کەسوکاری شەهیدان لە نێوان خەم و هیوادا

10:13 - 2022-08-25
ئیبراهیم محێدین
595 خوێندراوەتەوە

ساڵانێک پێش راپەرین، لەوکاتەی کە گەنجانی وڵات لەپێناوی پاراستن و داکۆکیکردن لە پیرۆزییەکانی گەل و نیشتمان روویانکردبووە سەنگەرەکانی بەرگری، لەلایەکەوە مەبەستیان بوو لەو پێناوەدا گیانی خۆیان بکەنە قوربانی ئەو خاکەی تیایدا لەدایک بوون. 
لەلایەکی تریشەوە مەبەستیان بوو  ئەو سەربەرزییە بە کەسوکاریان ببەخشن کە هەموولایەک بزانێت رۆڵەکانیان لە جیگای پارە و سامان، پیرۆزی گەل ونیشتمانیان لا بە بایەخ تر بووە. 
ئەمەش وایکرد خاکی ئەم وڵاتە بە خوێنی هەزاران شەهیدی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز ببەخشێت و کەسوکارەکانیشیان بە ئومێدی رۆژانی ئازادی و سەرفرازی شانازی بکەن کە رۆڵەکانیان کردۆتە قوربانی.                      

 

بەشێک لە کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکان پێیان وایە وەک پێویست بایەخیان پێنادرێت و پشتگوێ خراون، ئەگەرچی رابردووی تێکۆشانی ئەوان ئەمڕۆی بەدەستهێناوە

 

 

ئەگەر چی شەهیدانی گەل و خاک بەوپەڕی دڵسۆزی و نییەت پاکی خۆیان نیشاندا لەو پێناوەدا، بەڵام بەداخەوە کەسوکاری قوربانییان نەیانتوانی وەک پێویست لەسایەی ئازادیدا ئەو سەروەریەیان  بۆ بپارێزرێ کە بەر لە راپەڕیندا خەونیان پێوە دەدیت.
 لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە، بەشێک لە کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکان پێیان وایە وەک پێویست بایەخیان پێنادرێت و پشتگوێ خراون، ئەگەرچی رابردووی تێکۆشانی ئەوان ئەمڕۆی بەدەستهێناوە. 
بێگومان بەردەوامی ئەم دۆخە وادەکات پەیوەندی نێوان کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکان و بەرپرسان بەرەو لاوازی بچێت، لەجێگەی ئەوەی ببێتە دەستێک بۆ پشتگیریکردنی ئەم حکومەتە، بەرەو نائومێدی بچن و چیتر ئامادە نەبن  لەناو ژیانێکی خۆشگوزەرانیدا درێژە بەژیانی خۆیان بدەن و حکومەت بەهی خۆیان بزانن. 
ئەم قسانە بڵنگۆیەکە بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتی بەشێکی زۆری کەسوکاری شەهیدان کە سالانێکە دەریدەبڕن و هیواخوازن چیتر وەک هاووڵاتی پلە دوو لێیان نەڕوانرێ، 
کەسوکاری شەهیدان هێشتا پێویستیان بە هاوکاری جۆراوجۆر هەیە لە رووی خزمەتگوزارییەوە و بژێوی ژیانیانەەوە، چونکە ئەوان دەیانەوێت بەجۆرێک بژین، شانازی بکەن بەو حکومەتەوە کە رۆڵەکانیان بەوپەڕی دڵســــۆزییەوە خوێنیان لەو پێناوەدا بەخشــــیوە.                                                                                                    

وتارەکانی نوسەر