مەترسییەکی دیکەی ناو ماڵی شیعە

09:41 - 2022-07-17
‎‎سۆزان حەمە تاتە
391 خوێندراوەتەوە

دوای دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تا ئەندازەیەک چوارچێوەی هەماهەنگی رێگەیان بۆ تەخت بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراق، بەڵام لێدوانێکی هادی عامری مەترسییەکانی زیاتر کرد کاتێک رایگەیاند بەشداریی پێکهێنانی حکومەتی عیراق ناکات، کە لایەنێکی سەرەکی پڕۆسەکەیە.
راستە کە وتوویەتی دەنگ بە بەربژێری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراق دەدات، بەڵام ناشبێت خەونی ئەوەی لەسەر هەڵچنرێ کە تا کۆتایی پشتیوانی حکومەت دەبێت، بەڵکو سەرچاوەی ئەو بڕیارە لە بێ هیواییەوەیە، ئەوەش مەترسیدارە.
ئێستا کۆی پێکهاتە نەتەوەیی و هێزە سیاسییەکانی عیراق پەرتەوازەن، شیعە چەند رەوتێکن، سوننەش هەروەها، هەمووشمان واقیعی حاڵی هێزەکانی کوردستان دەزانین، کە دوورن لەیەکەوە.

ئێستا کۆی پێکهاتە نەتەوەیی و هێزە سیاسییەکانی عیراق پەرتەوازەن، شیعە چەند رەوتێکن، سوننەش هەروەها، هەمووشمان واقیعی حاڵی هێزەکانی کوردستان دەزانین، کە دوورن لەیەکەوە

هادی عامری سیاسییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو جۆرێک لە کاریزمایەتیی هەیە، بەشداری نەکردنی لە حکومەتی داهاتووی عیراق، کەلێنە سیاسییەکان زیاتر دەکات با دەنگیشی بۆ کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بێت.
موقتەدا سەدر دەیەوێت شەڕی پەرلەمانیی بباتە گۆڕەپانی تەحریر، واتە نایەوێ لە گۆڕەپانی سیاسی دووربکەوێتەوە، بەڵام میکانیزم و شێوازەکەی دەگۆڕێ، سەدر هەڵوێستی ئەمانی نییە و ناجێگیرە، پێکهێنانی حکومەت بێ سەدر مەترسیدارە، وا هادی عامریشی هاتەسەر.
لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە یەکەم جارە شیعەکان بەو شێوەیە ناکۆک و دوور لەیەکتر بن، ئەمە مەترسیدارە، با کەس دڵی پێی خۆش نەبێت.
بەهەمان شێوەی پەرتەوازەییان، یەکگرتوویی شیعەکانیش مەترسیدارە، ئێستا موقتەدا سەدر و هادی عامری بڕیاریانداوە بەشداریی حکومەتی داهاتووی عیراق نەکەن، ئەوەش قۆناغی سیاسی و حکومڕانی عیراق بەرەو تونێلە تاریکەکە دەبات، کە کەس خۆزگەی پێ ناخوازێ.
تۆفانی سیاسی رووی لە عیراق کردووە، پێشبینی بۆ داهاتوو ئاڵۆز و قورسە، ئەگەر لەژێر گوشاری دەرەکیدا پەرجووی سیاسی روونەدات.

وتارەکانی نوسەر