عیراق؛ رووبەری ئازادیی رۆژنامەگەری لە بەرتەسكبوونەوەدایە

10:03 - 2022-05-10
دووتوێ
563 جار خوێندراوەتەوە
لە ساڵی 2003وە چەندان رۆژنامەوان لە عیراق دووچاری كوشتن و راوەدوونان بوونەتەوە

ئاوێنەی عیراق

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە نۆی ئایاری 2021 چەكدارێك لە نزیكەوە گوللـەی ناوە بەسەری ئەحمەد حەسەن پەیامنێری تەلەفیزیۆنی لە پارێزگای دیوانیەی باشووری عیراق، تائێستاش تاوانبار دەستگیرنەكراوە، لەكاتێكدا حەسەن كاری بۆ كەناڵی ئاسمانی فورات دەكرد كە لەلایەن «رەوتی حیكمە»وە خاوەنداری دەكرێت.
لە سی و یەكی ئایاری 2021، نوسینگەی كەناڵی (التغییر)ی لۆكاڵی چۆڵكرا لە بەغدا، دوای ئەوەی ئەكرەم زەنگەنەی خاوەنی لە مۆبایلەوە نامەی هەڕەشەكردن بە كوشتنی پێگەیشتبوو، بەو هۆیەی لە دیمەنێكی ڤیدیۆییدا پێشكەشكاری بەرنامەیەكی كەناڵەكە، رەخنەی لە گروپێكی چەكدار گرتبوو.
لە پێنجی تەمموزی 2021،  راسم كەریم پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی دیجلە كە لەلایەن جەمال كەربولی سیاسەتمەدار و بازرگانەوە خاوەنداری دەكرێت، لەنێو بارەگایەكی حكومی لە زیقار دەستگیركرا، دوای ئەوەی دووچاری لێدان بۆوە، لە پاش دوو دوو كاتژمێر ئازادكرا.
لە سیانزەی تەمموزی 2021، دەسەڵاتداران نوسینگەی كەناڵی (روسیا الیوم)ی روسیان داخست لە بەغدای پایتەخت، ئەشرەف عەزاوی بەڕێوەبەری كەناڵەكە بۆ چەند كاتژمێرێك دەستبەسەركرا، بەر لەوەی دواتر ئازادبكرێت. هێزە ئەمنییەكان بیانوویان بۆ دەستگیركردنی عەزاوی و داخستنی نوسینگەی كەناڵەكە، نەبوونی مۆڵەتی پەخش بوو. روانگەی عیراق بۆ مافەكانی مرۆڤ، هۆكارێكی شیاوی بەدی نەكرد بۆ داخستنی نوسینگەی كەناڵەكە كە بۆ نزیكەی 15 ساڵە لە بەغدا كار دەكات. 
لە بیست و هەشتی تەمموزی 2021، هێزێكی ئەمنی هەڵیكوتایە سەر بارەگای كەناڵی بەغدادیە لە بەغدا و عەلی زەبحاوی پێشكەشكاری بەرنامەیەكی كەناڵەكەی دەستگیركرد، بەر لەوەی لە پاش چەند كاتژمێرێك ئازادبكرێت. كەناڵەكە لەلایەن عەون خەشلوك بازرگانی عیراقییەوە خاوەنداریی دەكرێت.
لە دوانزەی ئەیلولی 2021، ژمارەیەك لە رۆژنامەوانان روانگەی  عیراق بۆ مافەكانی مرۆڤیان ئاگاداركردەوە كە»یەحیا خەفاجی سەرۆكی زانكۆی زیقار رێگەی نەداوە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی مامۆستایانی زانكۆكە روماڵ بكەن و ناچاریی كردوون حەرەمی زانكۆ بەجێبهێڵن، بەبێ‌ ئەوەی بتوانن گردبوونەوەكە روماڵ بكەن». 
 لە نۆی تشرینی یەكەمی 2021، رۆژنامەوانان روانگەی عیراق بۆ مافەكانی مرۆڤییان لە بێسەروشوێنبوونی عەلی عەبد زەهرە لە بەغدا ئاگاداركردەوە. دوای دوو رۆژ عەبد زەهرە لە بەغدا گەڕایەوە ماڵی خۆی و رایگەیاند:»وێڕای هەموو ئەوەی روویدا و رەنگە رووبدات.. هەر بڕوای بە دەوڵەت هەیە، چونكە تەنیا دەوڵەت ئەو دایكەیە كە رۆڵەكانی خۆی ناكوژێت، بەڵكو دەیانپارێزێت، نەك بیانڕفێنێت». 
لە دووی كانوونی یەكەمی 2021، هێزێكی سەر بە نەهێشتنی تاوان لە پارێزگای ئەنبار، مەجید فەهداوی پەیامنێری كەناڵی (العهد)ی دەستگیركرد، بەو هۆیەی تیشكی خستبووە سەر رەوشی ژیان لە پارێزگاكە. كەناڵی (العهد) لەلایەن بزوتنەوەی ئەهلی حەقەوە خاوەنداریی دەكرێت.
هاوكارانی فەهداوی بە روانگەی عیراق بۆ مافەكانی مرۆڤیان راگەیاندبوو، هاوكارەكەیان لەلایەن دەستڕۆیشتووەكانی پارێزگاكەوە دووچاری گوشار بۆتەوە، تا واز لە ئامادەكردنی ئەو راپۆرتانە بهێنێت كە ناوی پارێزگاكە دەزڕێنن. 
لە بیست و حەوتی كانوونی یەكەمی 2021، عەللا مەعن ئەمینداری بەغدا سكاڵایەكی دادوەریی دژ بە یاسر عامر پێشكەشكاری بەرنامەیەك لە كەناڵی لۆكاڵی رەشید بۆ دادگا بەرزكردەوە و داوای  قەرەبووی دارایی كرد بە بڕی  250 ملیۆن دیناری عیراقی، بەو هۆیەی لە بەرنامەكەدا باس لە خراپی خزمەتگوزاریی كراوە لە پایتەخت. سەعد عاسم جەنابی بازرگان و سیاسەتمەدار خاوەنی كەناڵی رەشیدە.
لە چواری نیسانی 2022، وەزارەتی بەرگری سكاڵای یاسایی لەسەر ئەحمەد موللا تەڵاڵ پێشكەشكار لە كەناڵی (یو تی ڤی) و ئەیاد تائی ئەكتەر بەرزكردەوە، بەهۆی دیمەنێكی نواندن لە بەرنایەكدا كە رەخنەی لە «گەندەڵی»دەگرت لە دامەزراوەی سەربازی.
موللا تەڵاڵ و تائی، لە دوای نزیكەی دوو هەفتە لە بەرزكردنەوەكەی سكاڵاكە و لە دەی نیساندا ئامادەی بەردەم دادگا بوون، تارق مەعموری سەرۆكی تیمی بەرگری لە دوو تۆمەتبارەكە رایگەیاند»دادگای لێكۆڵینەوەی سێی كەرخ، ئەحمەد موللا تەڵاڵی میدیاكار و ئەیاد تائی ئەكتەری بە بارمتە ئازادكرد».
هاوكات لەگەڵ ئەمەدا، دەزگای  میدیا و پەیوەندییەكان، بڕیاریدا بە راگرتنی بەرنامەكە، بەڵام دوای چەند رۆژێك راگرتنەكەی هەڵگرت، بەڵام موللا تەڵاڵ بڕیاریدا لەو ماوەیەدا بەرنامەكە رابگرێت. 
لە نۆی نیسانی 2022، تۆڕی میدیای عیراقی (دامەزراوەی نیمچە رەسمی) بڕیاریدا راژەی كاركردنی ساڵح حەمدانی میدیاكار لە تۆڕەكە رابگرێت، بەهۆی نوسراوێك كە دە ساڵ لەمەوبەر لە ئەكاوتنی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی «فەیسبوك» بڵاویكردبۆوە و گاڵتەی بە گردبوونەوەیەكی ماتەمینی كردبوو بۆ یادی محەمەد باقر سەدر پیاوی ئاینی.
لە دەقی كۆتایی هێنانی راژەی كاركردنەكەدا هاتبوو»بڕیاردرا كۆتایی بە راژەی كاری ساڵح حسێن عەلی حەمدانی لە تۆڕەكە بهێنرێت، بەو هۆیەی سەرپێچی ماددەی 5ی كردووە كە ئاماژە بە پتەوكردن و پاڵپشتی لە پرەنسیپەكان و هەڵسوكەوتە دیموكراتییەكان و هاندانی قبوڵكردنی رای بەرامبەر و كلتوری لێبوردەیی دەكات». 
  هەموو ئەوانەی قسەیان بۆ روانگەی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ كردووە بۆ ئامادەكردنی راپۆرتەكە دەڵێن، دەسەڵات یاسای بەشێوەیەكی خراپ بەكارهێناوە، لەكاتی دەستگیركردنی رۆژنامەوانان لە ساڵی رابردوو لە شەقامەكان و لەكاتی كاریی مەیدانی، یان لە شوێنی نیشتەجێبونیان، دەسەڵات پابەندبووە بە ئاگاداكردنەوەیان، یان بانگكردنیان لەسەر ئەو سكاڵایانەی بۆبەردەم دادگا بەرزكراونەتەوە، وەك یەكەم رێڕەوی یاسایی بەر لەوەی بەهێز پەلكێش بكرێن.
دەیان رۆژنامەوان لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق ناچاربوون بەرەو هەرێمی كوردستان یان بۆ وڵاتانی تر كۆچ بكەن، بەهۆی هەڕەشە و  راوەدونانیان. ئەو رۆژنامەوانانە بۆ روانگەی عیراق بۆ مافەكەكانی مرۆڤ ئاماژەیان بە «زۆریی و تێكهەڵچوونی هێڵە سورەكان كردووە، گەر تێیانپەڕێنن، یان دەكوژرێن، یان هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكرێت».

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان