رۆژی شەممەی رابردوو 1/7/2023 لە شاری بیلباوی ئیسپانیا 110 یەمین پاڵەوانێتی پایسكلسواری تۆر دوفرانس دەستیپێكرد و لە یەكەم قۆناغیشدا كە ماوەكەی 182 كیلۆمەتر بوو، ئادەم ییتس – ی بەریتانی یەكەم بوو ئەو ماوەیەشی بە 4 سەعات و 29:49 سانیە بڕی.
تا ئێستا 7 قۆناغ لەم پاڵەوانێتییە كراون، دوایەمینیان قۆناغی حەوتەم بوو كە لەنێوان هەردوو شاری مۆندۆ مارسان كرا، لەم قۆناغەدا کاسپەر فلیپسنی بەلجیکی یەكەم بوو، بەڵام یۆناس فینگیگارد پارێزگاری لە درێسی زەرد و یەكەمی ریزبەندیی گشتی كرد.
یەكەم تا سێیەمی ئەم قۆناغە:
1- کاسپەر فلیپسن – بەلجیکا.
2- مارک کاڤاندیش– بەریتانیا.
3- بنیام جێرمانی– ئەریتریا.
ریزبەندیی گشتی
1-یۆناس ڤینگیگارد– دانیمارک.
2- تادی بۆگا شار– سلۆڤینیا.
3-گای هیندلی– ئوستورالیا.
مێژوویەكی كورت
ئەم پاڵەوانێتییە یەكێكە لە دێرینترین و بەناوبانگترین پاڵەوانێتییە وەرزشییەكان لەسەر ئاستی جیهان، مێژووی دەستپێكردنی زۆر دێرینەو یەكەم پاڵەوانێتی ساڵی 1903 رێكخراوە، خاوەنی بیرۆكەكەشی كەسێكە بەناوی هێنری دی گرانگ.
رۆژنامەی (پایسكل) كاتی خۆی پاڵەوانێتیی پایسكلسواریی سەر رێگاكانی رێكدەخست، هەرئەم رۆژنامەیە بیرۆكەی رێكخستنەكەی گرتە ئەستۆ، بەڵام ئەم رۆژنامەیە بەهۆكاری سیاسی داخراو رۆژنامەی (ئۆتۆمبێل) جێگای گرتەوەو تەنیا ناوەكەی گۆڕدرا بەڵام رۆژنامەكە هەر رۆژنامەی (پایسكل) بوو.
بۆ ئەوەی رۆژنامەكە خوێنەرانی لەدەست نەدات، پاڵەوانێتییەكانی (پاریس بۆردۆ پاریس) و (پاریس بریست پاریس) ی رێكخست، ئیتر لێرەوە بیرۆكەی تۆر دوفرانس هاتە ئاراوەو بەپراكتیكی ساڵی 1903 ئەم رۆژنامەیەو خاوەنەكەی كە ناوی هێنری دی كرانگ بوو لەسەر داواكاریی و پێشنیاری جیۆ لۆفڤێری رۆژنامەنووسی رۆژنامەكە، یەكەم پاڵەوانێتیی رێكخست.
یەكەم پاڵەوانێتیی تۆردوفرانس كاردانەوەكەی هێندە بەهێز بوو لەناو فەرەنسییەكاندا كە رێكخەران هەرگیز چاوەڕوانی وەها پێشوازییەكی گەرمی فەرنسییەكانیان نەدەكرد، بەتایبەتی قۆناغی كۆتاییەكەی لەناو شاری پاریسداو لەنێو شەقامەكانی ئەو شارەدا خەڵكانێكی زۆر پێشوازییان لە پایسكلسوارەكان دەكرد و ئەمەش زۆر جیاواز بوو لە پاڵەوانێتییەكانی پێشوو.
تیراژەكەشی زیادی كرد
ئەم كارەی ئەو رۆژنامە نووسە بووە هۆی ئەوەی لەسەرتاسەری جیهانەوە پایسكلسوارە ناودارەكان ناوی خۆیان بۆ بەشدارییكردن بنووسن، هەموو ئاواتیان ئەوە بوو ببنە خاوەنی درێسی زەردی یەكەمی، ئەوەتا تا ئەم ساتەش پایسكلسورانی نزیكەی 190 وڵات بەشدار دەبن، زۆرتر لەو ژمارەیەش ئەم پاڵەوانێتییە روماڵێکی جیهانی دەكرێت و بە ملیۆنان كەس لەسەرتاسەری جیهاندا موتابەعەی دەكەن.
هەرئەم پاڵەوانێتییە وایكرد كە تیراژی رۆژنامەی (ئۆتۆمبێل)یش هێندە زیاد بكات و هێندە دواكاری لەسەر زیاد بێت، لە قۆناغی نێوان پاریس و لیۆندا 93 هەزار دانەی لێ فرۆشرا، لە قۆناغی كۆتایی ناو پاریسدا تیراژەكەی گەیشتە 135 هەزار دانە، ئەمەلەكاتێكدا پێشتر و پێش دەستپێكردنی تۆر دوفرانس، تیراژی رۆژنامەكە هەرگیز لە 60 هەزار دانە تێپەڕی نەدەكرد.
دووەم قۆناغی ئەم پاڵەوانێتییە جیاواز لە قۆناغی یەكەم، پایسكلسوارەكان لەلایەن ئامادە بووانی سەر شەقامەكانەوە تووشی زۆر لە ناڕەحەتی و رەفتاری نەشیاوی وەرزشیی دەبوونەوە، چەندین كرداری گزی كردن رویدا، تەنانەت كار گەیشتە ئەو رادەیەی لە زۆر شوێن بزمار لەسەر رێگەی پایسكلسوارەكاندا بڕژێنرێت.
ئێستا پاڵەوانێتییەكە لەلایەن جامیعەی پایسكلسواری فەرەنسییەوە رێكدەخرێت، لەلایەن یەكێتیی نێودەوڵەتی پایسكلسواریشەوە چاودێری و سەرپەرشتی دەكرێت.
هەرچی سپۆنسەرە داراییەكانی ئەم پاڵەوانێتییەیە كۆمپانیا مەزنەكانی كارەبا و غاز و رادیۆ و تەلەفزیۆنە بەناوبانگەكانی فەرەنسان.
یەكێتیی پایسكلسواری فەرەنسا 23 جار رێگەی داوە دەستپێكی تۆردوفرانس لە وڵاتێكی تری ئەوروپا بێت نەك فەرەنسا ئەمەش لەبەرامبەر بڕێك پارەدا.
تائێستا 9 وڵاتی ئەوروپا ئەم هەنگاوەیان ناوەو دەستپێكی تۆر دوفرانس لە وڵاتەكانیاندا بووە، یەكەم وڵات كە ئەم شەرەفەی پێبڕاوە شاری ئەمستردامی هۆڵەندی بووە ساڵی 1954، دوا وڵاتیش ئیسپانیایە كە دەستپێكی 2023 ی بەخۆیەوە بینی لە شاری بیلباو.
زانیارییەكان
*ئەو ماوەیەی پایسكلسوراەكان دەیبڕن 3484 كیلۆ مەترە.
*ئەو ماوەیە بە 21 قۆناغی جیاجیا دەبڕن.
*20تا22 تیپی جیاجیا بەشداریی پاڵەوانێتییەكە دەكەن.
*هەر تیپێك لە 8 پایسكلسوار پێكدێت كە سەرجەم دەكاتە 176 پایسكلسوار.
*پاڵەوان درێسی زەردی لەبەر دەكرێت و بەرامبەر هەر رۆژێك لەبەشدارییكردن 500 یۆرۆ وەردەگرێت.
*كاتێكیش یەكەم دەبێت 500 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.
*درێسی سەوز ئەو پایسكلسوارە دەیپۆشێت كە لە كۆتایی هەر قۆناغێكدا خێراترین پایسكلسواری قۆناغەكە بووە.
*ئەوەی درێس سەوز دەپۆشێت چەند رۆژ پارێزگاری لەو درێسە بكات هەر رۆژەی 300 یۆرۆ وەردەگرێت.
*درێسی سپی خاڵ خاڵی سور لە ساڵی 1975 –ەوە كاری پێكراوە، ئەم درێسە بەو پایسكلسوارە دەدرێت كە بەخێراترین كەمترین كات بەسەر چیادا سەردەكەوێت.
*ئەوەی ئەم درێسەی لەبەردایە چەند رۆژ پارێزگاری لە درێسەكەی بكات هەر رۆژەی 300 یۆرۆ وەردەگرێت.
*هەر ئەو پایسكلسوارەی ئەم درێسە لەبەردایە ئەگەر بەدرێسەكەیەوە یەكەم بوو ئەوا خەڵاتی 25 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.
*درێسی سپی ئەو پایسكلسوراە لەبەریدەكات كە تەمەنی لە 25 ساڵ كەمترە، ئەمەش بۆ هاندانی یاریزانە لاوەكانە.
*ئەوەی لەبەری دەكات هەموو رۆژێك 300 یۆرۆ وەردەگرێت، ئەگەر لەنێو درێس سپییەكانیشدا یەكەم بوو ئەوا 20 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.
*هەرتێپێكی یەكەمی سەرجەم قۆناغەكان كە دەكاتە 21 تیپ لەپای یەكەمییان لە قۆناغەكەدا 2800 یۆرۆ وەردگرێت.
*ئەو تیپەشی یەكەمی كۆتایی تۆر دوفرانس دەبێت 50 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.