هاتوچۆسازی

كاریگەریی كەشوهەوای گەرم لەسەر شۆفێر و ئۆتۆمبێلەكانیان

10:31 - 2025-08-06
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
61 خوێندراوەتەوە

زۆر كەس پێیانوایە تەنیا رەشەبا و بارانی قورس گەورەترین مەترسین بۆ شۆفێران و هاتوچۆ، بەڵام گەرمای زۆر یەكێكە لە مەترسیدارترین بارودۆخەكانی سەر رێگەوبان و كاریگەریی نەرێنی لەسەر شۆفێران و ئۆتۆمبێلەكانیان دەبێت و مەترسی بۆ سەلامەتیی هاتوچۆ دروستدەكات و ئەگەری رووداوەكان زیاتردەكات.
گەرمای زۆر دەببێتە هۆی ماندووبوونی شۆفێر و لەدەستدانی شلەمەنیی زۆری لەش لە ئەنجامی ئارەقكردنەوە، سەرئێشە و سەرلێشێوان، گرفتی بینین و كەمبوونەوەی سەرنجدان، خاوكردنەوەی كاردانەوە بەرامبەر بە بارودۆخی هاتوچۆ و بڕیاردانی هەڵە. هەروەها دەبێتە مایەی زیادبوونی توندوتیژی و بێئۆقرەیی و هەڵسوكەوتی نابەرپرسیارانە. هەموو ئەوانەش دەبنە هۆی سەرهەڵدانی رووداوی هاتوچۆی مەترسیدار و زیانبەخش.
بۆ كەمكردنەوەی ئەم كاریگەرییانە، شۆفێران دەبێت ئاوی پێویست بخۆنەوە و لە خواردنەوەی ئەو شلەمەنیانە دووربكەونەوە كە دەبنە مایەی وشكبوونەوە، وەك ئەوانەی كافایین و كحولیان تیادایە. دەبێت تاوناتاوێك پشوو بدەن، بەتایبەتی ئەگەر گەشتەكە درێژخایان بوو. دەبێت لە كاتی لوتكەی گەرمیدا (سەعات 12-17) دووربكەونەوە لە گەشتكردن و چاویلكەی خۆر بەكاربهێنن.
گەرمای زۆر كاریگەریی خراپی لەسەر ئۆتۆمبێلەكانیش هەیە، وەك: زیادبوونی گەرمیی بزوێنەر كە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بزوێنەر و شكستپێهێنانی، كەمبوونەوەی كارامەیی پاتری یان خراپبوونی، لاوازبوونی كارایی ئیستۆپ، ناهاوسەنگیی تایەكان و ئەگەری تەقینیان، خراپبوونی شلەمەنییە گرنگەكانی ئۆتۆمبێل، وەك رۆنی بزوێنەر، شلەمەنیی ساردكەرەوە و گێڕبۆكس.
بۆ دڵنیابوون لە ئۆتۆمبێلەكان لە كەشوهەوای گەرمدا، گرنگە شۆفێران بایەخ بەمانە بدەن: پشكنینی بەردەوامی سیستمی ساردكردنەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی رادیاتەر و لوولەكان و ئاستی مادەی ساردكەرەوە لە دۆخی باشدان و رێگرن لە كوڵان. چاودێریكردنی پاتری و سەرەكانی و پاك و مەحكەم راگرتنیان. وردبوونەوەی بەردەوام لە رادەی هەوا و دۆخی تایەكان، بەكارهێنانی شلەمەنیی كوالێتی بەرز.
گەرمای زۆر كاریگەریشی لەسەر دۆخی رێگەكان و هاتوچۆش هەیە و دەبێتە مایەی نەرمبوون و توانەوەی قیری سەر رێگەكان، كە دەبێتە مایەی خلیسكبوونی رێگەكان و خراپبوونی دەرفەتی ئیستۆپگرتن. بۆ سەلامەتی، شۆفێرەكان دەبێت خێرایی كەم بكەنەوە و ماوەی نێوان خۆیان و ئەوانی دیكە بەرپرسیارانە بێت. هەروەها دەبێتە هۆی قەرەباڵغیی هاتوچۆ، بۆ دووركەوتنەوەش لە گیرخواردن، خۆ لە ناوچە قەرەباڵغەكان بەدووربگیرێت.

شارەزای بواری هاتوچۆ

وتارەکانی نوسەر