بەناز عەبدولکەریم
ئامڕازەکانی فێرکاری ئامڕازی نوێ نین لە بواری پەروەردەدا، بیرۆکەی ئامڕازی فێرکاری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی دێرین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، مرۆڤ بۆ چەندین سەدە لە گەیاندنی بیرۆکەکانی و پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا ئامڕازی جیاوازی بەکارهێناوە بۆ گەیاندنی مەبەستەکانی، پێویستە بەکارهێنانی نیشانە و ئاماژەکانی روخسار نموونەی بەرجەستەی ئامڕازی فێرکاری بن کە مرۆڤ پێیان ئاشنا بووە.
لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا مرۆڤ کاروبارە گرنگەکانی رۆژانەی لە رێگەی ئەزموونی راستەوخۆ و چاولێکەری و دابونەریتەوە فێربووە رێگەی ئەزموونی راستەوخۆ و چاودێری، بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت زۆرێک لە ئەزموونی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایانە لە ئەنجامی بەریەککەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەو ژینگەیەی تێیدا دەژین و شتە راستەقینەکانی ناوی فێربوون ئەمەش وایکرد کاریگەرییە هەستیارەکانیان لەسەر ئەو شتانە سروشتی و روون بێت.
ئامڕازە فێرکارییەکان لە سەدەی بیستەمدا گەشەیەکی زۆریان بەخۆوە بینیوە، لە دامەزراوە پەروەردەییە جیاوازەکاندا بەکارهاتووە، ئەمەش بەهۆی سوودە گەورەکانی لە پڕۆسە پەروەردەییەکاندا، دەتوانرێت ئامڕازەکانی فێرکاری وەک کۆمەڵێک کەرەستە و ئامڕاز پێناسە بکرێت هەریەک لە مامۆستا و خوێندکاران بۆ گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەییەکان بەکاریان بهێنن.
هۆیەکانی فێربوون یارمەتیدەرن بۆ روونکردنەوەی کێشە ناڕوونەکانی وانەکان، هەروەها توانای بینینی زۆر شت دەدات بەبێ ئامرازێک تێگەیشتنیان قورسە
پێویستی بەکارهێنانی ئامرازەکانی فێرکاری
ئامڕازەکانی فێرکاری لە خۆیاندا ئامڕازن و ئامانج نین، بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکی پەروەردەیی دیاریکراو بەکاردەهێنرێن، ژمارەیەک گۆڕانکاری گرنگ لەم سەردەمەدا روویانداوە وایکردووە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی فێرکاری گرنگی زیاتر پەیدا بکەن، لێرەدا ئاماژە بە هەندێک لەو گۆڕانکارییانە دەکەین.
* گۆڕانکاری لە ژمارەی قوتابیاندا: لە چەند ساڵی رابردوودا رێژەی خوێندکاران لە قوتابخانەکاندا بەشێوەیەکی یەکجار زیادی کردووە ، ئەمەش لە ئەنجامی زیادبوونی سروشتی ژمارەی دانیشتوان و بڵاوبوونەوەی هۆشیاری پەروەردەیی لای خەڵک و پرەنسیپی خوێندنی ئیجباری و بێ بەرامبەر لە زۆرێک لە وڵاتان ئەم زیادبوونە بووەتە هۆی قەرەباڵغی پۆلەکان بە خوێندکاران زیاتر لەوەی لە سنوورێکی گونجاودا بێت جیاوازی تاکەکەسی لە نێوان خوێندکارانی ناو پۆلەکەدا سەریهەڵدا.
* گۆڕانکاری لە ئامانجەکانی قوتابخانەدا: ئامانجەکانی قوتابخانەی مۆدێرن پەرەیان سەندووە، بەو پێیەی ئامانجەکان هەمەچەشن و جۆراوجۆرن، ئامانجی قوتابخانە تەنها فێرکردن نییە، بەڵکو ئامانجی پەروەردەکردنە بە فەلسەفەی پەروەردەیی دەوڵەت، زیاتر لەوەش زەمینە خۆشکردن بۆ دۆزینەوەی تواناکان و بەهرەی تایبەتی خوێندکار، بێگومان بۆ ئەمەش تیشکی خستۆتە سەر گەشەسەندنی هەمەلایەنە و بەکارهێنانی ئامڕازە جۆراوجۆرەکان پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەییە زۆرەکان.
* گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و شێوازی وانەوتنەوەدا: گۆڕانکاری لە ئامانجە پەروەردەییەکاندا بووە هۆی گۆڕانکاری لە پرۆگرام و شێوازی وانەوتنەوەدا، بۆیە پڕۆگرامەکان تیشکیان خستە سەر ئەزموونە پەروەردەییە تیۆری و کارپێکراوەکانی ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانە، بەمەش شێوازەکانی وانەوتنەوە پێویست بوو بۆ پێدانی ئەزموونی جیاواز بە قوتابیان، ئەمەش گۆرانکارییەکی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی مەرام و ناوەڕۆکی ئەم گۆڕانکارییانە، پێویست بوو چەندین ئامڕازی نوێی پەروەردەیی و فێرکاری بەکاربێت.
* گۆڕانکاری لە ئەنجامی پێشکەوتنی دەروونناسیدا: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەروونناسەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە فێربوون لەڕێگەی چالاکی و بەشداریکردنەوە ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە، هەر بۆیە گرنگی ئامڕازە فێرکارییەکان دەردەکەوێت، چونکە یارمەتی خوێندکار دەدەن بۆ کردنی چالاکییەکە، هەروەها دۆزینەوەی پەیوەندییەکانی نێوان شتە جیاوازەکان لەلایەن خودی خوێندکارانەوە.
* گۆڕانکاری لە سەردەمی شۆڕشی زانیارییەکاندا: گرنگترین شت لە سەردەمی ئێستامان جیادەکاتەوە، لێشاوی خێرای زانیاری و مەعریفەیە لە ئەنجامی داهێنان و دۆزینەوە جیاوازەکاندا بەدیهاتووە بووە هۆی فراوانبوون و هەمەجۆربوونی پڕۆگرامەکانی خوێندن پێویستە خوێندکاران فێری ببن لێرەدا سوود و گرنگی ئامڕازە فێرکارییەکان دەردەکەوێت، بەو پێیەی دەتوانرێت زۆرێک لە راستی و چەمکەکان لە ماوەیەکی کورتتر و بەشێوەیەکی باشتر فێری قوتابی بکرێت لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.
سوودەکانی بەکارهێنانی هۆیەکانی فێرکاری
* هۆیەکانی فێربوون یارمەتیدەرن بۆ روونکردنەوەی کێشە ناڕوونەکانی وانەکان، هەروەها توانای بینینی زۆر شت دەدات بەبێ ئامڕازێک تێگەیشتنیان قورسە.
* زانیارییەکان زیندوو و بەنرخ دەکات، بۆ ئەوەی خوێندکار بتوانێت بەکاری بهێنێت و سوودی لێ وەربگرێت لە وانەکانی و لە ژیانی گشتیدا.
* یارمەتیدەرە بۆ مانەوە لە یادەوەریدا و بە ئاسانی وەبیرهێنانەوەی لەکاتی پێویستدا.
* دەتوانرێت لەلایەن مامۆستایانەوە وەک ئامڕازێکی کاریگەر وەربگیرێت بۆ پەروەردەکردنی چاودێری و راهێنانی خوێندکاران بە توانای تێبینیکردن و وردەکاری لە کاردا و گوێگرتنی بەسوود.
* بەڕێگەیەکی کاریگەر دادەنرێت بۆ هاندان بۆ کارکردن و گەشەپێدانی خواستی بەدواداچوون و دروستکردنی هاندانێکی بەهێز بۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە زۆر شت.
* وادەکات مامۆستا دڵنیا بێت لە تێگەیشتنی خوێندکاران لەو زانیارییانەی پێیداوە، هەروەها یارمەتی قوتابی دەدات بۆ پێکهێنانی نەریتی بینین و بیرکردنەوە.
دوایین سەرنج دەتوانین بڵێین، سەرەڕای سوودە زۆرەکانی هۆیەکانی فێرکردن، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە زیانی هەبێت، بەکارهێنانی ئامڕازی پەروەردەیی و گۆڕینی وانەکان بۆ پیشەنگای ئامڕازەکان و روونکردنەوەی هەر خاڵێک لە وانەکەدا، رەنگە سەرنجی خوێندکاران لە وانەکەوە بۆ خودی ئامڕازەکان لابدات و بەم شێوەیە سوودی ئەوان لەدەست بچێت.