لە دەسپێکی سەدەی بیستەمەوە، تەنها لە نێوان ساڵانی 1908 بۆ 1923 نزیکەی (40) کۆمەڵەی ژنان لە ئەستەنبوڵدا خەریکی خەبات و چالاکیی چارەنوسسازی ژنانە بوون. لەم میانەدا، کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کورد کە بە یەکەمین کۆمەڵەی ژنانی کورد دادەنرێت، لەلایەن ژنانی بنەماڵە ئەرستۆکراسییەکانی کوردەوە دامەزراون، ئەوانیش هاوشێوەی کۆمەڵەی ژنانی نەتەوەکانی تری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، ئەو بۆشاییەیان پڕکردووەتەوە، لەو بنەماڵە دیارانەی کورد، کە خانمەکانیان رۆڵیان لە دامەزراندنی کۆمەڵەکەدا هەبوو، بنەماڵەی بابان و بەدرخانەکان دیارترینیان بوون. هاوکات لە ماڵباتی جەمیل پاشاشدا، ژنانێک هەبوون کە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر کۆمەڵگای کوردی لە بواری سیاسی و فەرهەنگیدا هەبوو. لەو قۆناغەدا ژنانی نێو بنەماڵە باڵاکان، بە شوناسی ژنبوون و کوردایەتییەوە، پێکەوە یەکەم رێکخراوی ژنانی کوردیان پێکهێنا.
بەدەر لە ژنانیش، داکۆکی و دنیابینی زۆرێک لە رۆشنبیرانی پیاوی کورد، لە سەنگەری خەبات و خواستی ژنانی کورددا بوون، بۆ نموونە عەبدوڵڵا جەودەت، یەکێک لە ڕۆشنبیرانی کوردی ئەو سەردەمە، لە زۆرێک لە وتارەکانیدا جەختی لەوە دەکردەوە کە ژن و دایک، رۆڵێکی گەورەیان لە گەشەسەندنی کۆمەڵگاکاندا هەیە. هەروەها دەیوت: (ئێمە درێژکراوەی رۆحی دایکی خۆمانین نەک باوکمان). عەبدوڵڵا جەودەت لەگەڵ ئیسحاق سکوتیدا، قوتابخانەیەکیان لە شاری ئێلازیغ، تایبەت بە کچان و کوڕان کردەوە، لەو قوتابخانەیەدا نێر و مێ پێکەوە بە یەکسانی دەیانخوێند و وەردەگیران. بەگشتی لە نووسینی رۆشنبیرانی کورددا، هەموو ئەوانەی کە داکۆکییان لە مافەکانی ژنان دەکرد، پرسی ژنانیان لە دوو لایەنەوە دەخستەڕوو:
یەکەم: ژنان لەپێناو خەباتی نەتەوەییدا پێویستە جۆشبدرێن، هەروەکچۆن هەموو چینێکی کۆمەڵگەش بەرپرسیارێتی لە بەئاگاهاتنەوەی نەتەوەییدا لە ئەستۆدا بوو.
دووەم: ئەو فشارانەی کە رووبەڕووی ژنان ببوونەوە، دەبوو تێکڕا لەبەرنامەی کاردا رێگەی چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە.
مەمدوح سەلیمیش یەکەم کەس بوو کە دامەزراندنی کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کوردی راگەیاند. دەنگدانەوەی کۆمەڵەکە لەناو رووپەڕی بڵاوکراوەکاندا وەکو شەرەفێکی شوناسە کوردییەکە ئاماژەی بۆ کراوە. ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان دەریدەخەن کە ژنانی بنەماڵەی یامولکی، بابان و بەدرخانەکان سەرکردایەتی پێکهێنانی کۆمەڵەکەیان کردووە. ئامانجی سەرەکی کۆمەڵەکە یارمەتیدانی ژنانی کوردە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی هزری و باشترکردنی بارودۆخی دارایی و کۆمەڵایەتییان. جگە لەوەش هەوڵی دەدا هاوکاری ئەو ژنانە بکات کە بەهۆی جەنگەوە دوچاری راگواستن و دوورخستنەوە بوونەتەوە.
بەگشتی ناوی دوو ژن لە کۆمەڵەکەدا دێتە پێشەوە:
یەکەم: ئێنکوم یامولکی، کە کچی مستەفا یامولکی سلێمانییە، و بە بۆنەی کردنەوەی کۆمەڵەکەوە لە 20ی حوزەیرانی 1919 وتارێکی پێشکەش کرد، لە دەقی وتارەکە لە بڵاوکراوەی ژیندا بڵاوکرایەوە. لەوێدا نوسیبووی: (خانمان و برا بەڕێزەکانمان، ئەوانەی پەرۆشی کردنەوەی کۆمەڵەکە بوون، بەڵێن بێت بە نەتەوەی کورد، کە هەموو جۆرە هاوکارییەک لەپێناو گەشەپێدانی کوردایەتیدا بە بێ هیچ دوودڵییەک ئەنجام بدەین. باوەڕم وایە کورد بەدەگمەن بەڵێن دەدات، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەڵێنەکانی ناشکێنێت).
دووەم: ئیمین حەنیمی هاوسەری شەریف پاشای خەندانە: لە رۆژنامەی ئیستیقلال، کە لە ساڵی 1919 لە ئەستەنبوڵ دەرچووە، باس لەوە کراوە، کە هاوسەری شەریف پاشا لە پاریس دەژیا، ساڵی 1919 پێشنیاری سەرۆکایەتی کۆمەڵەی ژنانی کوردی بۆ کراوە. ئەویش پەسەندی کردووە و بووە بە سەرۆکی کۆمەڵەکە. هەڵبەتە تەنها لەبەرئەوە ناوبانگی دەرنەکرد، کە هاوسەری شەریف پاشا بوو، بەڵکو بۆخۆی کەسێکی دیار و بەرجەستەی قۆناغەکە و ئاشنای بواری هاوکاریکردنی هەژاران و بزووتنەوەی ژنان و خەباتی ئاشتیخوازانە بوو لە سویددا.
ئەو کات سلێمانی ببوویە ناوەندێکی گرنگی کۆبوونەوەی رۆشنبیران. چونکە کۆمەڵێک رۆشنبیری کورد بە سەرکردایەتی مستەفا یامولکی، زۆر بەزوویی یەکەم کۆمەڵەی کوردییان لە باشووری کوردستان لەژێر ناوی کۆمەڵەی کوردستان دامەزراند. هەر لەم میانەدا، کاتێک زەهرای کچی یامولکی و گوزیدە خانمی بووکەکەی دەگەڕێنەوە کوردستان، خۆیان بۆ پەروەردەی ژن و کچانی کورد یەکلایی دەکەنەوە. بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیەی کە بۆ پەروەردەی کچان کرایەوە سەرەتا گوزیدە حەنیم و پاشان زهرا بوون. هەروەها فاتمە محێدین کە لە قوتابخانەکەدا وانەی دەوتەوە، ئەویش ژیانی خۆی بۆ پەروەردەی کچان تەرخان کرد. ناوبراو لە بیرەوەرییەکانیدا باس لەوە دەکات کە شانۆنامەیەکیان بە ناوی دایک نمایش کردووە. فاتمە نوسیوێتی: (ژنانی شاری سلێمانی بۆ ماوەی هەفتەیەک هاتوون بۆ بینینی ئەم شانۆگەرییە، ئەم سەرکەوتنە لەلایەن پیاوانیشەوە ئێجگار بەرز نرخێندراوە).
*پسپۆڕی مێژووی نوێ و هاوچهرخ
کۆمەڵەی ژنانی کورد