ناكۆكی دەكەوێتە نێو ماڵی سوننەوە

09:38 - 2022-05-10
دووتوێ
288 جار خوێندراوەتەوە
ئەنبار دەبێتە گۆڕەپانی ململانێیەکی تری نێوان سەرکردە سوننەکان

ئاوێنەی عیراق

لە سایەی ئەم چەقبەستن و بێدەنگییەی گۆڕەپانی سیاسی لە وڵات بەخۆوەی دەبینی، تەنانەت لە پاش تەواوبوونی مۆڵەتەكەی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر، ناكۆكییەكان لەنێو ماڵی سوننەدا سەرهەڵدەدەن و دەبنە رووكاری دیمەنی سیاسی لە عیراق.   
لە دوای گەڕانەوەی رافع عیساوی وەزیری دارایی پێشووتر و دەرچوونی بێتاوانی لەلایەن دادوەرییەوە بەرامبەر بەو تۆمەتانەی رووبەڕووی كرابوونەوە، بەغدا گەڕانەوەی  عەلی حاتەم سلێمان سەرۆكی بەناو كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بەخۆوەبینی كە یەكێكە لە دەركەوتووترین سەركردەكانی ئەو مانگرتنانەی لە ساڵی 2013دا لە پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا روویاندا.   

یەكەم كۆبوونەوەی حاتەم سلێمان
حاتەم سلێمان لە رەمەزاندا وێنەیەكی خۆی لە كۆبوونەوەیەك لە بەغدا لەگەڵ ساڵح موتڵەگ جێگری پێشووتری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی بەرەی دیالۆگی نیشتمانی بڵاوكردەوە. 
سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن، گەڕانەوەی سلێمان و عیساوی و كۆبوونەوەیان لەگەڵ ساڵح موتڵەگ، سەرەتای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكە كە سەركردە كۆنەكانی سوننە كۆدەكاتەوە و بۆ كاركردن لەدژی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەركردەی حزبی تەقەدوم. 

 پێكهێنانی هاوپەیمانییەك لەدژی حەلبوسی 
سەرچاوەكان دەڵێن»حاتەم سلێمان دەگەڕێتەوە بۆ شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار، بەتایبەت دوای دەستەبەركردنی پشتیوانیی میللی و ئەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن كۆمەڵێك لە سەرۆك هۆزەكانی شارەكەوە لێیكرا».  
بە وتەی سەرچاوەكان»حاتەم سلێمان و ساڵح موتڵەگ لەگەڵ رافع عیساوی و هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی، كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سیاسی فراوان دەكەن، لەپێناو وەستان بەڕووی تاكڕەویكردنی حەلبوسی بە بڕیار سوننەكان لە وڵاتدا». 

هەڵوێستی حزبەكەی حەلبوسی 
بەبۆچوونی  عەبدوڵڵا خرێبیت سەركردە لە حزبی تەقەدوم، گەڕانەوەی عەلی حاتەم سلێمان و رافع عیساوی ئاساییە و شوێنی ئاسایی خۆیان پارێزگای ئەنبارە. 
ئەو سەركردەیەی حزبی تەقەدوم پێیوایە»هەموان دەیانزانی عەلی حاتەم دەگەڕێتەوە، گەڕانەوەكەشی رەنگە لە بەرژەوەندی گردبوونەوە و بەهێزبوونی ماڵی سوننە بێت، مەرجیش نییە دژایەتی حەلبوسی بكات». 

نزیكبوونەوەی گەڕانەوەی هاشمی
هەر لەو نێوەندەدا، تارق هاشمی جێگری پێشووتری سەرۆك كۆماری عیراق ئاماژەی بە نزیكبوونەوەی وادەی گەڕانەوەی كردبوو بۆ وڵات، لە تویتێكیشیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) رایگەیاندبوو كە چاوەڕوانی دەركردنی لێبوردن لە هیچ كەسێك ناكات و هەر هەلێكی بۆ رێبكەوێت دەگەڕێتەوە، چونكە بە وتەی بڕیارەكانی پێشووی دادوەریی لەدژی، فاكتەری سیاسییان لەپشتەوە بوو. 
حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتی حەلبوسی، بڕیاریدا لەیس دلێمی سەركردە لە حزبەكەی دەربكات، بەپێی سەرچاوەكانیش، هۆكاریی دەركردنەكە كۆبوونەوەی بووە لەگەڵ عەلی حاتەم سلێمان، بۆیە ئەگەر هەیە دلێمی و ژمارەیەك پەرلەمانتاری تر بچنە پاڵ هاوپەیمانی عەزم كە لەلایەن موسەننا سامەڕائییەوە سەركردایەتی دەكرێت. 

مەترسی گەڕانەوەی پێشێلكارییە ئەمنییەكان  
هاووڵاتیان لە ئەنبار و پارێزگاكانی خۆرئاوا، ترسی ئەوەیان هەیە، دووبارەكی و جیابوونەوە بكەوێتە نێو ماڵی سوننە و ئەمەش كاریگەریی لەسەر رەوشی ئەمنی لە پارێزگاكان دەبێت و ئەگەر هەیە ببێتە سەرەتایەك بۆ دەستپێكردنەوەی پێشێلكارییە ئەمنییەكان. 

رافع عیساوی 
عیساوی لەدایكبووی ساڵی 1966ی فەللوجەی پارێزگای ئەنبارە و سیاسەتوانێكی عیراقییە و پێشتر لەپۆستەكانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوە (2006-2007) و پۆستی وەزیری داراییدا بووە لە (2010-2013) . 
لە مانگی ئاداری 2013 دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی وەزیری دارایی پێشكەش كرد، وەك ناڕەزایی بەرامبەر بە سیاسەتەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەو دەمەی عیراق، پاشان چووە هەرێمی كوردستان و دواتر وڵاتی بەجێهێشت. لە 17حوزەیرانی 2020 خۆی رادەستی دادوەریی كرد و دواتر لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە لە تۆمەتەكانی پەیوەست بە تیرۆر بەبێ‌ تاوان دەركرا كە لێوەی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، بەبێ‌ ئامادەبوونی خۆی.  
لە 7ی نیسانی 2022، دادگای پێداچوونەوە بڕیاریدا رافع عیساوی وەزیری دارایی پێشووترعیراق  ئازادبكرێت، دوای ئەوەی پێشتر بە دوو ساڵ زیندانی بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی بە دوو ساڵ زیندانی حوكمدرابوو.

عەلی حاتەم سلێمان 
حاتەم سلێمان میری هۆزی دلێمی زوبەیدی كە یەكێكە لە گەورە هۆزەكانی ئەنبار، لەدایكبووی ساڵی 1971ی شاری بەغدایە و لە شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار پەروەردە بوو، دواتر بۆ تەواوكردنی خوێندن گەڕاوەتەوە بەغدا، بەوە ناسراوە كەسێكی قسەلەڕوو و بوێرە لە رووبەڕووبوونەوەی نەیارەكانی. 
حاتەم سلێمان بەر لە رووداوەكانی ساڵی 2014، هێزێكی خێڵەكی دروستكردو و توانی سوپای عیراق لە زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای ئەنبار دەربپەڕێنێت. 
حاتەم سلێمانی بەشداریی لە پەلامارەكانی باكووری عیراقدا كرد لە ساڵی 2014 و لەو دەمەدا رایگەیاندبوو كە داعش جگە 7-5%ی هێزە بەرهەڵستكارەكانی حكومەت پێكناهێنێت و زۆربەی چەكدارەكانی لە هۆزە سوننەكانی عیراقن و ئاماژەی بە توانای هێزە خێڵەكانیش كردبوو بۆ تێكشكاندنی داعش، بەڵام لە ساڵی 2015دا لە شەڕی رومادی، داعش توانی حاتەم سلێمان لە ناوچەكانی ژێردەستی هەڵبكەنێت و ناچاری بكات بەرەو هەرێمی كوردستان هەڵبێت. 

تارق هاشمی 
هاشمی لەدایكبووی ساڵی 1942ی بەغدایە، لە پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عیراقدا بوو. 
پێشتر بۆ ماوەیەكی زۆر ئەفسەر بووە لە سوپای عیراق و یەكێك بوو لە سەركردەكانی حزبی ئیسلامی عیراق كە روكاری سیاسی كۆمەڵی ئیخوان موسلیمینە لە عیراق. 
لە ساڵی 2009 رەخنەی لە دووبارەكی تایەفەگەریی گرت لە گۆڕەپانی عیراق، ئەمەش وایكرد دەست لە سەرۆكایەتی حزبی ئیسلامی بكێشێتەوە و لیستێك بە ناوی (تجدید) دابمەزرێنێت و بچێتە پاڵ هاوپەیمانی نیشتمانی بەسەركردایەتی ئەیاد عەللاوی لە لیستی عیراقیە كە بووە دووەم براوەی دووەم هەڵبژاردنی دوای 2003. 
تارق هاشمی لە 30ی كانوونی یەكەمی 2013، وەك ناڕەزایی بەرامبەر بە سیاسەتەكانی نوری مالیكی لە هێرشكردنە سەر ئەنبار، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار، پێشكەش بە مام جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراق كرد.  
دوای ئەوە تۆمەتی تیرۆری لەلایەن دادوەرییەوە رووبەڕووكرایەوە و چووە هەرێمی كوردستان و دواتر بەرەو توركیا وڵاتی بەجێهێشت. 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان