"گومان" بەسەر رووداوەکەی بەرپرسی پاراستندا زاڵە

01:05 - 2023-07-29
کوردستان
582 جار خوێندراوەتەوە

روداوی گڕ‌گرتنی ئۆتۆمبیلەکەی و مردنی محه‌مه‌د میزا سندی به‌رپرسی پێشووی (پاراستنی زاخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان) به‌ته‌مومژاویی ماوه‌ته‌وه‌. گومانه‌كان له‌سه‌ر گیانلەدەستدانی تۆختر ده‌بێته‌وه‌ و تائێستاش هیچ زانیارییه‌كی ره‌سمی له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ ئاشكرا نه‌كراوە و پسپۆڕێکی یاسایی ئەمنیش دەڵێت: "بەهۆی تەکنەلۆژیاوە دەتوانرێت بە ئاسانترین رێگا و کەمترین کات هۆکاری رووداوە ئاشکرا بکرێت"، ئەمە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە دوو رۆژ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕیوە‌.

محه‌مه‌د میرزا سه‌عات 8:30 ده‌قیقه‌ی شه‌وی 23-7-2023 له‌ رووداوێكی گوماناویدا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی گڕ‌یگرت و گیانی له‌ده‌ستدا. به‌ وته‌ی شایه‌تحاڵانی رووداوه‌كه‌ش به‌ر له‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی ناوبراو گڕ‌بگرێت ده‌نگی ته‌قه‌ و ته‌قینه‌وه‌ بیستراوه‌، بۆیه‌ گومان ده‌كرێت ناوبراو كوژرابێت به‌و پێیه‌ی پێشتر له بواری هه‌وڵگری پاراستنی پارتیدا كاری كردووه‌ و راگه‌یه‌نراوی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تیش ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ (ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی زاخۆ كرده‌وه‌یه‌كی گوماناوییه‌).

هه‌ر ئه‌وه‌ شه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ رووی دا، ته‌رمی محه‌مه‌د میرزا به‌خاكسپێدرا ئه‌وه‌ش گومانه‌كه‌ تۆخده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ میدیاكانی پارتی و نزیك له‌ پارتی خۆیان له‌ روماڵكردنی وردی رووداوه‌كه‌ بوارد و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌وه‌یان نه‌كرد كه‌ ناوبراو پێشتر به‌رپرسی پاراستنی پارتی بووه‌ له‌ زاخۆ، ته‌نها وه‌ك هاووڵاتی و شۆفێر ناساندویانه‌.

به‌ وته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی، محه‌مه‌د میرزا هیچ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌سدا نه‌بووه‌، بۆیه‌ داواده‌كه‌ن "راستی رووداوه‌كه‌ ئاشكرا بكرێت و نه‌شاردرێته‌وه‌و به‌ لاڕ‌ێدا نه‌برێت".

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا پۆلیسی زاخۆش له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: "لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ به‌دواداچوونی رووداوه‌كه‌ پێكهێنراوه‌".

محه‌مه‌د میرزا ته‌مه‌نی 66 ساڵ بووه‌ و نزیكه‌ی 40 ساڵ له‌ بواری ئه‌منی و پاراستنی پارتی كاری كردووه‌، دوا پۆستی به‌رپرسی پاراستنی پارتی بووه‌ له‌زاخۆ، به‌ڵام پێش شه‌ش ساڵ دوورخراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌غدا.

له‌ رابردوودا چه‌ندین رووداوی هاوشێوه‌ی گوماناوی كه‌سایه‌تی ئه‌منی و هه‌واڵگری پارتی هه‌بوون و لیژنه‌یان بۆ پێكهێنراو ئه‌نجامه‌كانیان وه‌ك پێویست نه‌بووه، نوێترین رووداویشیان گیانلەدەستدانی گوماناوی ئه‌م به‌رپرسه‌ی پێشووی پاراستنی پارتییه‌ له‌ زاخۆ كه‌ شاردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ ئه‌منییه‌كی و به‌خاكسپاردنی له‌نیوه‌ شه‌ودا هێنده‌ی تر گومانه‌كانی تۆخكردوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌ میدیایه‌كان كه‌ پشتی به‌ وته‌ی شایه‌تحاڵی شوێنی رووداوه‌كه‌ و وته‌ی كه‌سوكاری بەستووە، پێش رووداوه‌كه‌ ده‌نگی ته‌قه‌ و ته‌قینه‌وه‌ بیستراوه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت پێدەچێت به‌ بۆمبی موگانتیسی ئۆتۆمبێله‌كه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر چه‌نده‌ چه‌ندین كامێرای چاودێری له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ن، به‌ڵام هیچ شتێك لەبارەی راستییەکانەوە ئاشكرا نه‌كراون.

پسپۆڕ‌ێكی یاسایی ئه‌منی-یش كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت و ناوی لای PUKMEDIA پارێزراوه‌ ده‌ڵێت: "بۆ سه‌لماندنی راستی رووداوه‌كه‌ ده‌توانرێت پشت به‌ توێكاری ته‌رمه‌كه‌ ببه‌سترێت و هه‌روه‌ها كامێرا چاودێرییه‌كانی ناوچه‌ی رووداوه‌كه‌ سوودیان لێوه‌ربگیرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی زاخۆ بیانه‌وێت ده‌توانن به‌كه‌متر له‌ 24 سه‌عات ئه‌و زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌ست، چونكه‌ ئێستا ته‌كنه‌لۆژیا هێنده‌ پێشكه‌وتووه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌درۆنیش كرابێته‌ ئامانج ده‌زانرێت درۆنه‌كه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌ ".

وتیشی، "دواخستن و ئاشكرا نه‌كردن و بردنی هاردی كامێراكانی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ گرنگه‌، بۆیه‌ به‌بۆچوونی من ئه‌گه‌ر ئه‌و رووداوه‌ بابه‌تێكی له‌پشته‌وه‌ نه‌بێت ئه‌وا زوو راستییه‌كان ئاشكرا ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیەتی سیناریۆ و به‌لاڕ‌ێدا بردن هه‌بێت بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌وا بابه‌تێكی دیكه‌یه‌".

PUKMEDIA

#پارتی دیموکراتی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان