پەشمەک

گەشتەکانم بۆ ئەمریکا

10:19 - 2022-07-17
ڤینۆس فایەق
479 خوێندراوەتەوە

61

«ئەگەر لەناو هۆڵیوودا محافزکار بیت، ئەوا دەچیتە سەر لیستی ئەو کەسانەی دەبێت لە جێگەی خۆیان دانرێن». 
ئادەم کارۆلا، راگەیاندکارێکی ئەمریکی
بینینی هۆڵیوود و وێنەگرتن لە نزیک ئەو شاخەوە کە وشەی هۆڵیوودی لەسەر جێگیرکراوە، پیاسەکردن لەسەر ئەو شەقامەی ناوی ئەکتەرە بەناوبانگەکانی لەسەر هەڵکەنراوە چێژبەخش بوو، هەڵبەت بەو دیوەدا کە مەبەستم بوو و ئەزموونێکی نوێ بوو، جێگەیەک کە تەنها لە تەلەفزیۆندا دەمبینی و لە نزیکەوە زیاترین وردەکاریی لەسەر کۆکەمەوە.
لە گەشتەکەمدا لە ئەمریکا، بە پەرۆش بووم هۆڵیوود ببینم کە هێمایەکی بەناوبانگی رۆشنبیری و چەقی دونیای فلیمسازیی ئەمریکییە و دەکەوێتە هەرێمی لوس ئەنجلسەوە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا. 
جگە لە رێستورانت و بازاڕە گرانبەهاکانی، چێژێکی تایبەتی هەبوو پیاسەکردن بەو شەقامەدا کە ناوی زۆربەی ئەکتەرە جیهانییە بەناوبانگەکانی لەسەر هەڵکەنراوە، لە نزیکەوە ئەو وشەی هۆڵیوودە ببینم کە لە هەر جێگەیەکەوە لە هۆڵیوود لێی بڕوانیت لە چاوتەوە دیارە. و سەرکەوتن بۆ سەر لووتکەی «ماونت» کە وشەکەی بە گەورەیی لێ جێگیرکراوە، هەروا ئاسان نەبوو، هەڵبەت نەگەیشتمە سەر لووتکەی شاخەکە، بەڵام لە جێگەیەکدا لە خوار لووتکەکەوە زۆر بە ئاسانی وشەکە دەبینیت کە بە پیتی ئینگلیزی گەورە نووسراوە و دەتوانرێ سێلفیش بگیرێ، هەر پیتە بە درێژیی 13.7 مەتر داکوتراوە و درێژیی کۆی وشەکەش دەگاتە 106.7 مەتر. 
لە شاخەکە هاتمە خوارەوە بەروە شەقامی
Hollywood Walk of Fame واتا شۆستەی بەناوبانگەکان لە هۆڵیوود، کە بە درێژایی 15 بینا لەسەر شەقامی Hollywood Boulevard بەڕێکەوتم، و زیاتر لە 2640  ئەستێرەی پێنج چوکڵەیی رەنگی مسیی لەسەر داکوتراوە وەکو رێزلێنانێک بۆ ئەکتەرە مرۆڤەکان و تەنانەت کەسایەتییە کارتۆنی و ئاژەڵەکانیش. 
کە دەگەیتە هۆڵیوود مێژووی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی فلیمسازی لە ئەمریکا دەبێتە مەراقت و ناوی هۆڵیوود لە چییەوە هاتووە؟ جا پێش ئەوە دەبێت لە مێژووی هۆڵیوود خۆی بپرسیت، کە تا ساڵی 1853 تەنها دێیەکی کشتوکاڵی بووە هەتا ساڵی 1883 هارڤی وێلکۆکس، گەورە بازرگانی ئەمریکی کە لەو سەردەمەدا ئیشی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بووە و ئێستا لە هۆڵیوود شەقامێک بە ناوییەوەیەتی، لەگەڵ «دایدا»ی هاوسەریدا لە شاری تۆبیکای ویلایەتی کەنساسەوە دەگوێزنەوە بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا، 160 فەدان زەوی لەسەر گردێکی نزیک کاهۆینگا دەکڕن بۆ ئەوەی ئاوەدانی بکەنەوە. دایدای هاوسەری لەبارەی ویلایەتی ئۆهایۆوە کە نەیبینیوە دەبیستێت، دێیەکی لێ دەبێت زۆربەی خەڵکەکەی بەڕەگەز هۆڵەندییەکانن کە کۆچیان کردووە و لەوێ نیشتەجێبوون، ناوی «هۆڵیوود»ە، و گوایا جێگەیەکی ئێجگار جوان و سەرنجڕاکێشە. دایدا ناوەکەی بە دڵ دەبێت، پێشنیاز دەکات ئەو جێگەیەی بە نیازن ئاوەدانی بکەنەوە ناوی «هۆڵیوود»ی لێ بنێن. 
جا کە پێ دەخەیتە ناو هۆڵیوودەوە هەست دەکەیت یەکێکی لە ئەکتەرەکانی فلیمێکی رۆمانسی، ئەکشن، خەیاڵی زانستی یان هەر فلیمێکی ئەمریکی. خەڵکی هۆڵیوود بە دەگمەن تیایاندایە مێژوو و وردەکاریی دروستبوونی هۆڵیوود بزانن، لەباوەڕمەوە بەهێندەی بیانییەک بەلایانەوە گرنگ نەبێت لەو وردەکاریانە بکۆڵنەوە کە تیایدا دەژین و لەبەرچاویاندایە.
- تەواو-

وتارەکانی نوسەر