بەبۆنەی یادی 77 ساڵەی سەركەوتنی یەكێتیی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا لە جەنگی دووەمی جیهاندا، روسیا بە نمایشێكی گەورەی سەربازی ئەو یادەی كردەوە، كە زیاتر لە 11 هەزار سەرباز و 77 فڕۆكە و كۆپتەر لە نەوەی پێنجەم تیایدا بەشداربوون.
لە وتەیەكیشیدا ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاند: وڵاتانی خۆرئاوا هەوڵی داگیركردنی روسیایان دەدا، بەڵام شكستیان بەو هەوڵانە هێناوە، وتیشی: ناتۆ هەڕەشەی لەسەر سنوورەكانمان دروستكردووە و ئەمڕۆ روسیا رووبەڕووی نازییە نوێكان دەبێتەوە.
رۆژێك بەر لە یادەكە، سەرۆكی روسیا نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی ژمارەیەك لە سەركردە و گەلانی وڵاتانی ناوچەكە كرد، لە نێویشیاندا گەلی ئۆكرانیا.
بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی كریملین، بەبۆنەی رۆژی سەركەوتنەوە، سەرۆكی روسیا نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی هەریەك لە سەركردە و گەلانی ئازەربایجان، ئەرمینیا، بێلاڕوسیا، كازاخستان، قیرغیزستان، مۆڵدۆڤا، تاجیكستان، توركمانستان، ئۆزبەكستان، ئۆسیتیای باشوور و هەردوو كۆماری گەلی دۆنیتسك و لۆگانسك كردووە. هەروەها پیرۆزبایی تایبەتیشی ئاراستەی گەلانی جۆرجیا و ئۆكرانیا كردووە.
لە پەیامی پیرۆزباییەكەیدا، پوتین ئاماژەی بەوەداوە: ئەركی هاوبەشی ئەمڕۆیان، بەرگرتنە لە گەڕانەوەی نازییەكان، كە كوێرەوەری و دەردەسەری زۆریان بۆ خەڵكی وڵاتان هێنا.
لە نامەكەیدا بۆ ئۆكرانییەكان، پوتین رایگەیاندووە: بە داخەوە، ئەمڕۆ نازییەكان جارێكیتر سەریان بەرزكردۆتەوە، بۆیە ئەركی پیرۆزی ئێمە، بەرگرتنە لە ئایدۆلۆژیای تۆڵەسەندنەوەی ئەو نازییانەی لەو جەنگە مەزنەدا دۆڕان.
لای خۆشیەوە، ڤلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا بەبۆنەی یادی شكستی ئەڵمانیای نازییەوە، لە وتارێكیدا وتی: ئەوەی باپیرانمان لە جەنگی دووەمی جیهاندا كردیان، لەبیرناكەین.
بە ئاماژەیەكیش بۆ سەركەوتنیان لە جەنگی دووەمی جیهان و ئەم جەنگەی ئێستا لەگەڵ روسیا دەیكەن، زیلینسكی وتی: بەم نزیكانە ئۆكرانیا دەبێتە خاوەنی دوو سەركەوتن.
سەرچاوە: ئاژانسەكان