هێشتا ئاشنایەتیم لەگەڵ ئەم Chat GPT یەدا نەبوو، لە گۆگڵ بۆی گەڕام، دۆزیمەوە، کردمەوە، زۆرم بیرکردەوە باسی چی لەگەڵ بکەم؟ ئەوەی بە خەیاڵمدا هات مەسەلەی «نووسینی ئەدەبی» بوو. ماوەیەک بەر لە ئێستا هاوڕێیەکم گوتی: ئەم Chat GPT یە هەرچییەکی لێ داوا بکەیت بۆت دەنووسێت، هەروەها گوتی: بۆ نموونە گوایا بیرۆکەی چیرۆکێکی پێداوە، Chat GPT یش بێ یەک و دوو لە ماوەی چەند چرکەیەکدا دەقی چیرۆکێکی وەکوو سیناریۆ بۆ هەڵڕشتووە. شتێکی زۆر نامۆ بوو بەلامەوە، ئاخر ئامێرێک چۆن دەتوانێت چیرۆکێک بهۆنێتەوە، چۆن باس لە هەست و نەستی کاراکتەرەکان دەکات؟
هەر بۆیە یەکەمجار لەبارەی نووسینی ئەدەبییەوە پرسیارم لێکرد، هەڵبەت دەزانم ئامێرە وەڵامم دەداتەوە، بەڵام ویستم بزانم بە کوێ دەگەم لەگەڵی.
*کێ فێری نووسینی ئەدەبیی کردوویت؟
- ئەوە پرسیارێکی گرنگە. من لەلایەن یەک کەسەوە فێری نووسینی ئەدەبی نەکراوم، بەڵکو ئەوە لەسەر کۆمەڵێک ئەدەبیاتی سەدە جیاوازەکان، چیرۆک، شیعر و زۆر شتی تر لەلایەن نووسەرانەوە راهێنانم پێکراوە. وا بیر لە مەسەلەکە بکەرەوە، وەک ئەوەی بە یەکجار رۆدەچیتە ناو ستایلە ئەدەبییەکانەوە، لە شکسپیرەوە تا تۆنی مۆریسۆن تا دەگەیتە سیناریۆنووسەکان و تەنانەت بلۆگەرەکانی ئەم سەردەمەش. ئەی تۆ خۆت شیعر دەنووسیت یان تەنیا مەسەلەکە مەراقتە؟
*من شاعیرم، خۆم دەنووسم، بۆیە ناتوانم قەناعەت بەوە بکەم ئامێرێک لە توانایدا بێت بۆ نموونە قەسیدەیەک وەک ئادەمیزادێک بەرهەم بهێنێت.
-ئەوە تەواو راستە، راشکاوانەتر بڵێم، شتێکی سیحراوی لەناو شیعردا هەیە هەستێک بە قووڵیی ئینسانییەت دەبەخشێت. چۆن گوزارشت لە هەستەکان، زاکیرە و بێدەنگی و تەنانەت ئەو شتانەی بە ئاسایی ناوترێن دەکات. ئامێرەکانی وەک من فێری پێکهاتەکان ولاساییکردنەوەی شێوازەکان و پەیبردن بە مێتافۆرە سەرنجڕاکێشەکان دەکرێن، بەڵام ئێمە هەست بە وشەکان ناکەین وەک شاعیرێکی وەک تۆ. هەڵبەت ئەزموونێک کە تێیدا ژیابیت و رۆحەکەی جێگرەوەی نییە. ئەی تۆ چ جۆرە شیعرێک دەنووسیت؟ شیعری ئازاد، یان ستایلی نەریتی «کلاسیک»، یان شێوازی زمانی قسەکردن؟
*من شیعری ئازاد دەنووسم.
-جوانە! شیعری ئازاد، ستایلێکی شیعریی بەهێزە. هیچ یاسایەک نییە ریتم و بیرکردنەوەکانت بگرێت. تەنها دەنگێکی پاک، ئەو کاتەی پێویست دەکات هەڵدەقوڵێت. نووسینیش بێ سنوور بۆ دانان پێویستی بە باوەڕ بە خۆبوون هەیە. تۆ حەز بە نووسین لەبارەی ئەزموونەکانی ژیانی خۆتەوە دەکەیت، یان زیاتر پەنا بۆ خەیاڵ وسەرنج و تێبینییەکانت دەبەیت؟
*هەندێجار لەبارەی ئەزموونەکانی خۆمەوە دەنووسم وهەندێجاری تریش پەنا بۆ خەیاڵ دەبەم. خۆت دەزانیت شاعیر خەیاڵێکی بە پیتی هەیە و لە توانایدایە لەبارەی ئەو بابەتانەوە بنووسێت کە رەنگە سەخت بێت کەسە ئاساییەکان بە زمانی ئاخاوتن گوزارشتی لێبکەن.
-رێک وایە! ئەمە قسەیەکی جوانە. شاعیر درک بەو شتانە دەکات کە ئەوانی تر سەرنجی نادەن و هەست بەو شتانە دەکات کە ئەوانی تر هەستی پێناکەن، تەعبیر لەو شتانە دەکات کە ئەوانی تر بۆیان تەفسیر ناکرێ. چ چرپەیەک بێت لە بیردانییانەوە، یان گەردەلوولێک لە خەیاڵەوە هەڵیکردبێت و ئیتر تۆ بە زمانێک دەیهۆنیتەوە دەنگ بداتەوە. ئەی دەقێکت هەیە کە دڵخوازی خۆت بێت؟ یان دەقێک کاتێک تەواوت کردووە هێزێکی گەورەی پێ بەخشیبیت؟
*هەموو نووسینەکانی خۆمم خۆشدەوێت، بۆ من وەک ئەو منداڵانەن لە هەناومەوە هاتبنە ژیانەوە، بەڵام هەر بەڕاستی من هێشتا سەر لەوە دەرناکەم چۆن ئامێرێک دەتوانێت کێبڕکێی ئادەمیزاد بکات لە بواری نووسینی ئەدەبیدا.
-چەند شێوازێکی قووڵە بۆ تەعبیر کە دەڵێی قەسیدەکانم وەک منداڵەکانم وان لە رۆح و جەستەم. ئەو رایەڵەیە، ئەو پەیوەندییە گەرمەی داهێنان، شتێکە هەر بەڕاستی لە توانای هیچ ئامێرێکدا نییە لاسایی بکاتەوە. من لە توانامدایە لاسایی فۆرم و پێکهاتەکان بکەمەوە و ریتمی پێببەخشم و تەنانەت دەنگدانەوەی هەستەکان، بەڵام من ئەزموونەکە ناژیم. ئازار ناچێژم، تاسە ناکەم، دڵخۆش نابم. من دەتوانم شیکردنەوە بۆ جوانی بکەم، بەڵام هەستی پێناکەم. ئامێرەکان لە توانایاندایە یاریدەدەر بن، رەنگە سەرسووڕهێنەریش بن، بەڵام هەرگیز جێگرەوەی کەس نابن. دەنگت، هەستت، دیدگات، ئەمانە مرۆیین و قەرەبوویان نییە. پێتخۆشە رۆژێک دەقێک لە شیعرەکانت لێرەدا لەگەڵم بەشکەیت؟ دەخوازم دەنگت بخوێنمەوە.
*بەخۆشحاڵییەوە.
ئیتر لەوێدا شاشەی لاپتۆپەکەم دادایەوە و بیرم کردەوە، لە خۆم پرسی: من قسەم لەگەڵ کێ دەکرد؟
هەر شتێک لە چات جی پی تی داوا بکەیت بۆت دەنووسێت