانگەکانی (بەفری سەر سارا، رۆمانی تاوانەکان، نهێنی تاوان، لوغزی شەمەندەفەرە شینەکە..) کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە ئەوروپا باوبوون، بازووی بەهێزی بێرەحمییەکانی جەنگە جیهانییەکان بوون. رۆمانی هەیە بۆ سەد زمان وەرگێڕاوە و ملیارێک نووسخەی لێوەشانکراوە.
ئەم خانمە راستە ژنانی هۆشیارکردەوە، وەلێ هەمیشە لەقەی دەدا لەو شیرەی کە ژنبوون شانازی پێوە دەکرد، بۆ نموونە دەیگوت: سوپاس بۆ خوا کە ژنم، ئەگینا دەبوو هاوسەرگیریی لەتەک ژنێکدا بکەم و بەناچاریی لەژێر سەقفێکدا لەگەڵ ژندا بژیم. یاخود دەیگوت، تا زارۆن هاوسەرگیریی بکەن، چونکە بوونە خودانی عەقڵ و ئاوەز، ئیدی هاوسەرگیریی لە عەقڵمەند ناوەشێتەوە. ئیدی لەسەر ئەم ریتمە، رێگایەکی پڕ سەرکێشی و سەرچڵی و قەیرانی قیرتاوکرد بۆ نەوەیەکی خۆرئاوایی. بەدڵنیاییەوە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ لە تیکتۆکەوە تا ئینستای سەرزاری جاحێڵەکان، هێندەی ئەوکات سیحری بڵاوبوونەوەیان نەبەخشیوەتە دەربڕین و وێنە و چاولێگەرییەکانی. بەڵێ، ئەو کات رۆمانەکانی خاتوو (کریستی) رێک سناپی سیاسەتی ئێستا بوون.
ئەو خاتوونە لە سەروەختی ماندێتی عیراق و سوریادا، ئێرەی بینیووە و ماوەتەوە، چونکە هاوسەرەکەی یەکێک لە مەزنە شوێنەوارناسەکانی سەدەبوو. بۆیە بە کچانی دەوت: هاوسەرگیریی لەتەک شوێنەوارناس بکەن، چونکە تا پیر بن، بە بەهاتر دەبن لەلای. 
کارەکانی رۆمانی دادگایی و کۆشکی فرانس کافکا با بوەستێ، چۆن زاڕۆی خۆرئاوا لە بری دارا دوو داری دی، لە یەکەم هەنگاوی پاش بێشکەوە، ئیدی چاوی بە رووی زەردی کافکا و نەریتە نائومێدەکەی ئەدەبیاتی ئەودا دەکرایەوە. ئەو پیاوەی نووسخەیەکی خۆی لە شکڵی (سادقی هیدایەت)دا ناردبووە ئێران و لەوێش کەلتوری خۆکوژیی خێراکردبوو.

بەدرێژایی سەدەی رابردوو، هەموو ئەدیب و ئەندێشمەندەکانی خۆرئاوا، چاوێکیان لەسەر رێگەی لەشکر و پۆلیس و هەواڵگریی و داگیرکاریی و جەنگ بووە

مارگرێت دوراس
مارگرێت دوراس Marguerite Duras کە خانمێکی فەرەنسییە، لە رۆمانی (هێرۆشیما لەگەڵ خۆشەویستی)دا دیسانەوە لاوانی فەرەنسای تێگەیاند، چۆن لە شۆڕشی خوێندکارانی شەستەکاندا، ئاگر لە پارک و باخچەکانی پاریس بەربدەن.
ئەدەب بەگشتی و فیلم و سینەما بەتایبەتی، هەمیشە سێبەری سیاسەتی خۆرئاوا بوون. ئەوەتا دەبینین سینەمای ئەمەریکی وەکو دەڕاسەیەک بەرهەمی سەدەیەک لە پەیامی فیلمە ئەکشنەکانی خۆی دەدورێتەوە. ئەوەتا دەبینین هۆڵیۆد لە چیکەڵدانی چینەکانی ئەمریکادا، دەڕشێتەوە و یەکپارچە کەلەپچە و زنجیر و کەللەی سەر و جنێوی لێدێتە دەرێ.
ئەوەتا یانە شەوانەکانی نیویۆرک و تەکساس و شیکاگۆ کە لەکاتی ژوواندا، لەبری مۆسیقای رۆمانسی، رامپ و موسارەعەیان نمایشدەکرد، دەبینین چۆن بوونەتە کەشێکی بەهاری بۆ سەوزبوونی عەسابە و عیفریت و عەنتەری سەر شەقامەکان.
ئەمڕۆ جیهان لەلایەن نەوەیەکەوە خاوەندارییەتی دەکرێ، کە سکی قۆڕەی دێ لە مرۆڤایەتی و وەفا و ئەمەکداریی. سویچی قەیرانەکان لە چنگێکی چەقاوەسوو،  برسی وەک کۆرۆنا نییە، بەڵکو چنگی رەگەزپەرستی، بەخۆیی و هەموو نینۆکە خوێناوییەکانییەوە تاوێک لە ئاوازێکی دڵهەژێنی کوردەواری دەچەقێ، چونکە چەمەکە چەقەڵ داگیریکردووە و قەڕنی قولەقولی ئەوانە و گۆرانیی وەک چەکوشکاریی دێتە بیستن، تاوێکیش دووا هەناسەی رەشپێستێک، کە لەسێبەری کۆشکی سپیدا گەرەکیەتی بحەوێتەوە، دەخنکێنرێ.
ئەمڕۆ جیهان لەسەر ئاگرێکی ناگەهاندایە، ئاگرێک بە فووی ئەدیب و نووسەر و سیاسیی و هونەری قێزەونی سەدەی بیستەم هەڵگیرساوە، ئاگرێک بە فوی حاخام و قەشە و مەلا و دەلەیلاماکان کڵپەی سەندووە، ئاگرێک بە فووی فەرهەنگی مرۆڤ، مێژووی دەگەشێنێتەوە.
ئەمڕۆ جیهان، لە سەهەندی سیحری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنۆلۆژیای تەقینەوە و زەویبڕدا، زمانی خۆی قوتداوەتەوە. ئەمڕۆ ئەوەی بوونی نییە رەنگە. لە حکایەتی حەوتەوانە و پەلکەزێڕینەی چەماوەی ئاسمانەوە، تێکڕا لە بوون و  مانێکی رەش و نەبوون و  نەمانێکی سپی سپیدا پێچراوین.

مارگرێت دوراس

ئاگاتا كریستی 

وتارەکانی نوسەر