کۆمێنت

11:01 - 2022-07-28
شیرین. ک
572 خوێندراوەتەوە

(16)

سەعاتەكەی بەغدا
لە دوای راپەڕینەوە پەیوەندیی كلتوری نێوان هەرێم و عیراق پچڕا، بۆ نزیكەی دە ساڵێك زۆر ئاگامان لەیەك نەما، بەڵام دوای روخانی رژێمەكەی بەغدا ساڵی 2003 وردە وردە ئەو پەیوەندییە دروستبووەوە ئەمەش لە رێی پێشانگەكانی كتێب و فێستڤاڵە ئەدەبی و كەلتورییەكان و هتد.. بەو هۆیانەوە بە چەندین ناوی نوێ ئاشنا بووین بەتایبەتی لە بواری رۆماندا، لەو ناوانەی كە فریاكەوتووم بەرهەمیان بخوێنمەوە: عەلی بەدر، ئەنعام كچەچی، ئەحمەد ئەلسەعدی، سینان ئەنتۆن، شەهد ئەلراوی، بورهان شاوی، كە یەكی یەك رۆمانیانم خوێندۆتەوە، جگەلە عەلی بەدر كە تا ئێستا دە رۆمانیم خوێندۆتەوە، بۆ هەر یەكێك لەو رۆماننووسانەی ناوم هێنان كۆمێنتی خۆم نووسیوە لەبارەی رۆمانەكانیانەوە، بەڵام لە گۆشەی ئەمجارەدا بەتەنیا ئەو كۆمێنتە وەردەگرم كە لەبارەی شەهد ئەلراوی و رۆمانەكەی (ساعە بغداد)ەوە نووسیوومە ساڵی2019: (ئەمە یەكەم رۆمانی نووسەرە، زۆرجار یەكەم رۆمانی نووسەر جۆرێكە لە ژیاننامەی خۆی، رەنگە سەركەوتووترین رۆمانیشی بێت، هەندێك نووسەر هەیە نەیتوانیوە یەكەم رۆمانی تێپەڕێنێ ئیتر كوژاوەتەوە و لەبیرچۆتەوە، لە كاتێكدا یەكەم رۆمانی هەرای ناوەتەوە و چەندینجار چاپكراوەتەوە، بۆ نموونە فرانسوا ساگانی فەرەنسی خاوەنی رۆمانی (سڵاو ئەی خەم).
ئەم رۆمانەی شەهد ئەلراوی دە جار چاپكراوەتەوە و تەرجەمەكراوە بۆ زمانی ئینگلیزی و میدیا بیانییەكان ستایشی زۆریان كردووە، بەڵام پێودانگی ئەوان جیایە و نابێتە بڕوانامەی سەركەوتوویی رۆمانەكە، بەڵكو رێگەیەكە بۆ ناوناوبانگ، بەلای منەوە رۆمانێكی ئاساییە، تانوپۆی سفت نییە، باش نەچنراوە، لە هەندێك شوێندا ناتوانێت قەناعەت بە منی خوێنەر بكات، رۆمانێكی شاشە، پەرشوبڵاوە، رووداوەكان بەباشی بەیەكەوە كۆنەكراونەتەوە و نەبەستراونەتەوە..
لە كاتی نووسینی ئەم گۆشەیەدا خوێندمەوە كە شەهد ئەلراوی رۆمانێكی تازەی دەرچووە بە ناوی (جسر الجمهوریە- پردی ئەلجمهوریە) كە پردێكی بەناوبانگە لە شاری بەغدا، پێدەچێت نووسەر شاری بەغدای كردبێتە كارەكتەری سەرەكی رۆمانەكانی، لە رێی شوێنێكی بە ناوبانگ و ئاشنای شارەكەوە حیكایەتەكان بگێڕێتەوە!!

وتارەکانی نوسەر