مەترسییەکانی فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل- حەماس

10:14 - 2023-10-29
‎‎سۆزان حەمە تاتە
379 خوێندراوەتەوە

چەمکی فراوانبوون پەیوەندیی بە زۆر بوار و رووکارەوە هەیە، هەیانە زیانی زۆر و هەشیانە دەچێتە خزمەتی مرۆڤایەتیی یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوەوە، ئەوە دەوەستێتە سەر ئاکامەکانی رووبەری و چۆنێتی و چەندێتیی فراوانبوونەکە کە ئایا زیانی زۆریان دەکەوێتە خزمەتی کۆمەڵگەوە؟ جەنگی ئیسرائیل و حەماس سێ هەفتەی تێپەڕاند، قوربانیی زۆر هەیە، بێگومان ئەنجام و کاریگەریی نەرێنی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، لە هەر روویەکەوە بیگری مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاییندەی پەیوەندییەکانی ناوچەکە و جهیان دروستدەکات، لەکاتێکدا جیهان پێویستی بە سەقامگیریی و ئاشتەوایی هەیە،  یەکێک لەو مەترسییانەی بەهۆی جەنگەکەوە هەیە بریتییە لە (فراوانبوون)ی پانتایی و نەخشەی جەنگەکە، هەردوو کارەکتەری دیکە، ئیتر دەوڵەتی بن یان هێزی سەربازی و رێکخراوی چەکداری لە وڵاتانی دیکەوە و  بەشدارییان لە رێگەی ناراستەوخۆ و پشتیوانیی لۆجستی و هەواڵگری و خۆشکردنی زیاتری ئاگری جەنگەکەوە.
ئاماژەکانی ئەو فراوانبوونە دەرکەوتوون، بۆ نموونە حزبوڵڵای لوبنان لە زاری جێگری ئەمیندارەکەیانەوە وتی ئێمە لەناو قووڵایی جەنگەکەداین، بە کردەوەش دەستیان بە موشەکبارانکردنی پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەسەر سنوور کردووە، لە نێوان هەردوولاشیاندا کوژراو و بریندار و خاپووربوون هەیە، بەڵام هێشتا وەکو بەشداربوویەکی کارا ئەژمار ناکرێت، بەڵکو هەر داوای لێدەکرێت خۆ بەدوور بگرێت، بەتایبەتی ئیسرائیل هەڕەشەی توندی بۆ ناردوون.
 ئیسرائیل فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەبی کردە ئامانج و لە کاری خستن، راشیگەیاند ئەوە لێدانە لە هێزەکانی نزیکی ئێران، نموونە و ئاماژەی دیکەی فراوانبوونی جەنگەکەش هەن، هەندێک لە گروپە چەکدارەکان لە عیراق بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی هەریر و عەین ئەسەد کە شوێنی مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانن و لە ماوەکانی رابردوودا دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەجەنگان، هەرچەندە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند رێگە بە هیچ گروپێکی چەکدار نادەن ببێتە مەترسیی لەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام ئەوەی روونە حکومەتی عیراق بەتەواوەتی توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو گروپانەی نییە.
ئەوانە بەشداریی راستەوخۆ و رەسمی نین بۆ فراوانکردنی بازنەی جەنگ، بەڵکو جۆرێکن لە گوشارکردن لەسەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی هێرشەکانی سەر غەزە رابگرێت، بەڵام ئیسرائیل ناچێتە ژێر گوشاری لەو جۆرە و بیانووی زۆری بەدەستەوەیە. زۆرینەی وڵاتانی زلهێز پشتیوانیی ئیسرائیل دەکەن بەتایبەتی بۆ رێگرتن لە فراوان نەبوونی جەنگەکە. 
ئەمریکا کەشتیی فڕۆکە هەڵگری گەورەی هێناوەتە ئاوەکانی ناوچەکە، هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە هەر لایەنێک ببێتە لایەنی بەشداربووی جەنگەکە لە دژی ئیسرائیل، ئەوا بە توندی رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەش جیهان بەرەو جەنگێکی گەورە دەبات و مرۆڤایەتی لە کارەسات نزیک دەکاتەوە. 

وتارەکانی نوسەر