ژن کەی فایلەکانی ناو مێشکی دەکاتەوە؟

10:01 - 2024-10-21
ڤینۆس فایەق
58 خوێندراوەتەوە

ڤینۆس فایەق

ئێمە بە رێکەوت لەسەر هەسارەی زەویی دروستدەبین، بەڕێکەوت ژنین. لەم ژیانە لەسەر ئەم هەسارەیە چیمان دەوێ؟ وەزیفە ئینسانییەکەمان چییە؟ یان سادەتر بڵێم، چیمان لە خۆمان دەوێت؟ ئاخر ترسناکترین شت ئەوەیە ئادەمیزاد بیت و لەسەر خەتەرناکترین هەسارە بژیت، لەویش مەترسیدارتر ئەوەیە ژنیش بیت و وەکو کوردیش ژێردەستەی چوار وڵاتی دیکتاتۆر بە پلەی نایاب بیت و لەناو نەتەوەکەشتا ژێردەستەی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی بیت، ئیتر بزانە چ نەهامەتییەکە، دوو جار داگیرکراویت، دووجار ماف زەوتکراویت. ئەمە لەناوچوونە لە هەردوو لایەنی نەتەوەیی و ئینسانیمانەوە. لەناوچوونێکی مادی و مەعنەوی، بە لەناوچوونە مەجازییەکان دەستپێدەکات و بە لەناوچوونی مادی/ جەستەیی کۆتایی پێدێت.
لە نێوان دروستبوونمان هەتا دەگاتە لەناوچوونمان بە هەر شێوازێک بێت، مومکین نییە لەخۆمان نەپرسیبێت ئێمە وەکو ئادەمیزاد، وەکو ژن لەسەر ئەم هەسارەیە چی دەکەین و بۆ کوێ هەنگاو دەنێین و چین ئەو ئامانجانەی وا لەبەرچاوماندان و هەوڵ بدەین پێیان بگەین؟ یان هەروا لە خۆڕا بە هەڕەمەکی پەلەقاژەمانە و بە شتی زۆری ترەوە سەرقاڵین، بەجۆرێک کە ئینسانییەتی خۆمان بۆ جاری سێهەم خستۆتە بەر هەڕەشەی لەناوچوون؟

 ئایا ئەو جۆرە «ئازادی» یەی ئێستا ژن هەیەتی دەرئەنجامی خەباتی ژنانی پێش خۆیانە؟ یان دۆخەکە جیهانگیرییە نابێت هیچ کام لە رەفتارەکانی نە لەلایەن خۆی نە لەلایەن چواردەورەکەیەوە، لەسەر بنەمای رەگەز شیکردنەوەی بۆ بکرێت

 

کاتمان نییە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە
کاتی ئەوەمان نییە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە، بیسەلمێنین ئێمە هەتا ئێستا چیمان کردووە، بۆئەوەی ئینسانییەتمان قەرەبوو بکەینەوە لەسەر ئەم هەسارەیە؟ بەلای زۆر کەسەوە، بەتایبەت ژنەکان ئەمەی سەرەوە هەمووی قسەی بێمانایە، مانای چییە بیر لەوە بکەمەوە لەسەر ئەم هەسارەیە دەژیم؟ من لە گەڕەکێکدا یان لەناو بینایەکی پازدە نهۆمیدا دەژیم، سەرقاڵی ئەوەم دراوسێکەم چی لە من زیاتر هەیە من زیاتری بکەم، کێ ئاخر مۆدێل جلی لەبەردایە ئەوە کەسێکی پەسەندە لای من. بیر و هۆشم لای ئەوەیە کەی روومەت و لچم پڕکەمەوە لە فیللەر و بۆتۆکس، بۆ هەلەوین چۆن وەک ماڵێکی ئەوروپی ماڵەکەم پڕکەم لە وێنەی کەللـەسەر و ئێسکەپەیکەر و چی لەسەر خوانەکەم بۆ هاوڕێکانم ئامادە بکەم، بۆ هاوڕێکانی تریانی بگێڕنەوە. 
ئیتر زۆرن ئەوانەی چۆن دێنە ژیانەوە، بە بێدەنگی ئەڕۆن و ئەم ژیانە جێدەهێڵن، بێ ئەوەی جگە لەوەی کچێک/ ژنێکی گوێڕایەڵی کۆمەڵگە و عەشیرەت و ژنێکی باش بێت بە پێوەرە نێرینەییەکان و کابانوویەکی باش، پارێزگاریی لەو بنمیچ و چوار دیوارە کردووە کە پیاوێک پێی بەخشیووە، پارێزگاریکەرێکی سەرسەختی شەرەفی کۆمەڵگە بێت. جگە لەمانە شتێکی ئەوتۆ ناکات قووڵتر لە ژیان تێبگات و پێویستیشی پێی نییە پەنجەرەیەکی تر بکاتەوە و دەرەوەی جیهانەکەی دەرەوەی خۆی ببینێت، نابێت بوێریی خۆبەراوردکردن بکات، خۆ ئەگەر خۆشی بەراورد کرد، تەنها بۆی هەیە لە بابەتە رووکەشەکاندا ئەو بەراوردە بکات، وەکو کەلوپەلی ناو ماڵ، جۆری جلوبەرگ، خشڵ و کەرەستەکانی جوانکاریی، هەتا دەگاتە نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی. ئیتر ئەو بوونەوەرەی ناوی «ژن» ە نە رێگەپێدراوە و نە خۆیشی هەوڵی داوە یان بوێریی نەکردووە فایلێکی تری ناو مێشکی بکاتەوە و پرسیار بکات، لانیکەم یەکێک لەو پرسیارانەی سەرەوە بکات. بێگومان ژن هەتا کەمتر پرسیار بکات زیاتر لای پیاو پەسەندە، هێندەی بەسە ژنێکی کەمدوو و سەنگین بێت و کەیبانوویەکی باش بێت و ماڵ و میوان بە باشترین شێوە خزمەت بکات، ئەو بۆی نییە یان بیری لەوە نەکردۆتەوە لە دەرەوەی هەموو ئەمانە پێناسەیەکی قووڵتر بۆ خۆی داڕێژێت. کۆمەڵگەی پیاوسالاریش وەکو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان، بەرژەوەندی و گەرەنتیی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا لەوەدایە میللەت گەمژە بێت و سەرقاڵی بژێوی ژیان بێت و نان نەبێت بیخوات نەک پارەی کتێب لە گیرفانیدا بێت، چونکە چەند میللەت هوشیار بێتەوە پێگەی دەسەڵات لەق دەبێت، جا کۆمەڵگەی پیاوسالاریش بەرانبەر بە ژن بەهەمان ستراتیژ کاردەکات. زۆریی پیاوەکان خەنین لەوەی ژن ناخوێنێتەوە و بیرناکاتەوە و دەنگ هەڵنابڕێ و هەموو کاتەکە تەنها بیری لای رواڵەت و رووکەشیەتی، ئەسڵەن خەرجیی ئەو خووەی ژنیش دەکێشێت تەنها بۆ خاتری ئەوەی چاوی نەکاتەوە و ئیش بە مێشکی نەکات و فایلەکانی مێشکی نەکاتەوە، لە ترسی ئەوەی کێبڕکێی لەگەڵ نەکات. 

دۆخی ژن لە رووی فەلسەفییەوە
ماوەیەک بەر لە ئێستا هاوڕێیەکم لە فیسبووک پرسیارێکی بۆ ناردم، دەڵێت: دۆخی ژن لە رووی فەلسەفییەوە چۆن دەبینی؟ واتا تا چەند ژن گرنگی بە فەلسەفە داوە؟ لە راستیدا پێکەنینم بە پرسیارەکەی دەهات، هەستمکرد لە ئەستێرەیەکی ترەوە دابەزیوە و هێشتا دانەبەزیوەتە سەر شەقامەکان و ژنی ئەم کۆمەڵگەیەی نەبینیووە بۆئەوەی باز بەسەر هەموو پرسیارە گرنگەکانی تردا بدات و ئەو پرسیارە قووڵ و خەتەرناکە بکات. 
پرسیار ئێستا ئەوەیە: بۆچی هێندە ژن رووکەش بووە؟ بۆچی هێندە پاڵپشت بە رواڵەت و قاوغی دەرەوەی تێکەڵ بە دونیای دەرەوەی دەبێت؟ ئایا ئەو جۆرە «ئازادی» یەی ئێستا ژن هەیەتی دەرئەنجام و دەسکەوتی خەباتی ژنانی پێش خۆیانە؟ یان دۆخەکە، دۆخی جیهانگیری، ئەو دۆخەی دونیای ئینتەرنێت دروستی کردووە، ئەو رووبەرەی بەخشیوەتە ژن و وا قوڕمیشی کردووە بێجگە لە رواڵەتی دەرەوەی بیری لای هیچ شتێکی تر نەبێت؟ 
بە درێژایی مێژوو، خەبات بۆ ئەوە کراوە کەرامەتی ژن بهێنرێتەوە مایە، زیاترین ماف وەرگرێ وەکو: خوێندن، بەشداریی سیاسی و چوونەدەرەوە بۆ کار بۆئەوەی ببێتە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆی، ژنان خەباتیان بۆ ئەوە کردووە سووکایەتی بە ژن نەکرێت، نەکوژرێت، کۆمەڵگەی دەوروبەری نەبێتە هۆی ئەوەی دەستی بچێتە خۆی و خۆی بکوژێت، خەبات بۆ ئەوە کراوە ژن بە منداڵی بەشوو نەدرێ، خەتەنە نەکرێ، بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا میراتیی بەرکەوێت، بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا هەلی کار و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبێت. ئێستا ژن بە شێوەیەکی بەرچاو ئازادە، بەڵام لە رووی مەعریفییەوە زۆر کشاوەتە دواوە، بڵێی هۆکاری ئەمە چی بێت؟ باوەڕم وانییە پێشتر بە درێژایی مێژوو ژنان خەباتیان بۆ ئەوە کردبێت ژن/کچ ببێتە بووکەڵە و لەسەر پێگەکانی سۆشیال میدیا سەرقاڵی نمایشکردنی جەستە و جلوبەرگ و خوان و ژوور بە ژووری ماڵەکەی بێت. باوەڕ ناکەم خەبات بۆ ئەوە کرابێت ژمارەی کچە مۆدێلەکان زیاد بکات و لە دیمانەکانیاندا باسی دەسکەوتی رۆژانەیان بە دەفتەری دۆلار و هەبوونی ئاخر مۆدێلی ئۆتۆمبیلەکان وسەفەر و گەشتەکانیان و کڕینی دوایین مۆدێلەکانی جلوبەرگ و جانتا و پێڵاوی مارکە جیهانییە گرانبەهاکان و نمایشکردنیان لەسەر پێگەکانی سۆشیال میدیا بکەن. جاران دژ بە پەراوێزکردنی ژنان خەبات کراوە، بەڵام ئێستا ژن خۆی لە پەراوێزدا خەنییە بەرانبەر شاشەی کۆمپیوتەر و تەلەفۆنەکەی و سەرقاڵی نمایشکردنی خۆیەتی، ئەگەر رۆژێکیش دیار نەبێت داوای لێبوردن لە هەوادارانی دەکات. 
دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵێکی  نەرێنی دەگێڕن
کێشە گەورەکە ئەوەیە ئێستا دەزگاکانی راگەیاندن رۆڵێکی گەلێک نەرێنی لەم مەسەلەیەدا دەگێڕن، پەیجەکانیان لە سۆشیال میدیا گرەوی زیاترین لایک و ژمارەکانی کۆمێنت و کلیک کردنی بابەتەکانیان بەهۆی وێنەی سەرنجڕاکێشی ژن/کچە مۆدێل و چالاکوانەکانی تیکتۆک و یوتیوب دەکەن. وایان لە خەڵک کردووە ئەگەر بابەتەکانیان کە بڵاویان دەکەنەوە وێنەی کچ/ژنێکی جوانی لەگەڵ نەبێت کەس سەیری نەکات و لایکی نەکات، نەک بیخوێنێتەوە. 
کە دادەبەزیتە ناو بازاڕ دەبێت بە زەڕەبین بۆ ژنێکی خوێندەوار بگەڕێیت، کە خەمی کتێبێکی بێت و هەوڵی دەسخستنی بدات. هەر بەڕاستی ئێستا کەمن ئەو ژنانەی کۆیلەی دەستی پیاون، زۆرن ئەو ژنانەی کۆیلەی ئارەزووەکانیانن، کۆیلەی سۆشیال میدیان و سواڵی لایکی زۆر و کۆمێنتی ستایش و پیاهەڵدان دەکەن. ئەم ژنانە لە دەسەڵاتی پیاو و کۆمەڵگەی پیاوسالار رزگاریان بووە، بەڵام بەجۆرێکی دیکە بوونەتە بوونەوەرێکی کۆیلەی کۆمەڵێ شتی تر کە بە هەموو پێوەرەکان لە ئینسانییەتی خستوون، مەترسی خۆیان لەسەر خۆیان لە مەترسیی دەسەڵاتی کۆمەڵگەی پیاوسالاریی گەلێ خەتەرناکترە. 

 

وتارەکانی نوسەر