شەن و کەو

09:42 - 2022-07-27
مستەفا محەمەد
603 خوێندراوەتەوە

کورد لە دوای بەربژێرکردنی «سودانی»

دوای نۆ مانگ لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، چوارچێوەی هەماهەنگی توانی لە دیاریکردن و بەربژێرکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراقدا سەرکەوتوو بێت، ئەمەش چوارچێوەکە وەک گەورەترین قەوارەی پەرلەمانی لە رێککارە دەستورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت نزیکتر دەکاتەوە.
کاندیدەکەی ئەمجارە کە «محەمەد شەیاع سودانی»یە لەدیاریکردنیدا، جیاواز لە میکانیزم و تەنگژەی سیاسییەکانی پێشوو،  بەختێکی باشتری هەیە، بەوپێیەی زۆرینەی سەرکردە و باڵە سەرەکییەکانی ناو چوارچێوەکە لە کاندیدکردنیدا بەشدارن و لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراقیشدا کەسایەتییەکی هاوسەنگ و مەقبولی هەبووە لەو پۆستانەی پێشتر بەڕێوەی بردوون، وەک راشگەیەنراوە لە دیاریکردنی کارنامە و ئەندامانی ئەنجومەنی کابینەکەشیدا چوارچێوەی هەماهەنگی بەڵێنی ئەوەیان داوەتێ ئازادی تەواوی پێ بدەن.
لەگەڵ هەموو ئەو بەڵێنانەشدا رێگای پێکهێنانی کابینەی داهاتوو بۆ «سودانی» بەگوڵ نەچنراوە، بێگومان لەو ماوە دەستوورییەی کە لەبەردەمیدایە رووبەڕووی قەیران و گرفتی گەورە دێت، لەپێش هەمووشیانەوە گفتوگۆی چڕ و ئاستی بەشداریی لایەنەکان و فۆڕمی بەشداریپێکردنیان.
 ئاستەنگێکی تری بەردەم «سودانی» پاشەکشەی کوتلەی سەدرییەکانە، چونکە ئەگەر ئەو بیرۆکەیەی تەنها بۆ رێگرییکردن لە کاندیدکردنەوەی «نوری مالیکی» نەوتبێت، ئەوا «سودانی»یش وەک کەسایەتییەکی تاقیکراوە ئەژمار دەکرێت، بەوپێیەی دووجار لە کابینەکانی پێشوودا وەزیربووە.
دەنگی شەقامی ناڕازیی عیراقیش بۆ «سودانی» بۆ سەرپێخستنی کابینەکەی، خاڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە، چونکە لەو کاندیدانە بوو کە لەلایەن تشرینییەکانەوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە رێگریی بۆ دروستکرا.
ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەم سودانی هەرچۆنێک بن، دوای کاندیدیدکردنی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، گرێ سەرەکیەکە یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتە کە هێشتاش مشتومڕی لایەنی کوردی بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بە کۆتا نەگەیاندوە و دەکرێت لە نزیکترین دەرفەتدا دوایین بڕیاری بە دوو ئاراستەدا لەبارەوە بدرێت کە سێیەمی لە ئارادا نییە «یا کاندیدێکی هاوبەش، یا رۆیشتن بۆ دانیشتنێکی پەرلەمان و کاندیدکردنی زیاتر لە کەسێک تا ئەندامانی پەرلەمان بە دەنگدان پۆستەکە یەکلایی بکەنەوە.
کورد ئێستا لەنێو هاوکێشەکەی عیراقدا بە سەنگ و پێگە و کورسیشەوە، ژمارەیەکی قورسە و درەنگ نییە کە ئەگەر بەرژەوەندییە باڵاکان رەچاو بکرێت، دەکرێ سەرکردایەتییەکەی لە رێگەی گێڕانەوەی بەها بۆ هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی لە بڕیار و  کۆدەنگی و یەکگوتاریی سیاسییەوە، دەستکەوتی گەورە بچنێتەوە و بژاردەی یەکەم هاوشێوەی هەنگاوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵبژێرێت، بەپێچەوانەوە لە پەرتبووندا ئەگەرچی لایەنێک هەر براوەیە، بەڵام ئەنجام لە نەخشەڕێی بنەڕەتی پاراستنی مافە دەستوورییەکاندا زیانەکان لە دەستکەوتەکان زیاتر دەبن.

وتارەکانی نوسەر