کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو.
دوای تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و عیراق و کوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئکیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردەوە و تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان لەپێناوی بژێوی هاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە ئاڕاستەی زیاتر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێکەوتین:
1: هەردوولا پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
2: بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بنرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.
3:بڕیارماندا پڕۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
4: هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێکەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.
5: لەپێناوی زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.