چەمکی جوانیی و فۆبیای ناشیرینی

11:25 - 2025-01-27
ڤینۆس فایەق
111 خوێندراوەتەوە

جوانیی راستەقینە ئەوە نییە بە چاوەکانمان   دەیبینین، بەڵکو ئەوەیە کە بە رۆح دەیبینین و بە ئەقڵ خوێندنەوەی بۆ دەکەین

پرسیاری «ژن بۆچی نەشتەرگەریی جوانکاریی دەکات؟» جیاوازە لە پرســــیاری «بۆچـــی نەشتەرگەریی جوانکاریی دەبێتە خوو لای ژن؟». ئەم دوو پرسیارە لە ناوەڕۆک و مەبەستدا زۆر جیاوازن لە یەکتر، چونکە هەندێ دەستکاریی و نەشتەرگەریی هەیە مەبەست لێی چاککردنی خەلەلێکە لە دروستبووندا، بەڵام هەندێ جوانکاریی تر هەن زیادەڕەویی و نیگەرانییە و دەگاتە جۆرێک لە فۆبیای ناشیرینیی، بۆیە گرنگە پێش ئەوەی دەستکاریی خۆت بکەیت لە خۆت بپرسیت: بۆچی خۆمم بە دڵ نییە؟ بۆچی خۆم ناشیرین دەبینم تا ئەو راددەیەی پەنا بۆ نەشتەرگەریی جوانکاریی بەرم؟ بۆچی لە مێشکمدا لەجیاتیی ئەوی تر بڕیاڕمداوە کە من لە چاویدا ناشیرینم و پێویستیم بە نەشتەرگەریی جوانکارییە؟ کێ دەڵێ ئەوی تر لەسەر رووخسارم حوکم دەدات بۆ ئەوەی مامەڵەم لەگەڵدا بکات؟ ئاخۆ مەسەلەکە نەبوونی قەناعەتە بەوەی هەیە، یان متمانە نەبوونە بەوەی هەیە، یان فۆبیای ناشیرینییە؟ بێگومان هەموو مرۆڤێک لەم دنیایەدا پێیخۆشە بە رواڵەت لە چاوی ئەوانی تردا جوان دەرکەوێت و پێی خۆشە ستایشی جوانییەکەی بکرێ، بەڵام ئەمە نەبێتە مەراق و مێشکمان داگیر بکات.
 
جوانیی بە تەنها لە رووخساردا نییە
ئەگەرچی سەبارەت بە چەمکی «جوانیی» بە واتا مەجازیی، مەعریفیی و زانستییەکەی قسە و باسێکی درێژ و قووڵ هەڵدەگرێ، بەڵام جوانیی بە تەنها لە رووخساردا نییە، هەروەها «جوانیی» تەنها ئەوە نییە کە بە چاوەکانمان دەیبینین. کێشەی چەمکی «جوانیی» لەوەدایە، بەش بەش کراوە، چاو زۆرینەی بەرکەوتووە، لە کاتێکدا بۆ ئەوەی بڕیار لە جوانیی شتێک یان کەسێک بدەیت، دەبێت هەموو هەستەکانت بەشداربن لە هەڵسەنگاندندا، بۆ نموونە خواردنێک کە بە شێوە ناشیرینە رەنگە بە تام و بە بۆن خۆش بێت، هەمان شتیش بۆ ئادەمیزاد راستە، ئەوەی بە رووخسار ناشیرینە، لەوانەیە بە ناوەڕۆک کەسێکی ئێجگار جوان بێت، وەکو مۆراڵ و دنیابینیی و بیرکردنەوە و ئاستی هۆشیاریی و رۆشنبیریی و مامەڵەی لەگەڵ دەوروبەری. کێشەکە لێرەدا «قەناعەت» و باوەڕ بەخۆبوونە، بینینی زیاتر لە دیوێک لە کەسەکاندا و لە شتەکاندا، لە هەموو شتێکدا لە دەوروبەرمان، هەروەها توانای خستنەکاری هەموو هەستەکانمان بەیەکەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کەسە یان ئەو شتەی بە چاو دەیبینین بەدەر لەوەی جوانە یان ناشیرین. «جوانیی» یەکێکە لە بابەتە ئاڵۆزەکان کە بە درێژایی مێژوو، مرۆڤی سەرقاڵکردووە و بەردەوام مشتومڕێکی زۆری لەسەرە، بەتایبەت لە رەهەندە فەلسەفییەکەیەوە کە بە زۆر چەمکی تری بەستۆتەوە لەوانە: خێر، چاکە، چێژ و زۆر چەمکی تر. هیگل جوانیی ئاوا وەسف دەکات: «ئەو جنۆکەیەی کە لە هەموو شوێنێک رێکەوتی دەکەین». ئەو مەبەستی چۆنییەتی بینینی شتەکانە بە هەستەکانمان و دۆزینەوەی جوانییەکانیان. 

زانستی جوانیی
هەرچەندە سەرەتا وەک زانستێکی تایبەت و سەربەخۆ پێناسە نەکرابوو هەتا (بۆمجارتن) ی فەیلەسوف لە کتێبێکیدا بە ناونیشانی «رامانە فەلسەفییەکان» زانستی جوانیی لە زانستە فەلسەفییەکانی تر جیاکردەوە و ناوی نا «Aesthetics» واتا «جوانیناسیی/زانستی جوانیی» رای فەیلەسوفەکان لەبارەی ماهیەت و کرۆکی ئەو زانستەوە جۆراوجۆرە، بەڵام بە گشتیی کۆکن لەسەر ئەوەی ئیستاتیکا/ فەلســەفەی جوانیی، بەشێکە لە فەلسەفەی مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت و هونەر و چێژ، بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە، ئایا هۆکاری ئەوەی هێندە بە رووکەشمانەوە سەرقاڵ دەبین دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی «جوانیی» تەنها ئەوەیە لە شێوەی دەرەوە، رووکەشدایە، واتا تەنها ئەوەیە کە بە چاوەکانمان دەیبینین؟ یاخود مەسەلەکە لەوە قووڵترە هەتا دەگاتە ئەوەی ببێتە سیفەتێکی بابەتیی بۆ ناوەڕۆکی شتەکان و دۆزینەوەی جوانیی لە ناوەوەی شتەکان کە بە چاو نابینرێن، بەڵام بە هەستەکانمان ئەو جوانییانە دەدۆزینەوە و گەڕان بەدوای جوانیدا لە ناو سوچ و پێچەکاندا کە رەنگە جێگەی بایەخت نەبن. (هیوم 1757، 136) دەڵێ: جوانیی سیفەتێکە لەناو شتەکاندا، تەنها لەناو ئەقڵەکاندایە کە سەرنجیان دەدەن و هەر ئەقڵیش درک بە جوانییەکە دەکات، بۆیە زۆرجار ئەقڵی هەندێ کەس تەنها شتەکان بە ناشیرین دەبینێت و ئەقڵی کەسێکی دیکە بۆ جوانییەکان دەگەڕێ و دەیاندۆزێتەوە، سەرچاوەی ئەمانەش ئەقڵ و هەستی تایبەتی ئادەمیزاد خۆیەتی کە بڕیار دەدەن ئەو شتەی بە چاوی دەیبینێت جوانە یان ناشیرینە. 

ئەوانەی مەراقی گەورەیان بۆتۆکس و فیلەرە
با واز لە دەوروبەر بهێنین، واز لەوانی تر بهێنین، دەگەڕێمەوە سەرەتای وتارەکە و دەخوازم لێرەوە بچمەوە لای خودی کەسەکان، خۆیان و تێڕوانینیان بۆ خودی خۆیان، جوانیی لە رواڵەت و ناوەوەی خۆیاندا و خوێندنەوەی هەستەکانی خۆیان، کاتێک تەماشای خۆیان دەکەن. من زیاتر باسی ئەوانە دەکەم کە ئاشنایەتییەکی قووڵیان لەگەڵ «ئاوێنە»دا هەیە. ئەوانەی مەراقی هەرە گەورەیان خۆجوانکردنە بۆ ئەوانی تر و دەستکاریکردنی رواڵەتی دەرەوەیانە، کە بووەتە خوویەکی بکوژیان.
ئێمە دەبێت خۆمان بین، چونکە ئەوەی بە رووخسارمان سەرسام دەبێت، لە قۆناغی دووەمدا بەبێئەوەی بە خۆت بزانیت دەخزێتە قووڵاییتەوە، ئەگەر وەکو رووخسارت جوان نەبوو دوور دەکەوێتەوە، ئەگەر جوان بوو زیاتر لێت نزیک دەبێتەوە، چونکە «جوانیی» لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە رازیکردنی چاو، بەڵام ئەگەر وردتر و قووڵتر لە چەمکی جوانیی نزیکبینەوە، تێگەیشتنمان لە چەمکی جوانیی بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە یەکێکی تر لە ئامرازەکانی کە پەیوەندیمان بە دەوروبەرمانەوە پێناسەی دەکات. ببینە ئەو ژنانەی زیاترین بایەخیان بە جوانیی دەرەوەیانە، بەشێوەیەکی رووکەش لە دەوروبەریان تێگەیشتوون و لەسەر ئەو بنەمایەش هاوڕێیەتی دەکەن و حوکمی هەموو پەیوەندییەکانیان دەدەن، چونکە پێوەر لای ئەوان رواڵەت و مۆدێل و مارکەی جلوبەرگ و جۆری کەرەستەی ئارایشت و ئەو پزیشکەیە کە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی لەلا دەکەن.
هەر خۆی ئەمجۆرە لە خەڵک کەمترین متمانەیان بە خۆیانە، هەموو شەش مانگ جارێک کە کاتی پڕکردنەوەی دەموچاویان بە بۆتۆکس و فیلەر دێت، کێرڤی متمانەیان بە خۆیان هێندەی تر دەچێتە خوارەوە و لە جیهانی دەرەوەیان دادەبڕێن، چونکە بە روونیی ئەوان خۆیان نین، بەوەی لە ناخیاندا هەیە مامەڵە ناکەن، بە دەموچاو و رواڵەت مامەڵە دەکەن، چونکە جوانیی دەرەوە و کەرەستەکانی خۆجوانکردن پێوەری سەرەکین لایان. دواجار شتێکی روون و ئاشکرایە، سەدان نەشتەرگەریی جوانیی لە رواڵەتدا بکرێت، ئەو جوانییە ناخزێتە ناوەوە و لەناوەوە کەسەکان جوان ناکات، بەڵام بە پێچەوانەوە هەموو دەستکاریی کردنێک بە مەبەستی جوانکردنی ناخ و ناو مێشک و ناو دڵ و دەروونمان، لە هەموو روویەکی رۆشنبیریی و مەعریفیی و قووڵبوونەوە لە دنیابینیدا، هەر زوو لەسەر رواڵەتمان دەردەکەوێت و بە ئاسانیی دەبینرێت. 
دواجار جوانیی راستەقینە ئەوە نییە بە چاوەکانمان دەیبینین، بەڵکو ئەوەیە کە بە رۆح دەیبینین و بە ئەقڵ خوێندنەوەی بۆ دەکەین، ئەمەش ئەو کاتە روودەدات ئەگەر توانیمان تێگەیشتنمان بۆ چەمکی جوانیی تەنها لە رێی چاومانەوە تێپەڕێنین بە ئاڕاستەی ئەقڵمان و بیردۆزی بە پێوەر زانینی جوانیی دەرەوە هەڵوەشێنینەوە و چاوەکانمان دابخەین و بە مێشک و ئەقڵ بیر لە جوانیی بکەینەوە.

بۆچی نەشتەرگەریی جوانکاریی دەبێتە خوو لای ژنان؟

وتارەکانی نوسەر