چەند رۆژێک بەرلە ئێستا، یادی راپەڕینی 5ـی ئازارمان کردەوە، ئەو یادەی کە پەرلەمانی کوردستان بەڕەسمی وەک رۆژی نیشتمانیی راپەڕین ناساندوویەتی، بەو ئامانجەی راپەڕین دهستپێك و دەستکەوتی خهباتی شۆڕشێكی نوێی پرشنگداره کە نەک تەنها رانیهیی و پشدەرییەکان، بەڵکو پێویستە هەموو كوردێکی ویژدان زیندوو شانازیی پێوه بكات.
مادام راپەڕین دەسکەوتێکە سهرجهم چین و توێژهكانیش نهخشیان بهسهرییهوه هەیە، ئەوا نابێت یادکردنەوەکەشی سەرپێیی و راگوزەر بێت، بەجۆرێک کەم و کووڕیی و نادادییەکان، وامان لێ بکات دیوی ناوەوەی ئەو رووداوە مێژووییە و ئامانجەکانی نادیدە بگرین، چونکە لەدوای ئەو وەرچەرخانەوە، پانتاییەکی بەرفراوانی ئازادیی لە کوردستاندا هاتەئاراوە.
گرتنەبەری رێچکەی دیموکراسی و ههڵبژاردنی پهرلهمان و پێكهێنانی حكومهتی ههرێم بوونە سەرەتای بنیاتنانی دەسەڵاتێکی خۆکردی کوردی، هەربۆیە له هزر و بیری کۆمەڵانی خەڵک و رامان و گرنگ خوێندنەوەی ئامانجەکانیدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەوە، پێویستە بەڕۆشنی بمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە و تەواوی کوردستانیانیش حەقی خۆیانە کە نیگەرانییان هەبێت و بپرسن، بۆ دەبێت دوای ئەو هەموو ساڵە، هێشتا نهتوانرابێت بارتەقای شکۆمەندیی راپەڕین، تابلۆیهكی جوانتر لە حوکمڕانیی تەندروست پێشکەش بکرێت!؟.
وەڵامی ئەو پرسیارە، لای بەرپرسانى ئەم هەرێمەیە و نابێت چیتر خەمی گەورەی هاووڵاتیان و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە پشتگوێ بخات، ناکرێت و ناشێت دهستكهوتەکانی دوێنێی راپهڕین، بە شێواندنی رووی گەشی حکومڕانیی لە زهنییەتی ئەمڕۆی تاکی کوردیدا کاڵ بکاتەوە!.
بەرز و پیرۆزبێت ساڵیادی راپەڕین، لە رانیەوە تا کەرکوکی قودسی کوردستان.