سزای گونجاو بۆ تاوانباران

10:05 - 2022-07-16
رۆزا دڵشاد مەریوانی
640 خوێندراوەتەوە

لە بڕیارەکانیان پەیوەست بە ژنان و ماف و ئازادییەکانییانەوە لەم دواییانەدا نوێترین بڕیاری حکومەتەکەی تالیبان ئەوەبوو جارێکی دیکە ژنان بورکا بپۆشن و بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، جگەلەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنانیان دەستگیرکرد کاتێک بۆ داوای مافەکانیان لە کابول و شارە گەورەکان خۆپیشاندانیان کرد، واتا وردە وردە لەو وڵاتە دۆخی مەسەلەکانی ژنان و ئازادییەکانیان بۆ ساڵەکانی پێش 2001 و رووخانی حکومەتی تالیبان دەگەڕێتەوە و نیشانەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن تالیبان رووی راستی خۆی پیشان بداتەوە و لە جیاتی ئەوەی گرنگی بە ئابووری داڕماوی وڵاتەکەی بدات کە نیوەی راستی خەڵکەکەی وا لە برسان دەمرن و سوود لە دەستی کاری ژنان وەربگرێت دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا رۆڵی کارایان هەبووە لە بوژانەوەی ئابوری وڵاتەکەیاندا کەچی دەستیکردووە بە راوەدوونان و دووبارە بەندکردنەوەی ژنان لە زیندانەکانی وڵات یان لە نێو ماڵەکانیاندا.

دۆخی ئێستای ژنان
ئەگەر بەگشتی وەکو تەنیا بینەرێک تەماشای دۆخی ئێستای ژنان و ئەو توندوتیژییانە بکەین کە لەسەر ئاستی دونیا و بەتایبەت وڵاتە دواکەوتووەکان دەکرێت، دەتوانین بڵێین توندوتیژییەکانی بەرامبەر ژنان دەکرێت لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنانەی لە دونیادا لە بوارە جیاجیاکاندا بەدەست هاتووە بە تایبەتی لە بواری یاساییدا بۆ دەستبەرکردنی مافەکانیان و سزادانی تاوانباران، بەڵام ئاستی توندوتیژی دژی ژنان چۆتە ئاستێکی ترسناکتر و مەترسیدارترەوە و شێوەیەکی دڕندانەی لە خۆ گرتووە و وایلێهاتووە تەنیا هەواڵی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و کچان تووشی شۆکمان ناکات، بەڵکو شێوازی کوشتنەکان ئەوەندەی تر راماندەچڵەکێنێت و توندوتیژییەکان شێوازێکی دڕندانەیان لە خۆ گرتووە و تاوانباران وەکو دڕندە بەربوونەتە گیانی قوربانییەکان، دیارترین رووداویش لە ماوەی پێشوودا روویدا کاتێک کوڕێک بە چەقۆ وەکو ئەوەی گیاندارێک سەربڕێت بە رۆژی رووناک و لەبەردەم زانکۆی مەنسورەی میسریدا بەربووە گیانی هاوپۆلە کچەکەی تەنیا لەبەرئەوەی رەتیکردبۆوە و بە بەرچاوی خەڵکییەوە رۆحی لەو کچە سەند بێ ئەوەی کەس هیچی بۆ بکرێت هەر لەوێدا کچەکە گیانی سپارد، هەروەها نموونەی ئەو پیاوانەی ژنەکانیان دەسوتێنن یان بەر چەقۆیان دەدەن لەلای ئێمە زۆرە و بە داخەوە رۆژانە دووبارە دەبنەوە.

شێوازێکی دڕندانە
 ئەم جۆرە رووداوانە وامانلێدەکات بپرسین ئاخۆ چی وایکردووە رۆژ بە رۆژ تاوانەکان ئاست و شێوازێکی دڕندانەتر لە خۆ بگرن؟ جۆرە کەرەستەی وا لەو تاوانانەدا بەکاربهێنرێن تاوەکو قوربانییەکان زیاتر بە ئازار و ئەشکەنجەوە گیان لەدەستبدەن؟ بێگومان بە رای من ژیان لە سەردەمی تەکنەلۆژیا ئینجا جەنگە یەک لەدوای یەکەکانی دونیا و چەندان هۆکاری دیکە وایانکردووە مرۆڤەکان رۆژ بە رۆژ توندوتیژتر و دڕندەتر ببن و لەبەرامبەردا هەست و سۆز و بەزەییش لەنێویاندا کەمبۆتەوە و بەشێکی زۆری مرۆڤەکان دەروونیان نائارام و ناجێگیرە، بۆیە زۆر کەس هۆکاری ئەو تاوانانە دەدەنە پاڵ تێکچوونی باری دەروونی تاوانبار رەنگە ئەوە راست بێت، بەڵام بە رای من نابێت هەرگیز ئەوە وەکو پاساو بەکاربهێنرێت بۆ دەربازبوونی تاوانباران بە تایبەتی ئەوانەی تاوانی کوشتن دەکەن، چونکە ئەگەر بە توندترین سزا کە سزای لە سێدارەدانە سزا بدرێن رەنگە دۆخەکە زۆر جیاوازتر بێت، ببورن رەنگە زۆر کەس ئەم رایەی منیان لەلا قەڵس بێت بە تایبەتی ئەوانەی پاڵپشتی مافەکانی مرۆڤ دەکەن و منیش یەکێکم لەوان، بەڵام بە راستی هەندێک تاوان و تاوانبار ناتوانیت هیوای سزای لە سێدارەدانی بۆ نەخوازیت، لەبەرئەوەی ئەگەر تاوانباران لەسەر ئەو تاوانە وەحشەتگەریانە لە سێدارە بدرێن ئەو کاتە هەرکەسێک بە نیازی تاوانی کوشتن بێت و بەرنامەی بۆ داڕێژابێت رەنگە لە ترسی ئەو سزایە و گیانی خۆی «چونکە هەمیشە گیان شیرینترە» سڵ بکاتەوە لەوەی ئەو تاوانە بکات. 

وتارەکانی نوسەر