دەڤەری راپەڕین، رووەو گەشەیەکی خێرا

11:26 - 2025-06-02
مستەفا محەمەد
91 خوێندراوەتەوە

بەپێی پلان و ستراتیژی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی خۆجێی بێ، چوار ساڵی داهاتوو کەشێکی نوێ لەڕووی ئاوەدانی و گەشەی خێرای شار و شارۆچکەکان دێتە ئارا و پێگەی دەڤەری راپەڕین لەڕووی دامەزراوەیی و نەخشەسازیی و پێشکەوتن لەسەرجەم سێکتەرەکاندا دەچێتە قۆناغێکی ترەوە.
ئەنجامدانی دیدارە زانستییەکان و کۆکردنەوەی پێشنیاز و راسپاردە گرنگەکان لەڕووی ئابووریی و بازرگانی و سەرپێخستن و چاودێریی وردی کوالێتی پڕۆژەکان، هەروا کاراکردنەوەی دامەزراوە یاساییەکانی بواری خزمەتگوزاریی و رێکخستنەوەی نەخشە و دیزاینی شارەکان، هاوکات هاندانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لەبواری وەبەرهێنان تا بەگوڕ و تینەوە بێنە دەڤەرەکە، سەرەتای نوێی ئومێدبەخشی ئەم گەشە خێرایەیە کە دڵسۆزان و عاقڵمەندانی ئەم دەڤەرە بەوپەڕی تواناوە دەستیان داوەتێ.
ئەگەر ساڵی «2024» بەنموونە وەربگرین، وێنەکە روونتر دێتە بەرچاو، بەجۆرێک تەنها لەڕووی پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە لەدوای پارێزگاکانی «سلێمانی و هەولێر» و «ئیدارەی گەرمیان» بەڕێوبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی راپەڕین بە «13» پڕۆژە لە سێکتەرە جیاوازەکانی «پەروەردە، بازرگانی، تەندروستی، گەشتیاریی، پیشەسازیی و نیشتەجێبوون» و بە گوژمەی «65» ملیۆن دۆلار، پلەی چوارەمی وەرگرتووە.
هاندانی سەرمایەداران و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی بواری وەبەرهێنان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە دەڤەری راپەڕین، لە ساڵی «2025» ئەم رێژەیەی زۆر زیاتر بەرزکردۆتەوە وا دەکا بە گوژمەی زیاتر لە «500» ملیۆن دۆلار  «52» پڕۆژەی گەورە و مامناوەند لەچەند ساڵێکی داهاتوودا بە کۆتا بگەیەنێت، بێگومان ئەگەر نیەتی باش بۆ تێپەڕاندنی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەمیان هەبێت، جگە لە دابینکردنی داهاتێکی باش بۆ شارەوانییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، هاوکات سەدان هەلی کاریش لە دەڤەرەکەدا دەڕەخسێنێت.
پلانەکە گشتگیرە و هەماهەنگی هەمووانیشی پێویستە، سەلماندنی روئیا و بیرۆکەی شارەزایان و هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرەیە کە هەمیشە لەگەڵ ئەوەبوون لەڕووی کارگێڕی و داراییەوە دەسەڵاتی ئیدارە سەربەخۆکان توانادارتر و زیاتر بکرێن، تا لە دەستگیرۆیی پڕۆژەکان و هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی داهاتدا جارێکی تر وەگەڕ بخرێنەوە.

وتارەکانی نوسەر