(18)
ململانێی نەوەکان لە ئاییندا، دەستەواژەیەکە بەکاردێت بۆ وەسفکردنی ئەو بۆشایی و گرژییانەی لە نێوان نەوە جیاوازەکاندا دەردەکەون و پەیوەندیدارە بە کردارەکان و لێکدانەوە ئایینییەکانەوە. ئەم ململانێیە لەوانەیە زیاتر لەو کۆمەڵگەیانەدا بەرچاو بێت کە گۆڕانکاریی خێرای کەلتوری، تەکنیکی یان سیاسییان بەسەردا هاتووە و مێژووی لەمێژینەی هەیە، بەڵام لە سەردەمی دیجیتاڵدا زیاتر ئاشکرابووە.
نەوەی رابردوو، دەیەوێت پابەند بێت بە دابونەریتی ئایینییەوە کە لە دایک و باوک و باپیرەوە بۆی ماوەتەوە و پێیوایە ئایین دەبێت بەو شێوەیە پەیڕەو بکرێت کە هەیە بەبێ گۆڕانکاری.
تیشک دەخاتە سەر نەریتەکان و رواڵەتی پەرستن و پابەندبوونی توند بە قەدەغەکراوەکان، لەکاتێکدا نەوەی ئێستا روودەکەنە پرسیار و رەخنە و زیاتر گرنگی بە ناوەرۆک و مانای ئەخلاقی ئایین دەدات وەک لە رواڵەت، دەشێت داوای شیکاریی ئایین بکات کە لەگەڵ بەها هاوچەرخەکانی وەک، ئازادی و مافەکانی ژنان و فرەییدا هاوتایە، جگە لە گرژییەکانی کە دەردەکەون، کاتێک لە ماڵدا، دایک و باوک و منداڵان گفتوگۆ دەکەن دەربارەی حیجاب، نوێژ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کاتێک ناکۆکی نێوان پیران و گەنجان دروست دەبێت لەسەر ئەوەی لە وتاری ئایینیدا جەخت لەچی بکرێتەوە بەهۆی دابەشبوون لەنێوان ئەوانەی نوێبوونەوەیان دەوێت و ئەوانەی گۆڕان رەتدەکەنەوە؟
هۆکارەکانی ئەم ململانێیە زۆرن لەوانە: گەشەکردنی ئامڕازەکانی زانین، نەوەی ئێستا زانیاریی ئایینی لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە وەردەگرێت وەک ئینتەرنێت کە بیروڕای جیاوازی پێدەبەخشێت لەوەی دایک و باوکی پێی راهاتوون، جیاوازیی لە شێوازی پەروەردە هۆکارێکی ترە، نەوەی رابردوو زۆرجار بە گوێڕایەڵی و پابەندبوون پەروەردە دەکرا، لە کاتێکدا نەوەی ئێستا داوای ئازادی و سەربەخۆیی دەکات، گۆڕینی بەها کۆمەڵایەتییەکانیش هۆکارێکی ترە کە گۆڕانکاریی لە چەمکی خێزان، هاوسەرگیری، جلوبەرگ و پەیوەندییەکان کاریگەریی هەیە لەسەر تێگەیشتن لە ئایین و چۆنێتی جێبەجێکردنی، بۆیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەمجۆرە ململانێیە پێویستمان بە فراوانکردنی مەودا هەیە بۆ دیالۆگی نێوان نەوەکان، پەسەندکردنی پرسیار و گومان، هاندانی تێکۆشان و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و گرێدانەوەی ئایین و واقیع لەبری دابڕانی.
نوێبوونەوە لە تێگەیشتنی تێکستەکان بۆ خزمەتکردنی واقعی مرۆڤی هاوچەرخ، شکاندنی بنبەست و دووبارە بەستنەوەی ئایین بە ژیانی رۆژانە، بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە پێویستی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم ململانێیەیە و لایەنە نەرێنییەکانیش بریتین لە تێکشکانی سەرچاوە ئایینییەکان، پەرتەوازەیی کۆمەڵایەتی لەناو یەک خێزاندا و سەرهەڵدانی مەیلی توندڕەوی لە هەردوولا، چەکداریی یان بێ باوەڕیی تەواو، بۆیە بەڕێوەبردنی ململانێکان لەم رێگایانەوە دەبێت، پەیبردن بە جیاوازی وەک دۆخێکی سروشتی، پەرەدان بە دیالۆگ نەک سەرکوتکردن، کردنەوەی دامەزراوەکانی پەروەردەی ئایینی بەڕووی زانستە مرۆڤایەتییەکاندا، هاندانی خوێندنەوەی رەخنەیی دەقەکان لە بری فێرکردن و بونیادنانی گوتارێکی ئایینی نوێ کە ئاڕاستەی عەقڵ بکات نەک هێرش بکاتە سەری.
ململانێی نەوەکان لە ئاییندا، کۆتایی ئیمان نییە، بەڵکو نیشانەی زیندووێتییە. لەو دیدەوە کە ئایین دەتوانێت رووبەڕووی پرسیاری قورس ببێتەوە و کراوە بێت بۆ جیاوازییەکان و بە زیندوێتی بمێنێتەوە لە ویژدانی خەڵکدا، بۆیە ئەم ململانێیە دەبێت ئاڕاستە بکرێت بەرەو نوێبوونەوە نەک هەڵوەشاندنەوە، چونکە نەرێنییە ئەگەر ببێتە هۆی دوورکەوتنەوە، تەکفیرکردن و رەتکردنەوەی دوولایەنە، ئەرێنییە ئەگەر وەک دەرفەتێک بەکاربهێنرێت بۆ دیالۆگ و نوێبوونەوە و تێگەیشتن لە ئایین بە رۆحێکی سەردەمییانە بێ سازشکردن.
[email protected]