چی بکەین منداڵان لە پۆلیس نەترسن؟!

10:48 - 2025-07-30
وتار
40 خوێندراوەتەوە

عەمیدی مافپەروەر- ئاری مارف ئاغا

سەرەتا دەبێت لە ماڵ و خێزانەکان و خوێندنگە و کۆمەڵگە پەروەردەییەکانەوە دەست پێبکەین، تاوەکو وێنایەکی جوانی پۆلیس لە زەینی منداڵەکانماندا بنەخشێنین، کە پۆلیس جێبەجێکاری یاسایە و پارێزگاری لە خەڵک و هاووڵاتیان دەکات.
‎نابێت منداڵان لە پۆلیس بترسن، چونکە هێزی پۆلیس لە مەترسی دووریان دەخاتەوە و گیان و ماڵی خەڵکی دەپارێزێت، بۆیە نابێت دایک و باوکەکان منداڵەکانیان بە پۆلیس بترسێن.
جارێکیان دایک و باوکێک هەرچی هەوڵیان دەدا منداڵەکەیان نەدەچوو بۆ قوتابخانە، تومەس لەوێ لە منداڵێک ترسا بوو. پەیوەندییان پێوەکردم و  وتیان: نزیک بنکەکەی ئێوەین بەڵکو پۆلیسێک بنێریت بە منداڵەکەمان بڵێت بچێتەوە بۆ خوێندن، بەڵکو لە پۆلیسەکە بترسێت و بە قسەمان بکات. منیش وەڵامم دانەوە و وتم: بە ترساندن نابێت و ترس بە ترس چارەسەر ناکرێت، ئەوە دژی ستراتیژی ئێمەیە، ئێمە دەمانەوێت منداڵ لە پۆلیس نەترسێت و  پۆلیسی خۆش بوێت. ئێمە هەمیشە هەوڵدەدەین چارەی خۆمان لای منداڵان شیرین بکەین، وەک نەوەی پێش راپەڕین، ترسی پۆلیس و هێزی سەربازی لە دەروونماندا نەبێت.
‎دەبێت چالاکییەکانیان لە رێی پۆلیسی کۆمەڵگەیی و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگری شارستانییەوە، بۆ مەڵبەندی قوتابخانەکان و باخچەکان چڕ بکەنەوە، ئەوانیش سەردانی بنکەکان بکەن.

‎نابێت منداڵان لە پۆلیس بترسن، چونکە هێزی پۆلیس لە مەترسی دووریان دەخاتەوە و گیان و ماڵی خەڵکی دەپارێزێت، بۆیە نابێت دایک و باوکەکان منداڵەکانیان بە پۆلیس بترسێن

‎پێویستە پۆلیس لە رێی پەیامی ڤیدیۆیی و کەناڵەکانی خۆیانەوە و لەسەر شەقام، سڵاو لە منداڵان بکەن و دڵخۆشیان بکەن، رووخۆشی و خەندەیان بۆ بنوێنن، هەروەها  لە فەرمانگەکان هەندێک وێنەی پۆلیس هەڵبواسرێت کە هاوکاریی منداڵان دەکەن. میدیا و راگەیاندنەکانیش، دەبێت گرنگی بەم لایەنە بدەن، لەبەرحاڵەتێک وێنەی گشتی تاکەکانی پۆلیس لە زەینی منداڵاندا ناشرین نەکەن، گرنگی بەو لایەنانە بدەن و هۆشیاری بە کۆمەڵگە و تاکەکانی پۆلیس و دامەزراوەکان بگەیەنن، بەهەمان شێوە ئەو دیمەنانە دەرخەن، کە تاکی پۆلیس، هاوکاری منداڵان یان کەسێکی بەتەمەن یان خاوەن پێداویستی تایبەت دەدەن.

وتارەکانی نوسەر