یەکخستنی پێشمەرگە لای یەکێتی پرەنیسپە نەک دروشم

11:05 - 2022-07-10
جەمال ئارێز
478 خوێندراوەتەوە

لە دوو ساڵی رابردووی دوای چوارەمین کۆنگرەی ی.ن.ک-ەوە، مەسەلەی یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لەژێر چەتری لیوا و یەکەی نیزامیدا لە خواستێکی لۆکاڵیی دەرچووە و بۆتە خواستێکی نێودەوڵەتیش، بەتایبەتی لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە تیرۆریزمی داعشەوە. 
قسەکردن لەسەر بابەتی بوونی رێکخستنی سیاسیی جیاجیاو بیروڕای حزبیی جیاواز و بوونی یەک هێزی چەکدار ئەگەر لای هەندێک وەک ئەستەم و لای هەندێکی دیکە وەک دروشم و لای هەندێکیش وەک مەحاڵ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت یاخود مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت، ئەوا لای یەکێتی پرەنسیپەو لە سەرەتاکانی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێدا چەسپێنراوە و ئەزموونکرا وو سەرکەوتووش بووە.
مێژووی خەباتی سیاسیی -چەکداریی ی.ن.ک باشترین سەلمێنەر و بەڵگەی ئەو تێڕوانینە نەگۆڕەی یەکێتییە کە لەوکاتەی یەکێتی وەک نیمچە بەرەیەکی سیاسی تا راپەڕین لە شۆڕشدا بووە، ئەگەرچی لە هەناوی رێکخراوەیی خۆیدا لە سێ رێکخراوی سیاسیی خاوەن فیکر و ئایدیای جیاواز پێکهاتبوو، بەڵام خاوەنی یەک هێزی پێشمەرگەی چەکداربوو کە هەموو داستان و  نەبەردیی و چالاکییەکان لەژێر چەتری یەکێتییدا بوو نەک رێکخراوەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان و خاتی گشتی.
بەرلە ڕاپەڕینیش لە سەردەمی بەرەی کوردستانیدا یەکێک لەو بنەما سەرەکییانەی یەکێتی کاری بۆکرد، یەکخستنی هێزە چەکدارەکانی حزبە ئەندامەکانی ناو چوارچێوەی بەرەی کوردستانی بوو، بۆ ئەوەش سەرکردایەتیی و فەرماندەییەی سپارد بەلایەنێکی دیکە وەک راستگۆیی لەگەڵ دروشم و بنەما فیکرییەکەی خۆی.
لە دوای راپەڕینیشەوە یەکێتی بەر لە هەمووان بیری لای یەکخستن و بە پرۆفیشناڵکردنی ئەو هێزە بوو وەک هێزێکی سەربازیی بەدیسپلینی گونجاو لەگەڵ قۆناغی دوای راپەڕین و ئامادەکاریی بۆ دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی بۆ قۆناغی هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومڕانیی خۆبەخۆی کوردستانی لەدوای ئازادبوونی بەشێکی زۆری باشووری کوردستان لە دەسەڵاتی رژێمی بەعس، بۆ ئەو مەبەستەش یەکەم کولییەی عەسکەریی دامەزراند تا هێزی پێشمەرگەی ئایندە هێزێکی  نیزامیی پیشەگەربێت. جگە لەوەش لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، کولییەی عەسکەریی وەک دیارییەک پێشکەشی حکومەتی هەرێم کرد.
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە قۆناغی هەنووکەییدا زەرورەتی بوونی هێزێکی پێشمەرگەی نیشتمانی پیشەگەر لە هەموو کاتێک بە زەروورتر دەزانێت، بەتایبەتی کە لە چەند ساڵی رابردوودا هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش وا پەرت کرابوو کە نەک مۆرکی حزبی تیا زەق ببۆوە، بەڵکو هێزەکان سەرەڕای ئازایەتی و نەبەردییەکانیان خەریکبوو دەکرانە هێزی شەخسی و بۆ ململانێی کەسی و یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندیی شەخسی بەکاردەهێنران.
لە دوای هەشتی تەمووزی ساڵی 2021-ەوە بە هیممەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵمەتێکی لێبڕاوانە گیراوەتەبەر بۆ راستکردنەوەی ئاراستەی سیاسی و خستنەوە سەر رێچکەی سروشتیی کاری هێزە چەکدارەکان بە هێزی ئەمنی و پێشمەرگەوە و داماڵینیان لە هێزی شەخسی و کردنەوەیان بەهێزێکی دوورەپەرێز لە ململانێ سیاسییەکاندا و قەدەغەکردنی وەرگرتنی ئابوونەی حزبی لەناو هێزی چەکداردا، کە ئەوەش واتای گەڕانەوەیە بۆ ئەو پرەنسیپە سەرەتاییەی کە یەکێتی لەسەرەتاوە بڕوای پێی هەبووە و لەپێناویدا تێکۆشاوە و ئێستاش کە بۆتە مەتڵەبی نەتەوەیی و هاپەیمانان، کارەکە بۆ یەکێتی ئاسانتر بووە، چونکە دیارترین پایەی حکومڕانییەکی رەشیدی دیموکرات، بێلایەنکردنی هێزی چەکدارە لە ململانێ سیاسییەکاندا و مەیدانی سیاسەت و کارگێڕیی بۆ سیاسییەکان و ئیدارییەکان جێدەهێڵرێت و پارێزگاریی نیشتمان و دابینکردنی ئارامیی دەرەکیی و ناوخۆیی هەموو لایەکیش بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.

وتارەکانی نوسەر