گرتنەوەی ئاو و خۆکۆژیی سیاسی

10:19 - 2023-09-03
‎‎سۆزان حەمە تاتە
317 خوێندراوەتەوە

هەندێک لە پیاوە سیاسییەکان پێیانوایە هەرێمی کوردستان کارتی ئاو وەک گوشار لەسەر بەغدا بەکاربهێنێت باشە، بۆ ناچارکردنیان لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەرێم.
لە سیاسەتدا بەکارهێنانی کارتەکان لە دژی یەکتر کارێکی ئاساییە، بەڵام گرتنەوەی ئاو دوورە لە بەها مرۆییەکان، چونکە ئەمە پەیوەستە بە ژیانی گشتییەوە نەک حکومەت.
 کاری لەم چەشنە، مەترسی گەورە و ترسناکتر دەهێنێتە پێش، لەوانە:
یەکەم: هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عیراقی فیدراڵ، راستە کێشەی بەغدا ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکردووە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت سامانی سروشتیی ژێر زەوی و سەرزەوی بەپێی دەستوور بە موڵکی هەموو عیراقییەک دادەنرێت.
دووەم: دەستبردن بۆ کارتی ئاو ناوبانگی هەرێمی کوردستان و ئەزموونە سیاسییەکەی لەسەر ئاستی جیهان ناشیرین دەکات.
سێیەم: کێشەی هەولێر و بەغدا پەیوەندیی بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە هەیە نەک خەڵکەکەی، بۆیە ئەو کارتە دەچێتە خانەی سزادانی خەڵکی مەدەنییەوە کە ئەوەش مەترسیی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
چوارەم: لە هەرێمی کوردستان دەیان کێشەی سیاسی، ئابووری و خۆبەڕێوەبردن هەیە، لەڕووی هێزەوە بەرامبەر بەغدا هاوسەنگ نییە. 
سزادانی خەڵکی مەدەنی و کەرتی کشتوکاڵی کە ژیانی سەدان هەزار کەسی لەسەرە، بخرێتە ژێر مەترسییەوە کارێکی ناڕەوایە. گرتنەوەی ئاو لەلایەن لایەنێکەوە یان دەوڵەتێکەوە یان هەرێمێکەوە بەرامبەر ئەوی دیکە دەبێت دوو خاڵی بەهێزی تێدابێت: یەکەم: ئەو لایەنەی ئاوەکە دەگرێتەوە پێویستە لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە بەهێزبێت، بۆ نموونە تورکیا لەبەرئەوەی لە عیراق بەهێزترە، کارتی گرتنەوەی ئاوی وەکو گوشار بەکارهێناوە و عیراقیش ناتوانێت وەڵامی توندی بداتەوە و هەر داوای رێکەوتنی لێدەکات.
دووەم: لایەنی ئاوگرەوە ئامادەکاریی لۆجستی هەبێت بۆ گلدانەوە و بەکارهێنانی ئاوەکە، بۆ نموونە بەنداوی زۆری هەبێت و رێگربێت لەوەی گرتنەوەی ئاوەکە زیانی هەبێت. 

وتارەکانی نوسەر