یادەوەریی وەرزشی

12:35 - 2022-05-09
وەرزش
362 جار خوێندراوەتەوە

 

خەسرەو گورون

44

وەك لە ژمارەكانی پێشووی ئەم باسەمدا روونم كردەوە، تیپی (16) یانەی  سەرتاسەری عیراق بەشدارییان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق وەرزی 1987-1988، كردبوو، كرابوون بە چوار گروپی چوار یانەییەوە، ئێمە وەك یانەی سلێمانی لە گروپی باكووردا بووین و گروپەكەشمان ئەم یانانەی لەخۆ گرتبوو: (یانەی سلێمانی، یانەی برایەتی هەولێر، یانەی 1 ی حوزەیرانی كەركوك، سامەڕا).
باسی دوو یاریی خۆمانم لەم خولەدا كرد، وا لەم بەشەی باسەكەشمدا باس لە یاریی سێیەممان دەكەم كە رۆژی 16/10/1987 لە هەولێر كردمان و یارییەكشمان بەرامبەر تیپی یانەی برایەتی بوو.
ئەم یارییە رۆژێك بەر لە سەرژمێری سەرتاسەری عیراق بوو كە رۆژی 17/10/1987 كرا، پێشتر بڕیار درابوو لە ئێوارەی رۆژی 16/10/1987 -ەوە سەرجەم بازگەكانی نێوان شارەكانی عیراق دابخرێت، بۆیە یارییەكەی ئێمە خرایە بەیانی رۆژی 16/10/1087، بۆ ئەوەی پاش تەواو بوونی یارییەكە و نیوەڕۆی ئەو رۆژە بگەڕێینەوە بۆ سلێمانی.
لەگەڵ ئەوەی یارییەكەش بەیانی كرا، بەڵام بۆ سەیركردنی یارییەكەش ئامادە بوویەكی زۆر لە یاریگادا ئامادەبوون، ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بەدرێسی سوور و سپییەوە یاریمان كردو برایەتیش درێسەكانیان سەوز بوو، تیمێكی ناوبژیوانیش لە كەركوكەوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە.
سەرۆكی وەفدی یانەی سلێمانی خوالێخۆشبوو (فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان) بوو، راهێنەری ئێمەش مامۆستا (ئازاد وەهاب) بوو، ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد بەمشێوەیە:
*گۆڵچی: رەفیق عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون، تەنیا حەسەن تەنیا، حەمەی حاجی واحید، شەهید ئامانج عومەر ئیسماعیل.
*ناوەند: ئامانجی سەید برایم-كاپتنی تیپ، فەرەیدون ساڵح-نێرە، سەڵاحی شێخ ئەمین، جەعفەر تۆفیق.
*هێرشبردن: حەمەی كەریم، بەختیار رەشید.
مامۆستا ئازاد وەهاب ئەم دوو گۆڕانكارییەشی كرد: فەرەیدون كەمال بۆ شوێنی جەعفەر، كاروان حەمە فەرەج بۆ شوێنی خەسرەو كە بەهۆی پێكانەوە دانیشت، ئەم یاریزانانەش یەدەك بوون:ئالانی قادر یابە، نەبەز عەلی ئاسكە، كاوەی ئاسنگەر، رزگار عەلی و هیوا محەمەد گۆڵچی.
سەرنجامیش توانیمان بەگۆڵێكی بێ وەڵام لە تیپی یانەی برایەتی ببەینەوە، گۆڵكەشمان سەڵاحی شێخ ئەمین لە دەقیقەی 86 دا تۆماریكرد، لە یارییەكەشدا رەفیقی گۆڵچی ئەستێرەی یارییەكە بوو بەوەی ئاستێكی بەرزی پیشاندا و چەندین هەلی گۆڵكردنی برایەتی پووچەڵ كردەوە و ئەوەش هۆكاری سەرەكی بردنەوەكی ئێمە بوو.
بەم بردنەوەیەش بووین بە خاوەنی 5 خاڵ لە دوو بردنەوە لە برایەتی و سامەڕاو یەكسان بوون لەگەڵ 1 ی حوزەیران و بەیەكەمی گورپەكەمان ماینەوە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان