کاردانەوەکانی پشت شەڕی روسیا- ئۆکرانیا

06:29 - 2022-03-24
ئیبراهیم محێدین
423 خوێندراوەتەوە

شەڕی روسیا و ئۆکرانیا لە نێوان یەکێک لە زلهێزترین وڵاتانی دنیا و وڵاتێکدایە کە زادەی دوای هەڵوەشانەوەی پێشتری زلهێزەکەیە، کە هەردووکیان سەردەمانێک لە ناو یەکێتی سۆڤێت بوون و کۆمارێ فیدراڵی نیمچە سەربەخۆی ناو چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بوون، هەروەها ئەندامی هاوپەیمانێتی وارشۆ بوون، کە وەک نەیارێکی هاوشانی هاوپەیمانێتی ناتۆ هاتە مەیدان، ئۆکرانیا لە دوای نەمانی یەکێتی سۆڤێت و هاوپەیمانێتی وارشۆ وەک وڵاتێکی سەربەخۆ له دایک بوو، دواتریش وەک یەکێ له وڵاتانی شۆڕشی پرتەقاڵی ناسرا له جیهاندا، دوای جیابوونەوە و دانپێدانانی لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە، دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا دا هەیە و دەیەوێت بچێتە ناو هاوپەیمانی ناتۆ و یەکێتی وڵاتانی ئەوروپاوە.
مل نەدانی ئۆکرانیا بۆ روسیا
لەم روانگەیەوە ئۆکرانیا مل نادات بۆ خواستەکانی روسیا و هەر ئەم مل نەدانە زەمینەڕەخسانی بەردی بناغەی ململانێی بنەڕەتی نێوان روسیا-ئۆکرانیایە، کە بە تێپەڕینی کات ئەو شەڕەی ئەمڕۆی لێکەوتەوە. شەڕەکە، سەرۆک بایدنی خستۆتە نێوان دوو بەرداشی حزبەکەیەوە لەلایەک، هەروەها کۆمارییەکانی نەیاری لە لایەکی ترەوە، کۆمارییەکان، هەلی خوێندن و رەخنەگرتن لە بایدن دەجولێنن، بەوەی سەرۆک بایدن پیاوێکی بێ هێزە، کۆنترۆڵی جڵەوی روسیای پێ ناکرێت کە دەیەوێت ئۆکرانیا داگیر بکات، هەروەها هەڕەشەیە بۆسەر ناتۆ کە ئەمریکاش ئەندامێکی دیاری ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەیە، لە لایەکی تریشەوە سەرۆک دەزانێت جگە لە یارمەتی ناڕاستەوخۆ بە پارە و چەک هەربەشدارییەکی راستەوخۆی هێزەکانی ئەمریکا لەشەڕی ئۆکرانیادا زەنگ لێدانێکی ئاشکرای هەڵگیرسانی شەڕی سێیەمی جیهانییە، کە لەم کاتەدا نە ئەمریکا و نە زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ نایانەوێت هەڵبگیرسێت، چونکە مەترسی گەورە لەسەر ئاسایشی جیهان دروست دەکات بە ناتۆ خۆشییەوە.
تورکیا لە هەمان دووڕێی ئەمریکادایه لە لایەک ئەندامی ناتۆیە و رووی لە ئەوروپایە، لە لایەکی تریشەوە نایەوێت بچێتە سەنگەری دژ بە روسیا و دۆستەکانیەوە، کە سوریا و ئێرانە و زۆرتر لە سەنگەری دژی ئەمریکادان، بۆیە هەمیشە ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەدات کە پەیوەندی لەگەڵ هەردوو وڵاتی شەڕکەردا باشە.
مەترسی درێژخایەنی شەڕەکە
مەترسییەکی تری ماکی درێژخایەنی شەڕەکە، راکێشانی وڵاتی زلهێزی روسیایە بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکە قورس و مرۆڤ کوژانەی کە لای هەمو وڵاتێک نین، هەرچەندە ئاسان نییە چەکی ئەتۆم بەکاربهێنێت و کێشەی گەورە بنێتەوە، بەڵام چەکە ترسناکەکانی تری پێش چەکی ئەتۆمیش لەوێنەی چەکی کیمیای و بۆمبی وێرانکەر بۆ کوشتنی خەڵکی بێ تاوان، هەستی وڵاتانی بەرەی پاڵپشتی ئۆکرانیا دەجوڵێنێت، بۆ دانی چەکی کاریگەر بە ئۆکرانیا، ئەمەش لای روسیا مایەی قبوڵ نییە و وادەکات رۆژ دوای رۆژ چەکی قورستر بەکاربێنێت، هەرچەندە لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەکی شەڕی جیهانی سێیەم لە ئارادا نییە، بەڵام کۆتایی نەهاتنی شەڕەکە و بەکارهێنانی چەکی قوستر و بەرپەرچدانەوەی چەکەکانی روسیا و پاڵپشتی بەردەوامی ئۆکرانیا لە نەکەوتن، زەنگێکی مەترسیداری تێوەگلانی وڵاتانی ترە لە شەڕەکەدا، بە دیوێکی تردا تێوەگلانی وڵاتانی زلهێزی نەیاری روسیا لە شەڕەکەدا وەک ئەمریکا، مایەی تەشەنەکردن و گەورەبوونی شەڕەکەیە، بە بەکارهێنانی چەکی گەورە و ترسناکتر و تێوەگلانی وڵاتانی ناتۆ لە شەڕەکەدا، ئەمەش مایەی کردنەوەی دەروازەی شەڕێکی نوێی جیهانییە، ئەگەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش رووی نەدا تێوەگلانی بەشداری وڵاتانی ناتۆ لە شەڕەکەدا هەنگاونانە بەرەو شەڕی جیهانی سێیەم.
دووبارە درێژە کێشانی ئەم شەڕە مەترسی لە سەر ئاسایشی ئابوری جیهان دادەنێت لە کاتێکدا روسیا و ئۆکرانیا خاکێکی زۆری شیاویان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵەی گەنم و جۆ. گەنمەشامی، گوڵەبەڕۆژە، هەردوو وڵاتەکەش لە سەدا سی زیاتر پێداویستی دانەوێڵە لەسەر ئاستی جیهان دابین دەکەن، جگە لەبەرهەمهێنانی رۆن، گازی سروشتی و نەوت، بۆیە بەردەوامی شەڕەکە تا دێت مەترسی زیاتر دەخاتە سەرئاسایشی ئابوری جیهان و لە ئێستاشدا کاریگەریەکەی دەرکەوتووە و ئەو مادانە نرخیان بەرز بۆتەوەو بەردەوامیش لە بەرز بونەوەدان، هەروەک شەڕەکە داتەپینی ئابوری روسیاشی لێدەکەوێتەوە کە یانزەهەمین وڵاتی زلهێزی ئابوری جیهانە.
دوای نەمانی هاوپەیمانی وارشۆ و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێت، روسیا هەمیشە هەستی بە پەراوێزخستن کردووە و خەو بە گەڕانەوەی بۆ جەمسەرێکی گەورەی جیهانی دەبینێ، چاوی بەرایی نادا کە ئەمریکا وەک تاک جەمسەر هەیمەنەی لەسەر ئاستی جیهاندا هەیە و روسیا پەراوێزخراوە، وەک زلهێزێ جیهانی، هاوپەیمانانی ناتۆ بە هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەی دەزانێت، بەداگیرکردنی ئۆکرانیاش دەیەوێ لەمپەرێ لەسەر تەشەنەکردنی ناتۆ دابنێت و وانەیەک بداتە وڵاتانی ئەوروپا. چونکە روسییەکان وڵاتانی ئەوروپا بە هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەیان دەزانن کە زۆربەیان ئەندامی ناتۆن.
خەوی ئایندەی روسیا
خەوی ئایندەی روسیا گێڕانەوەی سنوری وڵاتانی هاوپەیمانی وارشۆی پێشوە، گەر بۆی بچێتەسەر، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر بچوک کردنەوەی ناتۆ، چونکە زۆربەی وڵاتانی بەرەی وارشۆی جاران، ئێستا ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپان، ناتۆش داگیرکرنی ئۆکرانیا بە سەرەتای دەروازەی جێبەجێکردنی خەوەکەی روسیا دەزانێت، هەنگاوی یەکەمی هەوڵی روسیا بە ئەندام نەبونی ئۆکرانیایە لە ناتۆ، هەرچەندە ناتۆ ئاماژەی بەوە داوە جارێک ناتوانێت ئۆکرانیا وەک ئەندام وەرگرێت، لە ئێستاشدا روسیا خەونەکەی بۆ چووەتەسەر، بەڵام ئەگەر شەڕەکە بوەستێت، ئەم کێبەرکێیە لە نێوان روسیا و وڵاتانی ئەوروپادا هەردەمێنێت و هەردوولا کار لەسەر لەمپەر دانان لەبەرامبەر خەونەکانی یەکتر دادەنێن.

وتارەکانی نوسەر