کورد کوشتن، مێژووی دووری دووبارە

10:26 - 2023-10-17
‎‎سۆزان حەمە تاتە
519 خوێندراوەتەوە

سۆزان حەمەتاتە   

هێشتا مێژووی کورد کوشتن لەسەر رێی هەڵەی خۆیەتی، نە دوژمنەکانی کۆڵدەدەن و نە کوردیش خۆی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بۆ خۆدەربازکردن لێی هەیە، لە هەردوو بارەکەدا جیهانی سەردەستیش لێی بێدەنگە یان دەنگی هێندە بەرز نییە ئەو مێژووە رابگرێت، نوزەیەکی بەناوی مافی مرۆڤەوە لێدێتەدەرەوە، بەڵام بایی ئەوەندە نییە رێبگرێ لە بەردەوامیی کوردکوژی.
نوێترینی بەردەوامیی ئەو مێژووە هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستانە بە ئاسن و ئاگر، تەنانەت بەهەڵە (وەکو دەڵێن) ئاهەنگێکی دەرچوونی سەربازیش کرایە ئامانج کە بووە هۆی کوشتنی زیاتر لە 100 خوێندکار، رەنگە بیانەوێ ئەوەش بەسەر سیاسەتی هەڵەی کوردا بدەن، خۆ بۆ ئەوان هیچی وای تێناچێت.
بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد، بزووتنەوەیەکی تیرۆریستیی نەبووە، کەمترین غافڵگیریی کوشتنی بەرامبەرەکەی تێدا بووە، لەکاتێکدا دەیان سەرکردەی کورد غافڵکوژ کراون، لە کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بۆ خاتری دڵی ئەوان پەردەپۆش کراون، کورد هەر قوربانی بووە.
سیستمی جیهانی ئێستا رێگە بە گۆڕانکاریی لە نەخشەی سیاسیی دەوڵەتەکان نادات، ئاوەڵاکردنی دەستی سوپای عیراق بۆ هێرشکردنە سەر کەرکوک راستەوخۆ پەیوەندیی بەو سیاسەتە جیهانییەوە هەبوو، چونکە هەڵسەنگاندنی باش بۆ پڕۆسەکە نەکرابوو، دووربینی و تیژبیریی سیاسییانەی لە پشتەوە نەبوو، دەرەنجامەکەیمان بینی.
یاسایەک هەیە کە مێژوو دەیان نموونەی وەکو بەڵگە دەخاتە پێش: شەڕ و کوشتن و داگیرکاریی کۆتایی بە بزووتنەوە رزگاریخوازییەکان ناهێنێت، هەر مرۆڤی تیادا دەبێتە قوربانی، جەلادەکان دەڕۆن، خاک و گەلەکان دەمێننەوە، یان بە ئازادکراوی یان بە داگیرکراوی، بەڵام مرۆڤایەتی لە پێشکەوتن دوادەخەن.
هەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی رابردووەوە، خاکی کوردستان دابەشکراوە و داگیردەکرێ، سیاسەتی دڵڕەقانەی لەسەر پیادە دەکرێ، بزووتنەوەکانی شکستیان خواردووە و هەڵساونەتەوە، ئەو گەلە تا لێواری لەناوچوون براوە، بەڵام هەر ماوەتەوە، مێژوو بە هەردوو رووەکەیدا درێژەی هەیە و دەبێت.
پرسیارێکی لۆژیکی هەیە: مادام مێژوو 100 ساڵەی کوردکوژی نەیتوانیوە ئەو گەلە لەناوببات، ئیتر بۆچی بیر لە بژاردەیەک ناکرێتەوە کە کورد بگات بە کەناری ئارامی و کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنرێت؟ 
بۆچی جیهان گوێی لە دەنگی ئازادیخوازانەی کورد نابێت و لایەک بە لای خەونەکانیدا ناکاتەوە؟ جگە لە هەڵوێستی جیهانیی راستەقینە کە توانای کۆتاییهێنان بە کوردکوژیی هەیە، سیاسەتی کوردانەی یەکگرتووش دەتوانێت پەنایەکی ئارام، ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆش نەبێت کە لەئێستادا ئەستەمە بۆ کورد دەستەبەر بکات، ئەمەیان ئاسانترە و دەکرێ، باشترە کاری جدیی لەسەر بکرێت.

 


پێویستە جیهان لە ئاست تاوانەکانی تورکیاش بەرامبەر رۆژئاوا بێدەنگ نەبێت

وتارەکانی نوسەر