سی پی جەی: پێویستە دەسەڵاتدارانی ھەرێم شێروان شێروانی ئازاد بکەن

08:29 - 2023-07-21
کوردستان
583 جار خوێندراوەتەوە

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ لەسەر سەپاندنی چوار ساڵی تری زیندایکردن بەسەر شێروان شێروانی، رۆژنامەنووس و چالاکی ناوچەی بادینان ھاتە دەنگ و داوایکرد شێروان شێروانی ئازاد بکرێت و تەواوی ئەو تۆمەتانەشی ئاراستەی کراون ھەڵبوەشێنرێتەوە و رێگە بە میدیاکاران بدەن بە ئازادی کاری رۆژنامەوانی خۆیان بکەن.

کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان بەدواداچوونی وردی بۆ دۆسێکە کردوە و لەگەڵ پارێزەر و کەسوکاری شێروان شێروانی و گۆھدار زێباری کە بەشێکی دۆسێکە پەیوەندی بەوەوە ھەیە، قسەی کردوە و لە راپۆرتێکدا تەواوی راستییەکانی خستوەتەڕوو.

 کۆمیتەکە ئاماژەی کردوە بەوەی دادگای تاوانەکانی ھەولێر بەھیچ شێوەیەک گوێی بۆ قسەکانی گۆھدار زێباری نەگرتووە کە وتوویەتی خۆی مۆڵەتی بە شێروان شێروانی داوە لەجێگەی ئەو ئیمزای داواکارییەکی بۆ بکات.

سی پی جەی پەیامی ئاراستەی وەزارەتی دادی ھەرێم کردوە، بەڵام ھیچ وەڵامێکی لەوبارەیەوە دەست نەکەوتوە.

رۆژی پێنجشەممە، دادگای تاوانەکانی ھەولێر لەسەر سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی گەورانی ھەرێم بە تۆمەتی ساختەکردنی بەڵگەنامە، سزای چوار ساڵی دیکەی زیندانیکردنی بۆ شێروان شێروانی دەرکرد.

#ئازادیی رۆژنامەگەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان