له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیی، ده‌رفه‌تێكی نوێ هاته‌پێش بۆ دووباره داڕشتنه‌وه‌ی سنووره ده‌ستكرده‌كان و ئازادبوونی به‌شێك له گه‌لانی دونیا كه به‌هۆی دۆخی سیاسی و سه‌پاندنی هێزه‌وه خاك و نیشتیمانیان داگیركراوبوو.
ئه‌نجامی جه‌نگه‌كه‌ش، بووه هۆی دابه‌شكردنی خاكی به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ی كه له جه‌نگه‌دا دۆڕان و شكستیان خوارد. شكست و روخانی رژێم و ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ده‌رفه‌تێكی دروستكرد بۆ دابه‌شبوونی ئه‌و وڵاته و ئازادبوون یاخود سه‌ربه‌خۆبوونی به‌شێك له‌و گه‌لانه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵ و داگیركاریی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌واندا بوون، له‌نێوانیشیاندا گه‌لی كورد كه له دوای جه‌نگی چاڵدێرانه‌وه 1514 له لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌ویه‌وه خاكه‌كه‌ی كرابوویه دوو به‌ش.
وڵاتانی هاوپه‌یمان بڕیاریاندا پشتیوانی گه‌لانی غه‌یره تورك بكه‌ن بۆ ئازادبوون و دروستكردنی قه‌واره‌ی حوكمڕانی سه‌ربه‌خۆ، به‌سوود وه‌رگرتن له بنه‌ماكانی ویدرۆ ویڵسن سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ وه‌رگرتنی مافی چاره‌ی خۆنوسین كه پێكدێت له 14 بنه‌ما و گرنگترین بنه‌مای ژماره 12 یه كه له به‌شێكیدا ده‌ڵێت «پێدانی مافی چاره‌ی خۆنوسین به گه‌لانی غه‌یره تورك».
هاوپەیمانان و تورکیا پەیماننامەی لۆزان ئیمزا دەکەن
كۆنگره‌یه‌ك بۆ ئاشتیی و چاره‌سه‌ری لێكه‌وته‌كانی جه‌نگ
دوابه‌دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگ ساڵی 1919 له پاریس كۆنگره‌یه‌ك له سیڤه‌ر بۆ ئاشتیی و چاره‌سه‌ری لێكه‌وته‌كانی جه‌نگه‌كه به‌سترا، له‌و كۆنگره‌یه‌دا وه‌فدێكی كورد به سه‌رۆكایه‌تی شه‌ریف پاشا به‌شداری كرد. دوای هه‌وڵێكی زۆر توانرا چه‌ند مادده‌یه‌ك له‌په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر سه‌باره‌ت به چاره‌نوسی ناوچه كوردستانییه‌كانی ژێر ركێفی عوسمانیی جێبكرێته‌وه، كه بریتی بوو له‌ماده‌ی (62- 63- 64) كه له 10ی ئابی 1920 له‌پاریس له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان ئیمزای له‌سه‌ركرا.
ئه‌و مادانه باسی ئه‌و ناوچانه ده‌كات كه زۆرینه‌ی كورده و ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی نه‌ك فارس. ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا رێكاری جێبه‌جێكردن و سه‌قفی زه‌مه‌نی دیاریكرابوو كه ده‌بوو دوای ته‌واوبوونی كاری لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند كه ماوه‌ی یه‌ك ساڵی بۆ ده‌ستنیشان كرابوو جێبه‌جێ بكرێت. بێگومان ورده‌كاری په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر و هۆكاره‌كانی جێبه‌جێنه‌كردنی زۆری له‌سه‌ر نووسراوه و ره‌نگه نه‌توانرێت له وتارێكدا جێبكرێته‌وه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌تاتورك به‌سه‌ر یۆنانیه‌كان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی توركیا، واقعێكی نوێی دروستكرد كه وایكرد جێبه‌جێكردنی په‌یماننامه‌كه خاوه‌خاوی لێبكرێت و جێبه‌جێكردنی زه‌حمه‌ت ببێت. به تایبه‌ت ئه‌تاتورك دانی به‌هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نه‌نا كه له‌ناو توركیا ده‌ژیان و ناویان له كورد نا، توركه‌كانی شاخ. ئه‌وكاته ئه‌تاتورك داوای هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی ده‌كرد به تایبه‌ت باشووری كوردستان و ویلایه‌تی موسڵ. هاتنی ئه‌تاتورك رێگرییه‌كی گه‌وره‌بوو له‌به‌رده‌م مافی چاره‌ی خۆنووسین، چونكه ئه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یمانی سێڤه‌ری قبوڵ نه‌كرد و ئه‌وانه‌یشی كه به‌هیوای رێكه‌وتننامه‌كه بوون، به‌تایبه‌ت كورده‌كانی باكوور، زۆربه‌یان له‌لایه‌ن توركەوە ده‌ستگیركران و خرانه زیندان، هه‌ندێكیشیان له‌سێداره‌دران.
1921 كورد زۆر هه‌وڵیدا په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر جێبه‌جێبكرێت كه هیوایه‌كی گه‌وره‌ی بۆ كورد تێدابوو، كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌كانی كورد زۆر نامه‌یان بۆ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان نووسی، داوای حوكمی زاتیان ده‌كرد، به‌ڵام هیچی سه‌ری نه‌گرت. ئه‌وه‌بوو بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد سه‌ریهه‌ڵدا كه زۆر ناوچه‌ی گرته‌وه، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌كان له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌تاتورك دامركێنرایه‌وه. ئه‌تاتورك له‌ماوه‌ی دوو ساڵی دوای په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر، به‌رژه‌وه‌ندی زۆری بۆ فه‌رنسی و ئیتاڵیا دروستكرد، ئه‌وه بووه هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی په‌یماننامه‌كه و بێده‌نگبوونی ئه‌و وڵاتانه له‌كپكردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له‌باكوور و باشووری كوردستان.
كۆنگره‌ی له‌نده‌ن و مەسەلەی كورد
دوابه‌دوای په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر، ساڵی 1921 كۆنگره‌ی له‌نده‌ن به‌سترا، باسی کێشەی كورد نه‌كرا ته‌نها له‌په‌راوێزی دانیشتنه‌كان نه‌بێت. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌بوو كه ئیدی په‌یماننامه‌ی سیڤە‌ر و باسكردنی كورد كپكرایه‌وه.
-تورك رێكه‌وتنی ئابووریی سه‌ربازیی سیاسیان له‌گه‌ڵ روس و فەره‌نسا به‌جیا ئیمزاكرد، ئه‌مه ده‌می ئه‌و وڵاتانه‌ی چه‌وركرد كه باسی كورد نه‌كه‌ن و به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ تورك دووباره بۆ دروستبۆ‌وه.
ئه‌و لێكه‌وتانه درێژبوویه‌وه تا په‌یماننامه‌ی لۆزان كه له 24ی ته‌مموزی 1923 به‌سترا. له‌وێ په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه. لۆزان جێگه‌ی گرته‌وه و له‌و په‌یماننامه‌یه هیچی بۆ كورد تێدا نه‌بوو.
له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا واته لۆزان سه‌رباری جێگیربوونی سنووره ده‌ستكرده‌كان، كه ده‌ره‌نجامی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان درستبوون، هاوكات كێشه و مشتومڕی ویلایه‌تی موسڵ له نێوان به‌ریتانیا و توركیا مایه‌وه، به‌پێی نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ئیداری سه‌رده‌می عوسمانیی، ویلایه‌تی موسڵ كوردستانی باشور و پارێزگای نه‌ینه‌وای ده‌گرته‌وه.
ساڵی 1918 كاتێك به‌ریتانیا هێواش هێواش له‌باشووره‌وه هاته ناو عیراق، عوسمانییه‌كان به‌پێی رێكه‌وتن به‌چه‌ند قۆناغێك له‌ناوچه جیاوازه‌كانی سنووری ئێستای عیراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه كشانه‌وه. به‌شێك له سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ده‌ستڕۆیشتوانی كورد بیریان له قه‌واره‌یه‌ك بۆ كوردستان كرده‌وه. ده‌توانین بڵێن ده‌رفه‌تێك هاته‌پێشه‌وه تاوه‌كو داوای دروستكردنی قه‌واره‌یه‌ك یان ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌ك بكه‌ن، له نیسانی 1920 دوای ئه‌وه‌ی به‌پێی رێكه‌وتن عوسمانییه‌كان عیراقیان به‌ته‌واوی جێهێشت و به‌ریتانیا ئینتیدابی به‌سه‌ر عیراقدا راگه‌یاند. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا بزوتنه‌وه‌ی چه‌كداریی دژی داگیركاریی به‌ریتانیا له عیراق سه‌ریهه‌ڵدا و له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا به‌شێك له كورد به‌شداربوون.
دامه‌زراندنی مه‌مله‌كه‌تی عیراق
كه ده‌وڵه‌تی مه‌له‌كی عیراق له 1920 دروستبوو، هێشتا په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر هه‌ڵنه‌وه‌شابۆوه. بۆیه پرسی چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد له‌عیراق بووه پرسی رۆژی ده‌سه‌ڵاتی ئینتیدابی به‌ریتانیا و حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوی عیراق. ترسی هه‌بوو كه په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر جێبه‌جێ ببێت و ویلایه‌تی موسڵ بچێته‌وه سه‌ر توركیا، بۆیه بیریان له چاره‌سه‌رێك كرده‌وه بۆ كوردستان.
مه‌ندوبی سامی به‌ریتانیی (پرسی كۆكس) نووسراوێكی ره‌سمیی ئاراسته‌ی حكومه‌تی (كاتیی) عیراق كرد كه عه‌بدولڕه‌حمان گه‌یلانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد. داوایكرد ئه‌و بۆخۆی سه‌رپه‌رشتی كاروباری كوردستان بكات. نووسراوه‌كه جۆرێك له فێڵی تێدابوو یان هه‌وڵێك بوو بۆ ترساندنی حكومه‌تی عیراق، تا بێته ژێرباری داواكاری به‌ریتانیا، پێده‌چێت كۆكس لێره‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بێت كه فێل له‌كورد بكه‌ن تا ئه‌و ماوه‌ی ساڵه داوای مافی خۆیان نه‌كه‌ن.
ئه‌وه‌بوو كۆكس ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی له سلێمانی و ناوچه‌كان كه‌مكرده‌وه و قایمقامی ناوچه‌كانی له خه‌ڵك و دانیشتوانی ناوچه‌كان دامه‌زراند وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك یان كاركردنێك بۆ دانانی ئیداره‌یه‌كی خۆجێیی به جۆرێك سه‌ر به مه‌ندوبی سامی یان ئیداره‌ی به‌ریتانیا بێت، نه‌ك حكومه‌تی عیراق، ئه‌و داوایه‌ی مه‌ندوبی به‌ریتانیا ره‌تكرایه‌وه.
دوابه‌دوای ئه‌و رووداوانه، له به‌هاری 1921 كۆنگره‌ی قاهیره به‌سترا، كه وه‌زیری موسته‌عه‌مه‌راتی به‌ریتانیا وینستون چه‌رچڵ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد. بۆ گفتوگۆی گرفت و پرسه جیاوازه‌كانی ناوچه‌كه له‌نێوانیشیاندا پرسی كورد. له‌وێ پێشنیاری پادشا دانانی فه‌یسه‌ڵ له عیراق دوپاتكرایه‌وه. هه‌روه‌ك له‌كۆنگره‌كه‌دا دووباره دۆزی كورد هێنرایه سه‌ر مێزی گفتوگۆ و باسی خواستی كورد كرا، ئینجا چ به‌یه‌كگرتن بێت یاخود جیابوونه‌وه، به‌ڵام مخابن په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر هه‌ڵوه‌شایه‌وه ئیدی هه‌موو شت كۆتایی هات.
بیروبۆچوونی جیاواز به‌رامبه‌ر به مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ
له 1921 بڕیاری راپرسی درا بۆ شه‌رعیه‌تدان به دامه‌زراندنی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ وه‌ك پادشای عیراق. له هه‌ڵبژاردنی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ جیاوازی بیروبۆچوون هه‌بوو له كوردستان. دانیشتوانی سلێمانی به رێژه‌یه‌كی زۆركه‌م به‌شداریان له راپرسیه‌كه‌دا كرد. به‌و پێیه‌ی سێڤه‌ر هه‌یه و چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی په‌یماننامه‌ی ده‌كه‌ن. دانیشتوانی هه‌ولێر و كه‌ركوك و موسڵ به‌مه‌رج به‌شداریان كرد. دانیشتوانی كه‌ركوك 21 داواكاریان پێشكه‌شكرد كه چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی سێڤه‌ر ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی دامه‌زراندن بڕیاربوو له 1922 به‌ڕێوه‌بچێت. ئه‌وكاته ناوچه‌كانی كوردستان له هه‌ولێر و موسڵ و سلێمانی له ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی به‌غدا بوون و كورد كه‌مێك خۆی جیاكردبۆوه. داوایان ده‌كرد له‌چوارچێوه‌ی په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت. بۆیه هه‌ڵبژاردن دواخرا تا 1923.
ناوچه‌كانی كوردستان وه‌ك پێویست له‌ژێر كۆنترۆڵی به‌غدا نه‌بوون، ئه‌و خۆ به‌دوورگرتنه‌وه‌ی كورد و داوای جیابونه‌وه یان دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانییه‌كانی خستبووه مه‌ترسییه‌وه، بۆیه به‌ریتانیا له‌ڕێی به‌كارهێنانی هێز دووباره ده‌ستی به‌سه‌ر كوردستاندا گرته‌وه. بۆ یه‌كه‌مجار له ته‌مموزی 1923 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی كورد له‌وانه:
یه‌كه‌م، حكومه‌ت نایه‌وێ فه‌رمانبه‌رانی عه‌ره‌ب له كوردستان دابمه‌زرێنن.
دووه‌م، كورد ناچار ناكرێن زمانی عه‌ره‌بی فه‌رمانگه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌كاربێنن.
سێیه‌م، حكومه‌ت حه‌قی رێوره‌سمی ئاینی خه‌ڵك ده‌پارێزیت.
ئه‌نجومه‌نی دامه‌زراندن له 1923 هه‌ڵبژێردران و له سلێمانی به‌هۆی بزووتنه‌وه‌ی ناره‌زایی كورد له‌قه‌زایه‌كی نزیك سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو. له‌و شاره پێنج كه‌س هه‌ڵبژێردران كه یه‌كیكیان برای شێخ مه‌حمودی حه‌فید بوو به‌ناوی شێخ قادر. له كەركوك پێنج كه‌س هه‌ڵبژێردران له‌وانه جمیل بابان، شێخ حه‌بیب تاڵه‌بانی. له هه‌ولێر هەشت كه‌س له موسڵ 14 كورد هه‌ڵبژیردران.
كاتێك یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی تەئسیسی كرا له 1924 كه گفتوگۆی ده‌ستوور و قانون و رێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا كرا، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی كورد له‌په‌رله‌مانی ئه‌وكات ئه‌ندام بوون.
گۆڕانی ته‌رازووی هێز
سه‌رباری هیوای گه‌لی كوردستان به‌جێبه‌جێكردنی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر (1920) كه ژماره‌یه‌ك بڕگه‌و به‌ندی تێدابوو تێیدا به‌ڵێنی دروستكردنی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆی به‌گه‌لی كوردستان ده‌دا، كه‌چی دوای ماوه‌یه‌ك ته‌رازووی هێز به‌شێوه‌یه‌كی دیكه گۆڕاو قه‌ومه‌چییه‌كانی توركیا به‌ڕابه‌رایه‌تی ئه‌تاتورك له ژماره‌یه‌ك به‌ره‌ی جه‌نگ سه‌ركه‌وتنیان له‌به‌رامبه‌ر یۆنانه‌كان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئیستانبوڵ به‌شی ئه‌وروپاو له باكوری كوردستان به‌رامبه‌ر فه‌ره‌نسیه‌كان به‌ده‌ستهێنا، دواتر حكومه‌تی نوێی دوای روخانی عوسمانیه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری گه‌وره‌یان بۆ به‌شێك له‌وڵاتانی براوه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له توركیا و ناوچه‌كه دابین كرد، ئه‌مه وایكرد هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێكردنی په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر به‌ته‌واوی بگۆڕێت و بیر له‌رێكه‌وتن یان په‌یمانناكه‌یه‌كی نوێ بكه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌بوو له 24ی ته‌مموزی 1922 جارێكی دیكه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه و په‌یماننامه‌یه‌كی نوێیان مۆركرد كه ژماره‌یه‌ك په‌یمان و بڕیاری نوێی له‌خۆده‌گرت جیاوازبوو له‌په‌یماننامه‌ی سێڤه‌ر. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی كورد له‌و په‌یماننامه‌یه‌دا نه‌كراو، مافی گه‌لی كورد و به‌شێك له‌گه‌لانی ناوچه‌كه به‌ته‌واوی فه‌رامۆشكراو كرایه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای وڵاتانی براوه و باڵاده‌ست.