شەشی نیسان، رۆژێکی مێژوویی لەبیرنەکراوە، مژدانەی سەردەمێکی نوێیە بەئاراستەی گەشانەوەی سەنگ و شکۆی سیاسی کوردانە، ئەو رۆژە باش لەیادەوەریی کوردستانیان هەر لەگەورەوە تا بچوک، گەنج و پیر و ژن و پیاو، هێز و بیر و حزبی سیاسی و لایەنی کوردستانی، لەوپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی راست، بەڕۆژی سەرکەوتن ئەژماردەکرا، چونکە ئەو رۆژە کوردێک بۆ یەکەمجار و لە رێگەی هەڵبژاردنەوە گەیشتە پێگەی هەرە باڵای عیراق.
بەڵێ، دروست دوای تێپەڕینی دووساڵ بەسەر پرۆسەی ئازادیی عیراق و رووخانی دیکتاتۆردا، یەکەمین هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی و دینگەی پتەوی بونیاتنانەوەی عیراقی نوێ، بەیەک بەرە لەژێر ناوی «لیستى هاوپەیمانیەتى کوردستانى» چووە هەڵبژادنەکەوە و تووانی وەک دووەمین براوە لەنێو پێکهاتەکانی تردا پێگەی شایانی خۆی بچەسپێنێت، لەبەردەم هەمووانیشدا هەڤاڵ «مام جەلال» سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تاکە کاندیدی کورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بناسێنێت، لەوەش گرنگتر، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ئەم کاندیدە دڵخوازەی کورد و عیراقی فرە نەتەوە بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت.
لە راستیدا هەڵبژاردنی «مام» پەند و عیبرەتی زۆری تێدایە کە دەکرێ بۆ ئێستامان ئیلهامبەخش بێت، لەکاتێکدا دەزانین لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشهاتێکی ئاڵۆز چاوەڕێمانە
ئەم وەرچەرخانە، لە سادەترین پێناسەدا؛ مێژووییە، خاوەن پێگە و مەقامێکی بەرزە بۆ کورد و واتای زۆرتریش هەڵدەگرێت، لەپێش هەموویانەوە هەڵبژاردنی «مام» متمانەی لایەنەکانی لەبەرامبەر یەکتریدا بردە ئاستی لووتکە، جیاوازیشی لەگەڵ وێستگە و هەڵبژاردنەکانی پێشتر و دواتریشدا، ئەوە بوو کە «مام» راستە سکرتێری یەکێتی بوو، بەڵام پاڵێوراوی تەنها حزبەکەی خۆی نەبوو، بەڵکو بەهەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسیەکانەوە مەقبول و تاکە کاندیدی نێوماڵی کوردی بوو!.
لە راستیدا هەڵبژاردنی «مام» پەند و عیبرەتی زۆری تێدایە کە دەکرێ بۆ ئێستامان ئیلهامبەخش بێت، لەکاتێکدا دەزانین لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشهاتێکی ئاڵۆز چاوەڕێمانە، کە بێگومان هاوکێشە سیاسییەکان دەگۆڕێ، دەبێ کورد وردتر سەردەمەکە بخوێنێتەوە، بەهەمان متمانەوە یەکڕیز بۆ ئەگەرەکانی بەردەمی بڕوانێت و بە نەشئەی دیپلۆماسیەتی تاڵەبانی-یەوە بچێتە دانوستان و تێپەڕاندنی تاقیکردنەوە سەخت و دژوارەکانەوە، لەنێو ئەو نائارامییەدا خاڵی هاوبەش و ئەرێنی بدۆزێتەوە و حەکیمانە بەیەک مەودا مامەڵەیەکی سیاسیی تەندروست بکات و چەندی پێدەکرێت خاک و خەڵک و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەگەرمەی کێشە و قەیرانەکانیشدا بە بێ زیان دەرباز بکات.
درود و سڵاوی ئەمەکەداریی دەنێرینە حزور ڕۆحی
پڕ شکۆی نەتەوەکەمان جەنابی «مام»ـی ڕابەر و سەرۆک.