ململانێکان لە بواری خۆشەویستیدا، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و کەلتورییە کە لە جیاوازیی گەورەی نێوان چەمکی خۆشەویستی و پەیوەندییەکان لە نەوە جیاوازەکاندا بەرجەستە دەبێت.
ئەم ململانێیە لە شێوازی دەربڕینی خۆشەویستی و چاوەڕوانی و بەها و تێگەیشتنەکاندا دەردەکەوێت کە هەرنەوەیەک لێک جیادەکاتەوە و دەبێتە هۆی بەریەککەوتن و ململانێی نێوان نەوەکان لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پەیوەندییە رۆمانسییەکاندا.
بۆ نموونە نەوەی رابردوو، خۆشەویستی بە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی دادەنێت، چونکە یاسای روون و سنوورداری هەبووە و پەیوەندییە سۆزدارییەکان بەپێی پێوانەی باو وەک هاوسەرگیری پێشوەخت و دڵسۆزیی تەواو بەڕێوەدەچوون.
لەم چوارچێوەیەدا، دەربڕینی خۆشەویستیی پەردەپۆش بوو و هاوسەرگیریی یەکەم و گرنگترین هەنگاو بوو بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی سۆزداری، بەڵام بۆ نەوەی ئێستا، بە تێپەڕبوونی کات چەمکی خۆشەویستی گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەتاییبەتی لە نەوە مۆدێرنەکاندا.
نەوەی ئێستا بایەخ بە سەربەخۆیی و ئازادی دەدات لە پەیوەندییە سۆزدارییەکانیدا کە بە نەرمی و ئەزموونداری دەناسرێت.
بۆ ئەوان، مەرج نییە خۆشەویستی، پێویست بە گرێبەستی رەسمی یان هاوسەرگیریی نەریتی بکات. ئەم نەوەیە هەستەکانی خۆی لە رێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە چڕی دەردەبڕێت، و کەلتوری «ئازادی تاکەکەس» بۆتە بەردی بناغە لە پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا.
یەکێک لە دیارترین لایەنەکانی ئەم ململانێیە، جیاوازیی نێوان بەهاکانە. نەوەی رابردوو پابەندن بە بەها نەریتییەکان کە سەقامگیری و گرێدراوی رەسمی بەرز دەکەنەوە، لە کاتێکدا نەوەی ئێستا بڕوایان وایە کە پەیوەندییەکان دەبێت نەرمتر و چێژبەخشتر بن، بەبێ ئەوەی پابەندبن بە نەریتی کۆمەڵایەتی کۆنەوە.
ئەم جیاوازییە دەبێتەهۆی گرژیی نێوان نەوەکان، چونکە کوڕان و کچانی گەنج، هەندێکجار رووبەڕووی گوشاری خێزانەکانیان دەبنەوە بۆ ئەوەی هەمان ئەو بەهایانە پەیڕەو بکەن کە لەگەڵیدا گەورە بوون.
هۆکارێکی تر کە ئەم ململانێیەی زیاد کردووە تەکنۆلۆژیای زانیاری و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە دەربڕینی هەستەکانیان ئاسان کردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاڵەنگارییەکی نوێیان دروستکردووە.
نەوەی ئێستا زیاتر لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کارلێک دەکەن لە پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا، لە کاتێکدا نەوەی رابردوو لەوانەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر چۆنێتی پەیوەندییە راستەقینەکان ببینن.
ململانێی نەوەکان لە خۆشەویستیدا، رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەیە کە بە تێپەڕبوونی کات لە کۆمەڵگەدا روودەدەن. سەرەڕای جیاوازیی نەوەکان، خۆشەویستی لە بەشێکی سەرەکی ژیانی مرۆڤەکاندا دەمێنێتەوە و گرنگە کە هەموو کەس رێز لە جیاوازییەکانی یەکتر بگرن و گۆڕانکاری لە چۆنێتی ژیانی پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا قبووڵ بکەن، هەروەها ئەمجۆرە ململانێیە بابەتێکی ئاڵۆزە کە جیاوازیی بەها و چاوەڕوانییەکانی نێوان نەوەکان تێدەپەڕێنێت و رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەیە کە کۆمەڵگەکان بە درێژایی سەردەمەکان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەم ململانێیە بە جیاوازیی نەوەکانەوە ناوەستێت، بەڵکو گەشەکردن و گۆڕینی شێوازی دەربڕینی خۆشەویستی خۆیان دەگرێتەوە.
هەروەها رەنگدانەوەی کارلێکێکی بەردەوامی نێوان بەها باوەکان و پێشکەوتنە مۆدێرنەکانە.
لەکاتێکدا نەوەی رابردوو لەوانەیە ببینێت کە کوڕان و کچانی گەنجی ئەمڕۆ «رۆحی خۆشەویستی راستەقینەیان» لەدەستداوە، بەڵام نەوەی ئێستا وایدەبینن کە گەشەسەندنی پەیوەندییە سۆزدارییەکان، بەشێکە لە گەشەسەندنی خودی مرۆڤ خۆی، بۆیە دەتوانین بڵێین کە خۆشەویستی زمانێکی هاوبەشە لە نێوان هەموو نەوەکاندا، بەڵام شێوازی دەربڕین و چۆنێتی تێگەیشتنی بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێت.
دەشێت ئەم گۆڕانکارییانە هەندێکجار سەرچاوەی ناکۆکی بن، بەڵام دەرفەتێکیش دەڕەخسێنن بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە مانای خۆشەویستی لە ژیانی هەر نەوەیەکدا.
[email protected]