مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆدەبنەوە و بڕیارە سبەی وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی یەکێتی بکات و لە دەباشان کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەن کە تەوەری سەرەکی پرسی هەڵبژاردنە لە هەرێم و عیراق.
د. سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "سبەی یەکشەممە 2023/7/30 هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە دەباشان لەسەر چەند پرسێکی گرنگ کە درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی رابردووە، کۆدەبنەوە".
وتیشی، "پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عیراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق و چەند پرسێکی دیکە تەوەری کۆبوونەوەکەی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی دەبێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتریش چەند جارێکی دیکە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی کۆبوونەتەوە و کە دواکۆبوونەوەیان رۆژی 9-7-2023 بوو لە پیرمام، پێش کۆبوونەوەکەی پیرمامیش هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی رۆژی 25-6-2023، لە هەولێر کۆبوونەوە.
PUKMEDIA