رەوەز ئیسماعیل
دوێنێ یەكشەممە 9/7/2023 یارییەكانی هەفتەی 36 ی خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی عیراق دەستیپێكردوو یارییەكانی ئەم هەفتە نوێیە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبن.
تیپی یانەی دهۆك كە یەكێكە لە یانەكانی هەرێم، دەبێت یاریی دەستپێكی هەفتەكەی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بەرامبەر نەوتی میسان كردبێت.
ئەمڕۆش دووشەممە یارییەكان درێژەیان دەبێت و 6 یاریی تر دەكرێن، یەكێك لە یارییەكان نەورۆزی شاری سلێمانی لە یاریگای خۆیدا دێربی كوردستان بەرامبەر تیپی یانەی هەولێر دەكات.
ئەم یارییە ئەمڕۆ دووشەممە سەعات 5 ی عەسر لە یاریگای سلێمانی دەستپێدكات، یارییەكە بۆ هەردوو تیپ زۆر گرنگە بەوەی نەورۆز نۆیەمەو خاوەنی 48 خاڵە، هەولێریش حەتەمەو خاوەنی 52 خاڵە، بردنەوەی هەولێر زیاتر بۆ سەرەوەی ریزبەندیی سەریدەخات، نەورۆزیش ئەگەر بە سێ خاڵی یارییەكە شاد بێت ئەوا دەبێتە خاوەنی 51 خاڵ و باشتر لە ناوەندی ریزبەندیی گشتیدا خۆی قایم دەكات.
سەرجەم یارییەكانی ئەم هەفتەیە
*نەوتی میسان×دهۆك-یەكشەممە 9/7.
نەورۆز×هەولێر- دووشەممە 10/7.
*شورتە×كارەبا- دووشەممە 10/7.
*سەناعە×قووەجەوی-دووشەممە 10/7.
*حدود×زەورا- دووشەممە 10/7.
*دیوانیە×كەربەلا- دووشەممە 10/7.
*زاخۆ×تەڵەبە- دووشەممە 10/7.
*كەرخ×نەوتی بەسرە-سێشەممە 11/7.
*نەجەف×نە.وەسەت-سێشەممە 11/7.
*نەوت×قاسم- سێشەممە 11/7.
ریزبەندیی یەكەم تاپێنجەمی خولەكە
1-شورتە (73خاڵ).
2-قووەجەوی (69خاڵ).
3-زەورا (61خاڵ).
4-تەڵەبە (59خاڵ).
5-كارەبا (59خاڵ).
شایانی باسە تەنیا سێ هەفتە لە یارییەكانی ئەم خولە ماون بكرێن، سەناعە و دیوانییە دوا تیپی ریزبەندین، دیوانییە بەرەسمی بۆ خولی پلە یەك دابەزیوەو سەناعەش زۆر نزیكە لە دابەزین.