82 رۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، رەفتار و ئاكاری وەزارەتی دارایی هەرێم، تۆزقاڵێكیش تەپوتۆزی خەمخواردنی پێوە دیار نییە. دەیان وەفدی تەكنیكی و سیاسی خۆیان گەیاندە بەغدا و گەڕانەوە. كەناڵە ئاسمانییەكانی ئێرە لێدوانی شارەزا و چاودێرانی داراییان بڵاوكردەوە: وەفدی بەغدا و هەولێر رێككەوتن. هەفتەی داهاتوو مووچە رەوانە دەكرێت! ئەنجام هیچ! لەپڕ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، یان وەزیری دارایی مەرجێكی نوێ دەخاتە سەر خەرمانی مەرجە كۆنە سواوەكان :
یەكەم: ئەوەی بەغدا دەیكات هەوڵی شكاندنی كەرامەتی حكومەتی هەرێم نییە بەتەنها، بەڵکو هەوڵی رووشاندنی كەرامەتی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە .
دووەم: وەزیری دارایی و سەرۆك وەزیرانی عیراق، هەر رۆژە مەرجێكی نوێ دەدۆزنەوە و ژیانی دانیشتوانی هەرێم ناخۆشتر دەكەن. بێگومان ساڵی 2019 رێككەوتن لەگەڵ عادل عەبدولمهدی واژوو بكرایە، هەزار جار لە جەنجاڵ و سەرئێشەی ئێستا باشتر بوو .
سێیەم: ئێستا جووتیارێكی نەخوێندەواری كوێرەدێیەكیش دەزانێت، هەزار وەفدی سیاسی و تەكنیكی و دارایی سەردانی بەغدا بكەن، ئەم كێشەیە لەوێ چارەسەر نابێت، بە پێچەوانەوە وەكو شێرپەنجە، لق و پۆپی تری لێ پەیدا دەبێت، چونكە كلیلی چارەسەر لە بەغدا نییە، خۆشتان لەوێ دەستخەڕۆ مەكەن، بەغدا دەوری ئەستێرەی كاتكوژ دەگێڕێت
خێرە لە كاتی واژۆكردنی رێکكەوتنامەی هەولێر و بەغدا ، درۆن لە زۆربەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەدات؟
ئەوانەی كلیلی چارەسەریان لایە، مەرجی سیاسی زۆر قورسی خۆیان هەیە.
ئایا حكومەتی هەرێم دەتوانێت دەرگاكان لە خۆی دابخات و سیاسەتی پشت بە خۆ بەستن پەیڕەوی بكات؟
ئایا دەرگای كراوەی تر هەیە، هەرێم بتوانێت هەناسە لەوێوە بدات؟ ئایا دەلیڤەی ئەوەی ماوە هەرێم ئاڕاستەی سیاسی لە رەگ و ریشەوە بگۆڕێت؟
گریمان: بەغدا لەسەر سیاسەتی دەرگا داخستن سوور بوو، ئەی ئەلتەرناتیڤی وەزارەتی دارایی هەرێم چییە؟
پێویستە حكومەتی هەرێم هەموو ئەگەرەكانی لەبەرچاو بێت.
دەبوایە حكومەتی هەرێم لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، چاوەڕوانی ئەوە بوایە حكومەتی بەغدا دەتوانێت دەست بخاتە بینی.
دەبوایە پێش ساڵی 2020 بیزانیبایە كات هەڵسووڕانی هەلومەرجە سیاسییەكانی ناوەوە و دەرەوە، بە قازانجی ئەو تێنەپەڕیوە و تێناپەڕێت. چارەسەری دوێنێ لە چارەسەری ئەمڕۆ هەرزانتر دەكەوت .
ئێستا ئەوەی رۆیشتووە بیری خۆمانی پێوە ماندوو نەكەین: وەزارەتی دارایی لەمەودوا چیدەكات؟ سیاسەتی (كەرەكە مەمرە بەهارە) تا سەرەتای ساڵی داهاتوو دەگرێتەبەر، یان دەست بە بەرباخەڵدا دەكات و لەبن گیرفاندا چارەسەرێكی سیحراوی گونجاو دەردەكات؟
من وەكو كەسێكی ئەكادیمی بیركردنەوەی خۆم دەردەبڕم، بڕیاربەدەستان و هێزە سیاسییەكانی هەرێم چۆن بیردەكەنەوە، ئەوە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە ! هیوادارم كارەسات بە كارەساتێكی گەورەتر چارەسەر نەكرێت !
* ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان PEN
21.07.2025