شایانی ژیانێکی ئارامن بەبێ توندوتیژی

09:29 - 2022-07-23
رۆزا دڵشاد مەریوانی
446 خوێندراوەتەوە

لە دوا وتەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان جەختی لە گرنگی رۆڵی پیاوان و کوڕان کردەوە بۆ یارمەتیدان و کارکردن لە پێناو نەهێشتنی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی بەرامبەر ژنان و کچان، چونکە توندوتیژی دژی ژنان و کچان رەنگە دوورودرێژترین و شەڕانگێزترین پەتا بێت لە دونیادا.
هەر 11 دەقیقە جارێک
ئەنتۆنیۆ گوتیریچ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد لە نێو سێ ژندا لە دونیادا ژنێک بەشێوەیەکی راستەوخۆ توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، هەروەها هەموو 11 دەقیقە جارێک ژنێک لە دونیادا لەسەر دەستی هاوژین یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژرێت زۆربەیجار لە ماڵەکەی خۆیدا «ئەو جێیەی دەبێت سەلامەتترین شوێن بێت لە دونیادا» هەروەها وتی «نابێت قبوڵی جیهانێک بکەین تێیدا نیوەی مرۆڤایەتی لەسەر شەقامەکان یان ماڵەکان یان لە رێی ئینتەرنێتەوە ژنان و کچانی دووچاری توندوتیژی دەبنەوە» وتەکانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخەن لەسەر ئاستی هەموو دونیا توندوتیژییەکان دژی ژنان و کچان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار بە شێوەیەک وەکو پەتایەکی ترسناک وەسفی دەکات پەتایەک بە ڤاکسین و بەستنی ماسک چارەسەر ناکرێت، رەنگە هەندێ کەس لایان وابێت بەهۆی کرانەوەی دونیا و گەیشتنی هەواڵەکان ئاگاداری ئەو توندوتیژییانە دەبین و پێشتریش لە ساڵانی هەزارەکان و سەرەتای دوو هەزارەکانیش بەو شێوەیە بووە، بەڵام نەمانتوانیوە ئاگاداریان بین رەنگە بەشێکی ئەو قسەیە راست بێت، بەڵام راپرسی و توێژینەوەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە دووپاتدەکەنەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە تایبەتی لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە توندوتیژییەکان دژی ژنان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار بەشێوەیەک سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام هۆشداری لەبارەوە دەدات و وەکو پەتایەکی ترسناک و شەڕانگێز وەسفی دەکات و داوا لە حکومەتەکان دەکات لەنێوخۆی وڵاتەکانیاندا کاری جددی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە و یاساکانیان توندوتۆڵ بکەن بۆ سزادانی تاوانباران و هەروەها یارمەتی قوربانیانی دەستی توندوتیژی خێزانیی و سێکسی بدەن.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەگەڵ ئەوەشدا تەماشا دەکەین تا دێت مەسەلەکان بەرەو خراپتر دەچن و رۆژ نییە هەواڵە سامناکەکانی قوربانیانی دەستی توندوتیژی نەبیستین جا لە نێو وڵاتی خۆماندا بێت یان دەوروبەر و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو بارەیەوە راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئەم ناوچەیە دەریانخستووە 37 % ئەو ژنانەی لە قۆناغێکی ژیانیاندا هاوژینیان هەبووە رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی یان سێکسی بوونەتەوە و لەم وڵاتانەدا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان بەدیدەکرێت هەر لە تاوانەکانی کوشتن بەناوی شەرەفەوە تا بەزۆر یان زوو بەشودانی کچان و گێچەڵی سێکسی لە شوێنە گشتییەکان و خەتەنەکردنی کچان..هتد، هەروەها راپۆرتەکانیان دەریانخستووە ئەو توندوتیژییانە لە چەندین رووەوە جگە لە کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر قوربانیان و خێزانەکانیان کاریگەری نێگەتیڤی هەیە لەسەر ئەو دەوڵەتانە بەگشتی لە رووی سیستەمی دادوەری و تەندروستی و زیان لە رادەی وەبەرهێنان و بودجەی نەتەوەیی و گەشەپێدان بەگشتی دەگەیەنێت، لە توێژینەوەکانیاندا دەرکەوتووە بۆ نموونە لە مەغریب 60 % پیاوان رایان وایە دەبێت ژن بەرگەی توندوتیژی بگرێت بۆ پارێزگاریکردن لە خێزان و ئەو ژمارەیە لە میسر بەرزدەبێتەوە بۆ 90 % و لە فەلەستین 63 % ی پیاوان هاوڕان لەگەل ئەو رایەدا و لە لوبنان رێژەکە 26% ە، جگەلەوەی ئەو یاسایانەی لەم وڵاتانەدا دادەنرێن بۆ توندوتیژی دژی ژنان هێشتا هەموو جۆرەکانی توندوتیژی ناگرنەوە یان جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە کێشەیان تێدایە و وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێن، کە بێگومان وڵاتی ئێمەش بەدەر نییە لەو کێشانە و رەنگە یاسای باشمان هەبێت، بەڵام هێشتا لە جێبەجێکردنی یاساکان وەکو پێویست کێشەمان هەیە.
چارەسەرەکان
بەپێی ئەو رێکەوتننامەیەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیمزایان کردووە دەربارەی رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەناوی رێکەوتننامەی «سیداو» ی ساڵی 1993 بەڵام هێشتا هەموو وڵاتەکان ئیمزایان لەسەر هەموو بڕگەکانی ئەو رێکەوتننامەیە نەکردووە و لەسەر هەندێ بڕگەی تەحەفوزاتیان هەیە تەنیا سێ وڵات نەبێت کە ئەوانیش مەغریب و تونس و لیبیا-ن بۆیە ئەوە وایکردووە نەتوانرێت وەکو پێویست ئەو رێکەوتننامەیە لەو وڵاتانە جێبەجێبکرێت و بە باشی رووبەڕووی توندوتیژی دژی ژنان ببنەوە.
پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم وڵاتانە بریتییە لە پشت بەستن بە رێوشوێنە تەشریعی و سیاسییە یەکانگیرەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان و دەبێت ئەو یاسایانەی لەو بوارەدا هەموار دەکرێن هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و کچان بە تاوان بناسێنێت و تاوانباران سزا بدرێن و یارمەتی رزگاربوان و قوربانیان لەو تاوانانەدا بدرێن بەشێوەیەک رابهێنرێنەوە بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان.
ئەوەی جێی سەرنجە
ئەوەی لەم بابەتەدا جێی سەرنجە نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت پیاوان و کوڕانیش کاربکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان وەکو سکرتێری گشتی رێکخراوەکە دەڵێت «گۆڕان دەبێت لە دڵ و عەقڵیەتی پیاوان و کوڕانەوە دەستپێبکات ئەوەش یەکەم هەنگاوە» هەروەها دەڵێت «پیاوان ئەم کارەساتەیان دەستپێکردووە و دەبێت ئەوانیش کۆتایی پێبهێنن».
بێگومان ئەوەش تەنیا بە قسە ناکرێت، بەڵکو نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەستپێشخەرییەکدا بە ناوی spotlight دەستیکردووە بە رۆشنبیرکردن و هۆشیارکردنەوەی 880.000 کوڕ و پیاو لە دونیادا دەربارەی پیاوەتی پۆزەتیڤانە و رێزگرتنی بەرامبەر لە پەیوەندییەکاندا و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ناتوندتیژ و ئەم دەستپێشخەرییە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، هەروەها لەگەڵ حکومەتەکاندا کاردەکات بۆ هەموارکردنی یاسای گونجاو بۆ پاراستنی باشتری ژنان و کچان.
خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام لەبەرامبەردا رۆژانە لە زۆربەی بوارەکاندا کاری جددی تاکە کەسیی و بە کۆمەڵ دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و بە تاوان ناساندن و گەیاندنی دەنگی قوربانیان و هەوڵدان بۆ پاراستنی ژنان و کچان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەبارەی ئەو مەسەلانەوە کە یەکێکیان هەموارکردنەوەی یاسای توندوتیژی خێزانیی بوو.

وتارەکانی نوسەر