ژوان عەبدولكەریم: مەرجی كۆمپانیاكان ئەوەیە میواندار شووی نەكردبێت

10:43 - 2023-07-27
دیدار
826 جار خوێندراوەتەوە
ژوان عەبدولكەریم

سازدانی/ ماردین عەبدولكەریم

 

میواندار لەلای خۆمان زیاتر بە ناوە عەرەبییەكەی (مظیفة الطیران) ناسراوە، لەگەڵ ئەوەی پیشەكە خۆی واتە میواندار لە كۆمەڵگەی كوردیدا پیشەیەكی باونییە، ژوان عەبدولكەریم خەڵكی سلێمانی و دانیشتووی ئەڵمانیایە، ئەو كچە شۆخە پیشەی میواندار-ی هەڵبژاردووە و پێی وایە كاركردن لەنێو فڕۆكەدا و بە ئاسمانەوە دڵخۆشتری دەكات وەك لە كارێكی سەر زەوی و لەنێو فەرمانگەیەكدا. بۆیە بەباشمان زانی دیمانەیەكی لەگەڵ بكەین.


 

* پیشەی میواندار چۆن دەبینی و جیاوازی لەگەڵ پیشە باوەكاندا چییە؟ 
- پیشەیەكی جیاوازە، دڵخۆشم بەوەی ئەم كارە دەكەم. رۆتین شتێكە هەرگیز حەزم پێی نییە، زۆربەی پیشە باوەكان ماندووی دەستی رۆتینن،  بەپێچەوانەی كارەكەی ئێمەوە نە هەموو رۆژێک دەواممان هەیە و نە هەموو كات بە رۆژە. وەك دەزانن گەشتەكان رۆژ و شەو یان بەرەبەیانی تێدەكەوێت، یان هەندێکجار كارەكەمان دوو رۆژ دەخایەنێ و هەندێک هەفتەش سی رۆژ ئۆفین، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەر جارەی دەچینە وڵاتێك و هەموو گەشتی میوانەكانمان جیاوازن.

* پیشەكەت چی پێبەخشیویت و چی لێسەندویتەتەوە؟ 
- لەوەوە دەستپێدەكەم كە ئازادی كەسی لێسەندوومەتەوە، زۆركات بە خەیاڵتدا دێت جانتا كۆبكەیتەوە و بچیت بۆ كوردستان یان هەر وڵاتێكی تر، بەڵام ناتوانی ئێمە لەگەڵ كۆمپانیا گرێبەستی ئەوەمان هەیە بێجگە لەوەی ئەو رۆژەی لە كارین، دەبێت كاتی تریش شوێنی نیشتەجێی خۆمان جێنەهێڵین لەبەرحاڵەتی كتوپڕ، چونكە ئەم كارە كارمەندی كەمە و هەموو كەس ئەم كارە ناكات، هەروەها ئەوكاتەی گەشتەكە دەكەوێتە دوای نیوەشەو منداڵی بچووكم هەیە و دەكرێ خەبەری بێتەوە دایكی لای نییە، ئەمانە و زۆر شتیتر.
سەبارەت بەوەی چی پێبەخشیوم، هەروەك وتم كارەكەم جیاوازە، لەم كارەدا بینینی وڵاتی جیاواز و بەركەوتنمان لەگەڵ خەڵكی جیاواز لە نەتەوەی جیاواز هەیە، هەروەها شارەزای كەلتورە جیاوازەكانی دنیا دەبین، هاوكات ئەم كارە تەواو هانت دەدات فێری زمانە جیاوازەكان بیت، ئەمە جگەلەوەی مەرجە بەپێی جۆری وڵاتەكە ئینگلیزی یان عەرەبی، زمانێكی تریش بزانی. هەروەها دەكرێت ئەم كارە زۆركات هانت بدات  گەر خۆت دانیشتووی وڵاتێكی ئەوروپی نەبی، بیر لە وەرگرتنی ڤیزا بكەیتەوە تا گەشت بەدنیادا بكەی، چونكە لەم كارەدا گەر خۆت دانیشتووی وڵاتێكی ئەوروپی نەبیت دەبێت هەر لە پەنجەرەی فڕۆكەوە سەیری دنیا بكەیت. ئەمەش هەڵبەت ئازاربەخشە، بەپێچەوانەی پیشەی مامۆستاوە كە كارەكەی لە چواچێوەیەكدایە و بیركردنەوەی بۆ دنیابینین بەو قووڵییە نییە، هەرچەندە لێرەوە دەستخۆشی لە كاری پیرۆزی مامۆستا دەكەم.

* خاڵە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەكانی ئەم پیشەیە چییە؟  
- خاڵی پۆزەتیڤ ئەوەیە كارەكەم وەك ئاماژەم پێدا هەموو رۆژێک نییە، لەویش گرنگتر حەزدەكەم باسی بكەم یونیفۆرمی جلوبەرگە، مەبەستم یەكپۆشییە، هەرچەند مەیكەپی سوور مەرجی كارەكەمانە، هەروەك ئەوەی راگەیاندنكار دەبێت رێكپۆش بێت و مەیكەپ بكات، حەزدەكەم لێرەوە لەسەر جلوبەرگی خانمانی كورد بدوێم لەكاتی ئیشدا، هەڵبەت لەبەرئەوەی جلوبەرگی فەرمانگە و قوتابخانە یەكپۆش نییە و خانمانیش بۆ خۆگۆڕین كاتی زۆریان پێویستە، ئەمە لای من دیاردەیەكی نەشازە و خاڵێكی نەگەتیڤە، چونكە كاتێک خانمێك دەچێتە سەركار، بەیانییە و جلێكی بێزاركەر و مەیكەپێكی زۆر و پێڵاوی بەرزی لەپێدایە لێرەوە داوا لە  حكومەتی هەرێم دەكەم بڕیاری یەكپۆشی بكاتە مەرج لە شوێنە رەسمییەكاندا.
سەبارەت بەخاڵی نێگەتیڤ كاری میواندار هەر وەك ئاماژەم پێدا، نابێت شوێنی نیشتەجێبوونمان جێبهێڵین بەو هۆیەی ئەگەری هەیە وەك یەدەك لە هەر چركەیەكدابێت پەیوەندیت پێوە بكەن لەكاتی وەرگرتنی مۆڵەتی كتوپڕی وەك وەفاتی كەسی پلەیەكی میواندار، چونكە لەنێو فڕۆكەدا ژمارەی گەشتیار دابەشدەكرێت بەسەر میوانداردا و هەر میواندارە ئەركی خزمەتكردن و سەلامەتی(50) گەشتیاری لە ئەستۆدایە.
* كۆمپانیای كوردی و كۆمپانیای جیهانی بۆ هەمان كار جیاوازییان چییە؟
- كۆمپانیای جیهانی بە چەند فڕۆكەیەك دەستپێدەكەن، بەڵام كۆمپانیای كوردی بە یەك یان دوو فڕۆكە دەستپێدەكەن، هەروەها كاتێک دەتەوێ بەسەر ئاسمانی وڵاتێكدا بفڕی بەدڵنیاییەوە پێویستت بە رێكارە یاساییەكانی مۆڵەت وەرگرتنە، زۆرجار كۆمپانیای عیراقی یان كوردی ئەم مۆڵەتەیان پێنادرێ، ئەمەش وادەكات گەشتی فڕۆكەی كۆمپانیای كوردی و عیراقی سنوورداربێت و لە چەند وڵاتێک تێنەپەڕێ، بەڵام كۆمپانیا جیهانییەكان ئاسمانی زۆربەی وڵاتان لەبەردەمیاندا كراوەیە، بۆیە دەبینین لە فڕۆكەخانەكانیان، دەیان فڕۆكە دەنیشنەوە و دەیانی تریش دەفڕن، هەروەها لە كۆمپانیای ئەوروپیدا میواندار دڵنیایی كۆمەڵایەتی لەڕووی خانەنشینی و سەلامەتی گیانی هەیە، مەبەستم لە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە و گیانلەدەستدانی میواندارە، دیسانەوە نەخۆشی قورس و هەموو ئەمانە دڵنیایی هەیە، بەڵام كۆمپانیای كوردی ئەهلین و حكومەت ئەو مەرجانەی بەسەردا نەسەپاندوون.

* ئەگەر دانیشتووی ئەڵمانیا نەبوویتایە، ئەم پیشەیە بۆتۆ ئازاربەخش دەبوو؟
- لەبەرئەوەی هاووڵاتی ئەڵمانیم، بە ئاسانی دەتوانم لە فڕۆكەخانە بچمە دەرێ، بەڵام هاوكارەكانم واتە كوردەكان هەم كێشەی ڤیزایان هەیە و هەندێک جاریش كێشەی پارە، ئەمەش دیسان جیاوازییەكی ترە هەموو میواندارێك ئەگەر ڤیزاشی نەبێت بەڵگەنامەیەكی هەیە بۆی هەیە 24 سەعات لەو وڵاتە دابەزێ، بەڵام میوانداری كورد ئەویشی نییە. 
* دایكایەتی و میواندار چۆن لە یەك كەسایەتیدا رێكدەخەیت؟
- دوو كاری زۆر قورسن پێكەوە دایكایەتی ماندووبوونێكی گەورەیە ئەگەر دایك بەخشندە نەبوایە نەیدەتوانی بێ بەرامبەر بەخێوكەر و مامۆستا و پاسەوانی منداڵەكانی بێت، ئەمە هەمووی پەیوەندی بە گەورەیی دایكەوە هەیە، هەروەها دایكایەتی كاتەكەی دیاریكراونییە، هەروەك میوانداریش هەمان شێوەیە و كات و ساتی بۆ نییە، گەشت هەیە (24) سەعات دەخایەنێ هەرچەندە یاسای وڵاتان بە جۆرێكە لە دوای (16) سەعات فڕین مەرجە فڕۆكە بنیشێتەوە تا سەرجەم سەرنشینەكان و دەستەی فڕۆكەوانی (8) سەعات پشوو بدەن، بۆیە ئێمەی میواندار كاتێک منداڵمان جێدەهێڵین دەبێ دڵنیایی تەواومان هەبێت، چونكە رۆیشتن بەدەست خۆمانە، بەڵام هاتنەوە نەخێر، ئێمە لە ئاسمانداین و ئەگەری هەموو پێشهاتێك هەیە و هیچ جۆرە هێڵێكی پەیوەندیمان نامێنێت. بۆیە لێرەوە دەمەوێ باس لەوە بكەم سەرجەم كۆمپانیاكانی ئەم بوارە یەكێک لە مەرجەكانیان ئەوەیە دەبێت میواندار شووی نەكردبێت، یان لانیكەم منداڵی نەبێت یان ئەگەر شووی كردبێت كاتی گرێبەست پڕكردنەوە لانیكەم مەرجە بۆ دوو ساڵ منداڵ دروست نەكات. هەرچەندە لە كوردستان ئەم مەرجە لابراوە، خانمانی خێزاندار دەتوانن كاری میواندار  بكەن، بەو هۆیەی خێزانەكان ژمارەیەكی زۆر كەمیان ئامادەن كچەكانیان كارێک بكەن شەو مانەوەی تێدابێت، بۆیە زیاتر ئەوانە ئەو كارە دەكەن كە خێزاندارن.

* هاوكارەكانت كچی كوردن؟ كەواتە تاچەند خێزانی كورد ئەم پیشەیە لەلایان قبوڵكراوە؟
- سەرەتا كە دەستم بەم كارە كرد، زۆر نامۆ بوو بە كۆمەڵگەی كوردی بەچاوێكی ناشیرین لە ئێمەیان دەڕوانی، بەڵام ئێستا خەڵك تاڕادەیەكی زۆر وشیارییان لەسەر كارەكەمان پەیداكردووە، ئەمەش دووبارە پەیوەندی بەوەوە هەیە كۆمەڵگەی كوردی لە بواری گەشتكردندا هەژارە، بەڵام ئێستا هاوكارە كوردەكانم هەندێكیان كچن و هەندێكیشیان خێزاندارن و هاوسەرەكانیشیان زۆر هاوكاریانن لەگەڵ ئەوەی گەشتی فڕۆكە شەو و رۆژی بۆ نییە و هەمووكات لای ئێمە كاتی كاركردنە.

* گەشتیاری كورد هەستیان چییە كاتێك میواندار بە كوردی لەگەڵیان دەدوێت؟

- كاتێک بە كوردی بەخێرهاتنی گەشتیارە كوردەكان دەكەین تەواو دڵخۆش دەبن و دەگەشێنەوە، دەڵێن ئای چەند مایەی دڵخۆشییە بەزمانی كوردی بەخێرهاتن دەكرێین، جگە لەمەش بەڵێ لە رابردوودا هەندێک لە گەشتیارانی كورد كێشەی قسەكردنیان لەگەڵ میواندار هەبووە، بەوپێیەی میواندار عەرەب بووە یان تورك یان لە نەتەوەیەكیتر بووە، دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوەش بكەم بە كوردی قسەكردن بۆ ئێمەش لایەنی ئەرێنی هەیە و زۆرجار هەر ناڕەحەتییەك لە فڕۆكەخانە یان لە گەشتەكەدا بەسەریان دێت بە ئێمەی دەڕێژن، چونكە دەزانن لێیان تێدەگەین، لەگەڵ ئەوەی ئەو هەڵە تەكنیكییانە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.

 

میواندار ژوان عەبدولكەریم لەگەڵ هاوکارەکانی لە گەشتێکدا

بابەتە پەیوەندیدارەکان