هیچ هەڵبژاردنێکی پاش 2003 لە عیراقدا، نەیتوانیوە نیازەکانی دیموکراسی و دەستاودەستی دەسەڵات وەکوخۆی بچەسپێنێت، بەڵکو هێشتا سەری سیاسەت لەم عیراقەدا لە ئاستانەی کودەتاکاندا دەخورێت
تارمایی کودەتاکان، بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخی خۆرهەڵاتی نزیک، وەک گەواڵە هەورێک، گەڕیداوەتە گیانی سوڵتان و سیاسییەکانی ناوچەکە. ئێستاش ئاڵوگۆڕەکان، ئالودەی کەلتورێکن، کە تەنها و تەنها تەرحی گۆڕانکارییەکان لە کودەتاوە گرەویان لەسەر دەکرێت.
ئەم ئەدەبیاتە لە چ لۆژیکێکی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئەمە پرسیارێکی جەوهەری و جددییە. بۆچی ئەزموونی شۆڕشێکی خۆرئاوایی، خۆی لە قەرەی قەدەری میللەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نادات؟ بە گوێرەی گریمانەکانی زانستی سیاسیی، هێشتا هیچ هەڵبژاردنێک پاش 2003 لە عیراقدا، نەیتوانیوە نیازەکانی دیموکراسی و دەستاودەستی دەسەڵات وەکوخۆی بچەسپێنێت، بەڵکو هێشتا سەری سیاسەت لەم عیراقەدا لە ئاستانەی کودەتاکاندا دەخورێت، چونکە مەددی مەدەنییەت و مێژووی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، خۆی لە بۆتەی پەروەردە و پەیامێکی ئەخلاقیدا نەبینیوەتەوە، چونکە هێشتا پێکهاتەی مەزهەبی مەددی دەسەڵاتی لە دەستە، نەک پێکهاتەی دەستوور و بەندەکانی.
عیراق لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، کاتێک کۆچەرییەکان لە شار و گونددا جێگیر بوون، چون تا ئەوکات نزیکەی نیوەی عیراقییەکان کۆچەریی بوون، لێرە بەدواوە، دانیشتووان دابەشی سەر شار و دەرەوەی شار بوون، بۆ نموونە لە 1930دا نزیکەی 60 ٪ی دانیشتووان، لە دەرەوەی شارەکان بوون، هاوکات زۆربەی کۆچەرییەکان بە حوکمی جوگرافییا، وەرچەرخان بۆ شیعە، ئیدی رێژەی عەرەبی شیعە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە زۆرینەی پێکهێنا، بەڵام لەناو دەوڵەت و دەسەڵاتدا، رێژەی سوننە زیاتر بوو. ئەمانە وایکرد وێنای شارە جەنجاڵەکانی عیراق، یەکپارچە تژی و تەیاربێت بە خەڵکانی چەقۆکێش و ئارەزووپەرست، چونکە نەزمێکی پەروەردەیی لەژێر چەترێکی مرۆڤانەی مەدەنییدا، میللەتی بارنەهێنا. بۆیە ئەمانە کاتێک لە باوەڕێکەوە دەچوونە ناو باوەڕێکی ترەوە، واتە زۆرینەی کۆچەرییەکان کاتێک بوونە شیعە، لەبەر تێگەیشتن و تێرم و تەرحی کاریگەری مەزهەبەکە نەبوو، بەڵکو ژیانی ئابوورییان ئەوەی دەخواست، هەربۆیە کاتێکیش نەوەکانییان لە پارتێکی نەتەوەییدا خۆیان دەبینییەوە، دنیابینی و بەرنامەی پارتەکەیان نەدەدی، بەڵکو بڕستی ماددی مەیدانخوازیی و مەیلی ئەوانی ئەزموون دەکرد.
هاتنی بەعس بۆ عیراق لە پێش میتۆدی خودی خۆیەوە، وابەستە بوو بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی حزبە راستڕەوەکانی دنیا، بەتایبەتی ئەزموونی نازیزم لە ئەڵمانیا. ئەوەبوو میلشیایەکی چەکداری دروستکرد بۆئەوەی بتوانێ پێی بگاتە دەسەڵاتی خۆی و نەیارەکانی پێ لە ناوببات. بەمەش کوتراوی قۆڵی ئەندامانی حەرەس قەومی، تێکڕا کورتکراوەی حەرەس قەومی بوو کە دەیانووسی (ح. ق)، ئەم میلشیایە لە کودەتا دژ بە عەبدولکەریم قاسم و لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی نەوەی یەکەمی کۆمۆنیستەکانی عیراق، رۆڵی راستەوخۆیان هەبوو.
کەواتە ئەمان مەیلی پۆست و پلە و پێناوی ماددی بەریدانە کۆمەڵگەی عیراقی، بەبێ هیچ هۆکارێکی هومانیستی و پەروەردەیی. تەنها فاکتەری ئەم پاوانخوازییەی بەعسیش کە ئێستا لە نەوەی سێهەم و چوارەمی ناسیۆنالیستی پاش سەدامییدا دەیانبینین، هەمان ستراکچەر و سەمەرەی سەردەمی پاشایەتییە. ئەمە وادەکات هەر لاوێکی لانکەی عەشیرەتێک لەپڕێکدا، لایەک لە کورسییەکانی پەرلەمان دەکڕێت و دەفرۆشێت. ئەمە وادەکات هەڵبژاردن زەڕەیەک زیهنییەتی دیموکراسی ئاو نادات، چونکە وەک (حەننا بەتاتو) پەیوەست بە سەردەمی پاشایەتی نوسیوویەتی: (بەبێ زەوی، شێخ نەیدەتوانی ببێت بە خاوەن عەشیرەت-بنەماڵە. شێخێک زەویی نەبوایە، بنەماڵەکەی رێزیان نەدەگرت و ئەندامەکانییان تاعەتیان نەدەکرد.)
ئەم هاوکێشەیە هەر ئەو کات و ئێستاش گوازراوەتەوە بۆ کارەکتەرە ئایینییەکان، ئەوەتا رۆڵی کەسی ئایینی کە گوتاری ئایینیی بخستایەتە سەرپێ، دواجار جۆرێکی تری شەرعییەتدان بوو بە داگیرکردنی موڵک، رێک وەکو ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت.