مووچەی حوزەیرانی فەرمانبەران بەپێی یاسای بودجە دەبێت

10:12 - 2023-07-04
کوردستان
729 جار خوێندراوەتەوە

بودجەی عیراق كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە چوارچێوەی عیراقدایە، بەگوێرەی ئەو بڕگەیەشی كە فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران جێگیریكردووە، «دەبێت دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەولەویەت بێت».
وەزارەتی دارایی رێنمایی بۆ خەرجكردنی بودجە دەردەكات
لەوبارەیەوە، د.بڕیار رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووە: «بەوپێیەی بودجەی عیراق خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی ئەم مانگە لە پشكی دیاریكراوی خۆی لە بودجەدا، دابەشدەكات و بەدڵنیاییشەوە لەم مانگەدا وەزارەتی دارایی عیراق رێنمایی بۆ خەرجكردنی بودجە دەردەكات و پشكی هەرێمیش بە دوو قۆناغ خەرجدەكرێت، كە لە قۆناغی یەكەمدا وەزارەتی دارایی پارەكە دەخاتەسەر هەژماری بانكیی حكومەتی عیراق، لە قۆناغی دووەمیشدا دەخرێتەسەر هەژماری بانكیی حكومەتی هەرێم، كە بەشێكی بۆ مووچەیە و بەشێكیشی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان تەرخاندەكرێت».
ئەولەویەت بۆ مووچەیە
ئاماژەی بەوەشكردووە كە «بڕ‌گەی 8ی مادەی 13، كە بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بودجەدا جێگیركرا، بڕ‌گەیەكی گرنگە و لە دوو بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەم تێیدا ئەولەویەت بۆ مووچەیە و حكومەتی هەرێم ناچاردەكات مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشبكات بەبێ بیانوو، بەشی دووەمی بڕگەكەش ئەوەیە ئەگەر نادادپەروەری لە دابەشكردنی پشكی پارێزگاكاندا هەبوو، پێویستە ئەنجومەنی وەزیران خۆی چارەسەری بكات»، ئەوەشی وتووە كە «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك تاكە لایەنی سیاسیی كوردستان، داكۆكیكاری مافی مووچەخۆران بوو، هەربۆیە لە بڕگەی 8ی مادەی 13دا ئەولەویەتی بۆ مووچە جێگیركرد، بەوەش حكومەتی هەرێم ناچارە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەشبكات».
مووچەی هەرێم هاوشێوەی عیراق دابەشدەكرێت
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەو بڕگەیەی كە لە یاسای بودجەدا جێگیریكرد، ئەولەویەت بۆ دابەشكردنی مووچە دەبێت بەشێوەیەكی مەركەزی. سەبارەت بەوە، شیروان میرزا ئەندامێكی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: «خەڵكی هەرێمی كوردستان دڵنیابێت لەوەی كە بەپێی یاسای بودجە لەمەودوا نابێت مووچە مەترسی لەسەربێت، ئەگەر مووچە دابەشنەكرا یاخود ناعەدالەتی تێداكرا، ئەوا پەنادەبرێتە بەر سەرۆك وەزیرانی عیراق بەمەبەستی چارەسەركردنی».
شیروان میرزا، ئەوەشی خستۆتەڕوو كە «مووچەی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای بودجە هاوشێوەی عیراق دابەشدەكرێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یش ئەوەی جێگیركردووە كە لە پشكی هەرێم ئەولەویەت بۆ دابەشكردنی مووچە بێت بەشێوەیەكی مەركەزی و دواتریش پارەی پێویست بۆ پڕۆژەكان تەرخانبكرێت، ئەوەش خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستانی بەدوادادێت».
هەوڵە بەردەوامەكانی یەكێتی و نوێنەرانی لە بەغدا
لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، چەند پڕۆژەیەكی لەپێناوی خزمەتكردنی گەلانی عیراق پێشكەشكرد، كە بەشێكی زۆر لە داواكارییەكانی یەكێتی لەلایەن حكومەتی نوێی عیراقەوە جێبەجێكران. هەروەها یەكێتی لەڕێگەی فراكسیۆنەكەیەوە لە بەغدا هەوڵی جدی و رۆڵی كارای هەبوو بۆ راگرتنی ئەو نادادییەی بەرامبەر بە بەشێك لە پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەكرا، جگەلەوەش پشتیوان و داكۆكیكاری چەندین پڕۆژەیە كە خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات، هاوكات داكۆكیكاری سەرسەختی مافی مووچەخۆران بوو.

PUKMEDIA

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان