حامد بن عقيل
لە عەرەبییەوە: ڤینۆس فایەق
پێم گوت کاسەی سەرم هەڵوەشاوە، سوێندم بۆ خوارد رۆژێکیان کە لە خوێندنگەکەم، دار ئەلتەوحیدی ناوەندی دەچوومە دەرەوە و لەگەڵ وەستانم لەسەر شۆستەکەی بەردەم دەرگای خوێندنگەکە هەستم بە ساردییەک کرد لە سەرمدا، ئینجا کاسەی سەرم بوو بە پارچەیەک سەهۆڵ، و جیهان لە دەورم کوژایەوە.
دواتر پێیان گوتم شاحینەیەک کردمی بەژێرەوە، چونکە بە چاوداخراوی شۆستەکەم جێهێشت و کەمێک چوومە پێشەوە، تەنها یەک هەنگاو، بۆ ئەوەی کاسەی سەرم وەکو پارچەکانی شووشەیەکی رەنگاورەنگ هەلاهەلا بێت. نیوەکەی ترم، هێشتا لەسەر شۆستەکە مابۆوە، خۆی لە جانتای خوێندنگەکەم گیرکردبوو و دەگریا، تەنانەت ئەو کاتەش کە پارچەکانمیان کۆدەکردەوە و گسکیان لە تەپوتۆزی ئادەمیم لەسەر ئەسفڵتەکە دەدا وتەنانەت کاتێکیش پاشماوەی روفاتەکەمیان دەگەیاندە نەخۆشخانەی پاشا فەیسەڵ ودواتر مردنمیان راگەیاند.
جەنازەکەم سادە بوو، ئەو کچەی کە لە خەونەکانمدا دەمبینی بە باڵە قەراخ پەمەکانییەوە ئامادەبوو، داسێکی زیوین بەدەستییەوە. کە ئامادەبوان ریزبوون بۆ ئەوەی بۆ دووەمجار نوێژم لەسەر بکەن، لەسەر لێواری گۆڕەکە لێم نزیکبۆوە وچرپاندی بە گوێما:
- ئەو جیهانەی تر کێڵگەی گوڵە وەنەوشەی زۆری لێیە وپێویستت بەم داسە دەبێت بۆ دروێنەکردنیان.
ماچێکی کردم وپێش ئەوەی بفڕێت گوتی:
- خەمت نەبێت، شوو بە نیوەکەی ترت دەکەم کە کاسەسەرێکی هەلاهەلای لە زەمەنێکی تر بەسەرەوەیە وچەندین فکر دەخەینەوە، سوودی منداڵ لە جیهانێکی تاریکدا چییە؟
...
بەڵێ، من نیوەکەی ترمم. خۆمم بەبیرم دێتەوە پێش ئەو رووداوە، کاسەسەرمم بیر دێت کە ئاسایی بوو وحەزی بە ماتماتیک بوو، دەموچاوی نەنکمم بیر دێت دەگەشایەوە کە بەرەوڕووی دەچووم لە ماڵەکەی خۆی کە لە دێیەکەمان بوو لە باشووری تائیف.
بەڵام، بۆ ساڵانێکی زۆر دوای ئەوە ئیتر لە نیوەکەی ترم بێزار بووبوو.
هەوڵی زۆرم لەگەڵی و لەگەڵ زۆر کەسی تر دا، کە باسی ئەوەی روویدا بکەم. لانیکەم لەوەی روویدا تێبگەم، بەڵام هەمووجار دەگەیشتمە هەمان کۆتایی: کاسەسەرم دەبێتە پارچەیەک سەهۆڵ، وجیهان ون دەبێت:
- سوێندت بۆ دەخۆم داپیرە، مەبەستم نەبوو باز بدەمە بەردەم شاحینەکە، هەموو مەسەلەکە ئەوەیە کچێک بەتامی پرتەقاڵ بانگی لێدەکردم، دەستی راکێشا و بۆ پێشەوە کێشی کردم، یەک هەنگاو، وکاتێک ئاوڕم لە نیوەکەی ترم دایەوە بە جووڵەیەکی برۆکانی هانیدەدام، تێنەگەیشتم کە تەنها مەبەستی: بڕۆ پێشەوە بوو.
بۆم باسکرد کە ئەم کاسەی سەرەی ئێستا دەیبینێت، هی من نییە، رەنگە باوکم داواکارییەکی بۆ مۆزەخانەیەک بەرزکردبێتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کاسەسەری هەلاهەلام و شارەوانییەک وەکو رێکارێکی رۆتینی سەیری داواکارییەکەیان بەشێوەیەکی رۆتینی کردووە کە مەبەست لێی وەبەرهێنانی وزە نیشتمانیە مێژووییەکانە بۆ خۆشگوزەرانیی نەوەی ئێستا. پڕۆژەیەکی نیشتمانی بووە هۆی ئەوەی ئێستا من کاسەسەرێکم بەسەرەوەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەمەوییەکان، و باوکم ئیمزای وەرگرتنەکەی کرد، ودایەدەست نیوەکەی ترم.
ئەمڕۆ من جیاواز لە عادەتی هەموو بوونەوەرەکانی تر، کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەم وا هەست دەکەم تێدەگات بیر لەچی دەکەمەوە، ئەگەر نەشم گوتبێت و پێویست بێت بۆ دەیان بابەت لەیەک کاتدا لە قسەکردندا بەهانەم بۆ بهێنێتەوە.
بۆم باسکرد کە کاسەسەرم لە سەردەمێکی ترەوە قەرزکراوە ودەمێکە دەمەوێ راستی ئەوەی پێبڵێم کە ئەوەی ئەو دەیبینێت جگە لە نیوەکەی ترم هیچی تر نییە، ئەو نیوەیەی کە بە جووڵەیەکی نامۆی برۆکانی هانیدام دوای کچێک بکەوم بەتامی پرتەقاڵ.
حامد بن عەقیل: شاعیر و رۆماننووس ورەخنەگرێکی سعودییە.