خەسرەو گورون
81
لە ژمارەكانی پێشووی ئەم زنجیرە باسانمەدا تیشكێكم خستە سەر سێ یاریمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق-گروپی باكوور بۆ وەرزی 1989-1990، یەكەم یاریی لەگەڵ تیپی یانەی 1 ی حوزەیرانی كەركوك بوو، یارییەكە رۆژی 3/11/1989 لە یاریگای سلێمانی كردمان و 0-1 دۆڕاین، دووەم یاریمان رۆژی 10/11/1989 هەر لە یاریگای سلێمانی بەرامبەر یانەی كەرامەی شاری كەركوك بوو، ئەم یارییەمان 3-0 بردەوە، رۆژی 17/11/1989 سێیەم یاریمان لەكەركوك بەرامبەر یانەی سەورەی ئەوشارە كرد، ئەم یارییەشمان 0-1 دۆڕاند، وا ئەمجارە باسی چوارەم یارییمان دەكەم كەبەرامبەر یانەی سەڵاحەدین بوو.
یارییەكە رۆژی 24/11/1990 لە یاریگای تكریت كردمان، سەعات 3 ی عەسری ئەو رۆژە فیكەی دەستپێك بۆ یارییەکە لێدرا، ناوبژیوانانیش لە كەركوكەوە هاتبوون، ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی بە درێسی سپی و ئەوانیش بە درێسی شینەوە یارییان دەكرد.
ئێمە رۆژی یارییەكە سەعات 9 ی بەیانی لەسلێمانییەوە بەڕێكەوتین بۆ تكریت، سەعات 12:30 نیوەڕۆ گەیشتینە تكریت، نانی نیوەڕۆمان لەتكریت خوارد، پاش تەواو بوونی یارییەكەش راستەوخۆ گەڕاینەوە سلێمانی.
خوالێخۆشبوو فەهمی فەقێ رەشیدی قەشان سەرپەرشتیاری تیپ بوو، ئەندازیار كەمال عەبدوڵڵا سەرۆكی وەفد بوو، سەعدی غەریب و خوالێخۆشبوو حەمەی عەبۆل راهێنەرانی تیپەكە بوون، خوالێخۆشبوو د.عەتا چارەسەركەری تیپەكەمان بوو.
لەم یارییەدا ئێمە بە پلانی 4-4-2 یارییمان كرد، یارییەكەش بەبردنەوەی تیپی یانەی سەڵاحەدین 2-1 كۆتاییهات، دەقیقەی 43 سەڵاحەدین گۆڵی یەكەمی خۆیان كرد، بەڵام بەختیار رەشید لەدەقیقەی 57 دا گۆڵی یەكسانبوونی كردەوە، دواتر لەدەقیقەی 77 دا سەڵاحەدین گۆڵی بردنەوەیان كرد، لە یارییەكەشدا پێكهاتەكەمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵچی: سیروان محەمەد-عەبۆل.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، تەنیا حەسەن تەنیا، هادی كەریم، داخل جەبار.
*ناوەند:ئازادی حاجی مەلا شەریف، كەریمە سوور، فەرەیدون كەمال، بەكری شێخ مستەفا.
*هێرشبەر:نازم عەرەب، بەختیار رەشید.
لە یارییەكەشدا هەدوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:ئاسۆ قەلە بۆ شوێنی تەنیا، جەعفەر تۆفیق بۆ شوێنی بەكر، ئەم یاریزانانەش یەدەك بوون:هیوا محەمەد، موحسینی هەڵەبجە، جەلالی كانیاو.
شایانی باسە تیپی پلە دووی یانەكانی عیراق لەو وەرەزدا لەسەرتاسەری عیراقدا كرابوون بە سێ گروپەوە، تیپی یانەی سلێمانی لە گروپی باكووردا بوو، گروپەكەش ئەم تیپانە بوون (سلێمانی، 1 ی حوزەیران و كەرامە و سەورە لە شاری كەركوك، موسڵ و فتووە لە موسڵ، برایەتی لە هەولێر، سەڵاحەدین لە تكریت)، سیستمی یارییەكان خولێكی دوو قۆناغ بوو، یەكەم و دووەمی هەرگروپێك دەگەیشتنە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولەكە، بردنەوە 2 خاڵ و یەكسان بوون 1 خاڵ بوو.