بۆ یادی رۆژنامە تاقانەکەی میدیای کاغەزیی کوردستانی نوێ لەگەڵ راپەڕیندا ئاوێتە دەکەینەوە

11:15 - 2025-01-09
مستەفا محەمەد
95 خوێندراوەتەوە

 
لە دوا کۆنفڕانسی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کوردستانی نوێ، چەندین پێشنیازی بە ئاراستەی باشترکردن بۆ کرا و لەدواییشدا ستافی رۆژنامەکە، ئەو پێشنیازانەیان لێبڕاوانە گرتە ئەستۆ.
یەکێک لەپێشنیازەکانیش جگە لە خۆڕێکخستنەوە،گرنگیدان بوو بەناوچە و دەڤەرە جیاوازەکان و بایەخدان بە هەموو شوێنێکی ئەم نیشتمانە، لەڕێی گەیاندنی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەوە و هەر ناوەندی پارێزگاکان نەبنە چەقی کارلەسەر کردن. 
لەبەرنامەدا هەیە کە دووتوێی تایبەت تەرخان بکرێت بۆ نووسەرانی ئەم ناوچەیە و گرنگیی زیاتر بدرێت پێیان لە هەموو بوارەکانی نووسیندا.
بۆیه ئێمە دەمانەوێت هانی رۆشنبیران، نووسەر و رۆژنامەنووسان و دڵسۆزانی دەڤەری راپەڕین بدەین کە کوردستانی نوێ بە ماڵی خۆیان بزانن، فەرموویان لێدەکەین بۆ پڕۆژەی نووسینی ئەکادیمی و بیرکردنەوەی رەخنەییانە، گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییە هەنووکەییەکانی هەفتە، هەروا رووماڵی پیشەییانەی رووداو و پێشهاتەکانی دەڤەرەکە بۆ سەر لاپەڕەکانی کوردستانی نوێ.
گەرەکیشمانە ئەم هەلە بکەینە دەستپێکی واڵاکردنی دەروازەیەکی تر بەڕووی روانین و هەڵسەنگاندنی ئەدای دامەزراوەکان و شیکردنەوەی خەمەکانی راپەڕین، چونکە ئەو ناوچەیە فریادڕەس و باوەری پتەوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆیە خستتنەڕووی ئاڵنگارییەکانی دەڤەرەکە و شەتەکدانی دیوە شاراوەکانی مێژوو و هونەر و ئەدەب، نیشاندان و خستنەڕووی توانا و سەلیقەی پێنووسە دیار و بوێرەکانی ئەم پانتاییە پڕ لە داهێنانە، لەسەرجەم بوار و ژانرە جیاوازەکاندا، دەبێ هەر ئەرکی ئێمە بێت. کۆکردنەوەیان لەژێر سەیوانی رۆژنامەیەکی متمانەپێکراو و راستگۆی وەک «کوردستانی نوێ»دا کە دواجار پێمانوایە دەکرێت لەپێناوی بەدیهێنانی گوتاری میدیایی بەرپرسیاردا لەداهاتوودا سوودی باشی لێوەربگیرێت، ئەمەش بێگومان راستەڕێی کارمان دەبێ .
کەواتە مادام ئەم هەوڵەمان بە نییەتێکی پیرۆزی بێ خەوشانەوە بۆ خزمەتی گشتی دەستداوەتێ، گومانی تێدا نییە بە هەوڵ و کۆمەکی هەمووان، دەکرێت بیگەیەنینە ئاست و ئەنجامێکی دڵشادانە و لە ساڵی نوێی کارکردنیشیدا «کوردستانی نوێ» فرە رەهەندتر لە نێو کایەی میدیای کاغەزیدا لە جاران جوانتر بدرەوشێتەوە.

وتارەکانی نوسەر