ســـپاردنــی کــارەکــان بــە قــەدەر

09:32 - 2025-07-27
وتار
206 خوێندراوەتەوە

سعود فەیسەڵ سادق*

وەزارەت و دامەزراوە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە خۆیانەوە نەهاتوونەتە کایەوە واتا (استحداث) نەکراون، بەڵکو لە رێگەی هەبوونی پشتیوانیی یاساییەوە دامەزراون، کە ئەویش خۆى دەبینێتەوە لە یاسای دامەزراوەکە و پەیڕەوى ناوخۆدا، کە تیایدا بە روونی جگە لە پێناسەکردنی ناوی فەرمانگەکە، مەبەستەکانی پشت دامەزراندنیشی ئاماژەى بۆ کراوە، هەر لە ماددەکانی پێشەوە ئامانجەکانی دامەزراوەکە و دەسەڵاتەکانی بە روونی دیاریکراون، بە واتاى ئەوەى چوارچێوەى کارى ئەم فەرمانگە حکومییە یان ناحکومییە، بە روونی دیارە کە خزمەت بە چ تـوێـژێـک دەکات و ئاستی ئەو بەرهەم و خزمەتگوزارییانەی دیاریکراون کە پێشکەشی دەکات، سەرباری ئـەوەش هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی هەر بەرپرسێکی بـاڵای کارگێڕییدا ئەرکی لە پێشینەی ئەوەیە خەریکی پیرۆزبایی و نمایشی سۆشیاڵ میدیا نەبێت، بەڵکو هاوشان لەگەڵ ئەو تیمەى کە کارى لەگەڵدا دەکەن بە وردی (ستراتیژیەت و پلانی ساڵانە)ی فەرمانگەکەى ئامادەبکات بـۆ ماوەیەکی دیاریکراو، فەرمانگەکە لە ئاستی (سەرۆکایەتییەکان، وەزارەت، یاخود دەستە و بەڕێوەبەراتییە گشتییەکاندا) بێت، ئەم ستراتیژییەتە کە بە دڵی دامەزراوەکە ئەژمار دەکرێت، خۆی دەبینێتەوە لە چەند ستراتیژیەتێکی کارکردندا کە دواتر بۆ هەر ستراتیژیەتێک پلانی کارکردن و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە و مەترسییەکانی بە وردی دیارى دەکرێن.
ستراتیژییەتەکە لە راستیدا خۆى لە پاکێجێکی ورددا دەبینێتەوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بە واتـایەکی دیکە هەموو هەنگاوەکانی کـارکردنی ئـەو دامەزراوەیە لەو ماوەیەدا بـە وردی دیاریکراوە و لە هەر شوێنێکدا گرفتێک دروست ببێت دەتوانی بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکەیت و لە کۆتاییدا زۆر بە ئاسانی پاڵپشت بەو ستراتیژییەتە دەتوانی هەڵسەنگاندنی ئەدا بۆ ئەو دامەزراوەیە بکەیت و بە ئاسانی بۆت دەردەکەوێت بەرپرسانی باڵای کارگێڕیی دامەزراوەکە سەرکەوتـوو بـوون یان بـە پێچەوانـەوە.
ئـەوەی ئێستا تێبینی دەکرێت ئـەوەیە کە زۆربەی بـەرپرسانی بـاڵای کارگێڕیی بـەبێ ئـەوەی هیچ زانیارییەکی ئـەوتۆیان لەبارەی بـەڕێوەبردنەوە هەبێت، کارەکانیان بە قەدەر دەسپێرن و رۆژ بەڕێ دەکەن، لە کاتی هەبوونی چالاکییەکی بچووکدا کە ئەرکی سەرشانی فەرمانگەکەیە بە خۆیانی رەوا نابینن و دەیبەستنەوە بـەو دەستەواژەیەی کە دەنووسرێت (لەسەر راسپاردەی سەروی خۆی...) کە بـە گوێرەی ئـەو داهێنانە نوێیە کارگێڕییە بـێت، ئـەو بـەرپرسـە کارگێڕییانە نیازی جێبەجێکردنی ئـەرکەکانی دەزگاکانی خۆیان نییە تا لە سەرووی خۆیانەوە رانەسپێردرێـن!
*ماستەر لە کارگێڕی کاردا

وتارەکانی نوسەر