سەردار حەمەغەفور ئاغجەلەری*
ساڵیادی برینێكی قووڵی جەستەی شۆڕش و كوردایەتییە، كوردایەتیی پاكی كوشتەی دەستی ناپاكان و دوژمنانی سەرفرازیی ئەم گەلە ستەمدیدەیەیە، ساڵیادی شەهیدبوونی باوكم (حەمەغەفوور ئاغجەلەری)، شاسواری خەباتی كەموێنەی قوربانیدان بە رۆحی خۆی و سپاردنی هاوسەر و منداڵ و دایك و باوكی بە چارەنووسی نادیاری نێو كونجی زیندان و دەربەدەریی.
بۆچی؟ تەنها و تەنها لە پێناوی رزگاریی كوردستان و سەربەستیی گەلەكەیدا.
باوكی ئازیزم، ئەی گلێنەی چاوی ئێمە و ئاشی ئاوی شۆڕش، تۆ بۆ خۆت چیرۆكێكی لێوانلێو لە پاكی، راستگۆیی لەگەڵ خۆت، ویژدانی خۆت، بیروباوەڕی خۆت، خۆت و میللەت، خۆت و كوردستان.
ئەفسانەی ئەو رۆژانە بووی كە میللەت هیچ پشت و پەنا و دەرەتانێكی نەمابوو، بە ورەی پۆڵاین و تینی كوردانەوە چۆكت بە مەحاڵ دادا و لەنێو دڵی هەرەسدا بوویتە پشكۆ و بڵێسەی هیواو كۆڵنەدان و هەستانەوە.
ئەم مێژووە پڕشكۆیەت، مەگەر تەنها گوندنشینان و جوتیاران و تێكۆشەرانی راستەقینەی سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ بزانن و بیگێڕنەوە.
شەهیدبوونی تۆ، نەك هەر بۆ ئێمە كۆست و كارەسات بوو، بەڵكو بۆ شۆڕشیش كەلێنێكی دروستكرد كە تائێستاش جێگەكەت پڕنەبۆتەوە.
بەوپەڕی بڕواوە، بە سەری بەرز و پڕ شكۆوە پێت دەڵێم: باوكە گیان، تۆ پایەیەكی گەورەی شۆڕش و خەبات بووی هەر لە ئاغجەلەر تا دەگاتە پێدەشتەكانی كەركوك و گەرمیان.
بۆیە بەبێ ناوی تۆ و یادی تۆ و رۆڵ و گیانبازیی تۆ و هەڤاڵەكانت، مێژووی ئەم شۆڕشە مەزنە، نانووسرێتەوە.
* کوڕی شەهید